پێشمەرگە گرووپێکی تایبەتی داعشی کوشتن کە دەستیان لە ڕفاندنی کچانی ئێزدیدا هەبوو

شنگال-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) رایگەیاند کە، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە گرووپێکی تایبەتی داعشی لە گوندی حەماشی کوشتوون کە، پێشووتر ئەو گرووپە دەستیان لە ڕفاندانی کچانی ئێزدیدا هەبووە. ماڵپەڕیکی بیناییش جەخت دەکاتەوە کە ئەمڕۆ پێشمەرگە، لە حەماشی 20 تیرۆریستی کوشتوون.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ لە گوندی حەماشی سەر بە قەزای شنگال گرووپێکی تایبەت لە تیرۆریستی داعش کە پێشووتر دەستیان هەبووە لە رفاندنی ژمارەیەک لە کچانی کوردانی ئێزدی، هێرشیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگە هێنا، بەڵام هێزی پێشمەرگەی قارەمان بوێرانە بەرپەرچیان دانەوە و، گرووپە تیرۆریستییەکەی داعشی کوشتن.
هاوکات بە گوێرەی زانیاریی ماڵپەڕی WorldBulletin کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، پێشمەرگە 20 تیرۆریستی داعشی لە باکووری رۆژئاوای شنگال لە گوندی حەماشی کوشتوون و، شکستی بە هێرشێکی تیرۆریستانی داعش برد.
هەر دەربارەی شنگال (قاسم شەشۆ) ڕایگەیاند، ھێزی پێشمەرگە پێشڕەویی باشی کردووە و داعش ناتوانێ خۆی لەبەر ھێزی پێشمەرگە بگرێت و زیانی زۆریان پێگەیشتوون.
زیاتر گوتی، پێویستە تەواوی ناوچەکە لە داعش پاکبکرێتەوە و خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جێی ئاماژەیە، تا ئێستا هێزی پێشمەرگە توانیویەتی 3 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی کوردستان لە ناوچەی زوممار و شنگال، لە تیرۆریستانی داعش پاک بکاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




