قاسم سمێڵ: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دەستدرێژی بۆ سەر خێزانی عەرەبەکانی لەگەڵ داعش قەدەغەیە.. نیوەی زیاتری شنگال بە دەست پێشمەرگەوەیە

شنگال-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم سمێڵ) رایگەیاند، فەرمانێکی (سەرۆک بارزانی)ـیان پێگەیشتووە کە، نابێ بە هیچ شێوەیەک دەسترێژی بکرێتە سەر خێزانی ئەو عەرەبانەی کە لەگەڵ داعش بوون و، لە ئێستادا لە ناوچە ئازادکراوەکاندا ماونەتەوە. جەختیشی کردەوە کە، لە ئێستادا زیاتر لە نیوەی شنگال بەدەستی هێزی پێشمەرگەوەیە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم سمێڵ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لەنێو قەزای شنگال شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش بەردەوامە و، ھێزی پێشمەرگەش لە پێشڕەوەیی بەردەوامدایە، لەئێستایشدا زیاتر لە نیوەی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئازاد کراوەتەوە.
(قاسم سمێڵ) گوتیشی، لە ئێستادا تەنیا قەنناسبەدەستەکانی داعش لە شنگال ماون. ئەو گوتیشی، لە شنگال تیرۆریستانی داعش کە لەسەردەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کوژراون لە ژمار نایەن.
(سمێڵ) ئاماژەیشی کرد کە، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانیش بەردەوام مۆڵگەکانی داعش بۆردوومان دەکەن و لە ماوەیەکی نزیکدا تێکڕای شنگال ئازاد دەکرێت.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم سمێڵ) راشیگەیاند، "فەرمانێکی (سەرۆک بارزانی)ـمان پێگەیشتووە کە، نابێ بەهیچ شێوەیەک دەسترێژیی نامووسی بکرێتە سەر خێزانی ئەو عەرەبانەی کە لەگەڵ داعش بوون و، لە ئێستادا لە ناوچە ئازادکراوەکاندا ماون، ئەگەرچی هەندێ عەرەب دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچانی ئێزدی، بەڵام ئێمە پابەند دەبین بە رێنمایی و فەرمانی (سەرۆک بارزانی)ـیەوە."
بڵند ئیبراھیم




