ئۆجەلان: بایک و دەمیرتاش دەستی داگیرکەرانیان لە پشتە.. پەكەكە و شوێنکەوتووانیان ئەو شكستەی لە باكوور بردیان، لە باشووری كوردستانیش دووبارەی دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری سەربەخۆی باکووری کوردستان (عوسمان ئۆجەلان) رایگەیاند، ساڵی 2015 بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) ساڵی درووستبوونی دەوڵەتی کوردییە و، پێویستە (جەمیل بایک) و بەرپرسانی پەکەکە ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن و بێنە ژێر سایەی (سەرۆک بارزانی)ـیەوە. جەختیشی کردەوە، لێدوانی ئەو بەرپرسانەی پەکەکە کە پێچەوانەی خواستی کوردستانیانە، دەستی داگیرکەرانیان لە پشتەوەیە.
دوای ئەوەی هاوسەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستان (جەمیل بایک) ڕایگەیاند، ئەوان دەخوازن عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و دابەشی سەر سوننە، کورد و شیعە نەکرێت و ڕاستەوخۆ سیاسەتی حزبەکەی بۆ پاڵپشتی عێراقی یەکگرتوو خستە ڕوو، هاوکات هاوسەرۆکی پارتیی دیموکراتی گەلانیش (دەمیرتاش) ڕایگەیاند کە، ئەوان لەگەڵ مانەوەی شنگالن لە چوارچێوەی عێراقدا و ناخوازن شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، کە وەک زۆرێک وەڵامیان بۆیان هەبووە، باوەڕیان وایە کە مەبەستی ئەو دوو بەرپرسە دژایەتیکردنی دروستبوونی دەوڵەتی نیشتیمانیی کوردستانی بوو؛ سیاسەتدمەداری سەربەخۆیش (عوسمان ئۆجەلان) تایبەت بە ماڵپەڕی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە، "ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەت بە داگیرکەرانی کوردستان دەکات و، نەدەبوو ئەو دوو سەرکردەیە وەها لێدوان بدەن، چونکە ئەمە کارێکی باش نییە و دروست نییە."
ئەندامی پێشووی جڤاكی سەركردایەتیی پەكەكە (عوسمان ئۆجەلان) بۆ ماڵپەڕی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە، "پەكەكە جاران دەیگوت دەبێت هەر چوار پارچەكەی كوردستان ئازاد بكرێن، پلانێكیان هەبوو كە لە هەر چوار بەشی كوردستان سیاسەت بكەن و دەیانگوت كوردستانێكی سەربەخۆ و یەكگرتوو و دیموكراتمان دەوێت، بەڵام ئەو كاتەی (ئۆجەلان) زیندانی كرا دەستیان لەو دروشمە بەر دا و، دواتر بیریان لە بیرۆكەی دەستوەردان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كردەوە، ئەوان دەیانەوێت هەژموونیان لە پارچەكانی دیكە پەرە پێ بدەن، ئێستایش كە خۆیان ناتوانن ئەوە بكەن، دێن لە ڕێگای لایەنی دیکەیشەوە نموونەی پارتییەکەی (دەمیرتاش)ـەوە سیاسەتی خۆیان دەسەپێنن."
(ئۆجەلان) هاوکات ڕۆشنایی خستە سەر بلۆکی سۆشیالیزم و ئیسلامییەکان کە هەمیشە لەژێر سێبەری ئەو دوو ڕەوتەدا رێگری لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کراوە و، ئەو بەرپرسانەی کە لە نێو پەکەکە و هەدەپەیش دەڵێن دەوڵەتی کوردی نابێ بێتە بوون، ئەوا دەستی ئەو دوو بلۆکانەیان لە پشتە؛ مەبەستی (عوسمان ئۆجەلان) دەوڵەتانی هەرێمیین؛ رایشیگەیاند کە، "ئەوان خەونی داگیرکەرانی کورد دەهێننە دی. من ڕەتیان دەدەمەوە و دەڵێم، بە پلان و دەستی داگیرکەرانی کوردستان ئەو قسانە دەکەن، ئەو داگیرکەرانەتان لەپشتە کە لە هەردەم دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بوون."
(ئۆجەلان) جەخت دەکاتەوە کە، دوو باڵ لەناو پەكەكەدا ئەو حزبەیان پاش خستووە و دەیانەوێت سیاسەتی تاكڕۆیی خۆیان، بەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستاندا بسەپێنن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە پەكەكە و شوێنکەوتووانیان دەخوازن ئەو شكستەی لە باكوور بردیان، لە باشووری كوردستانیش دووبارەی بكەنەوە. هاوکات ئامۆژگارییان دەکات کە هەڵوێستیان لەبارەی شنگال و بە یەکگرتوویی هێشتنەوەی عێراق ئاکامی باشی نابێ.
(ئۆجەلان) باوەڕی وایە، "ئێستا پەكەكە نەك بە دروشم، بەڵكە لە ئەرزی واقیعدا دەستی لە سەربەخۆبوون و یەكگرتنی كوردستان بەر داوە و سیاسەتی باڵ پێڕۆ دەكات"، زیاتر ڕوونی کردەوە، "لە ڕۆژهەڵات پژاكی دروست كردووە، لە ڕۆژئاوا پەیەدە و لە باشووریش پەچەدەكە، هەروەها بۆیە دەبێت پەكەكە لە ڕێگەی هێزی دیكەوە نەچێتە ناو بەشەكانی دیكەی كوردستانەوە، چونكە ئەو سیاسەتە هەڵەیە و ئەوەتا لە باشووری كوردستان ڕێگری دروست دەكات و دووبەرەکی دەنێتەوە."
ئاماژەیشی دا، "ئەگەرچی یەکێکی وەک (جەمیل بایک) لە نێو ریزی پەکەکەدا ماندووبوونی سیاسیی بینیوە، بەڵام کە دەڵێ نابێ دەوڵەتی کوردی دروست ببێت، ئەوا دژی نەتەوەی کوردە؛ هەمیشە (بایک) بە زمانی هەڕەشە قسە دەکات و ئەوەش خراپە."
(عوسمان ئەجەلان) هۆشداری دەداتە (بایک) و بەرپرسانی پەکەکە کە پێویستە لەوە تێبگەن و قبووڵی بکەن، کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی تەنیا لەژێر سایەی (سەرۆک مەسعوود بارزانی) دێتە بوون، چونکە کاری جیددی بۆ کردووە؛ دەشڵێت، پێویستە (جەمیل بایک) و بەرپرسانی پەکەکە ئەو راستییە بزانن، بۆیە پێویستە پەکەکە ئەوەی قبووڵ بێت و واز لەو جۆرە لێدوانانە بهێنێت و بێنە ژێر سایەی (سەرۆک بارزانی)ـیەوە.
(عوسمان ئۆجەلان)ـی سیاسەتوان، هەروەها دەڵێ، "پەكەكە و (ھەدەپە) دەیانەوێت لە شنگال مەرامی خۆیان بە دی بهێنن، كارێكی نادروستە، چونكە دەبێت هەر هێزێك لە بەشی خۆی خەبات بكات و بەشەكانی دیكە پشگیری لێ بكەن، نەك لە بەردەم خەباتی بەشەكانی دیكەدا ببێتە ڕێگر و بەر با ئازادی و خواستی هاووڵاتیانی ناوچەکە بگرن."
جەختیشی کردەوە کە، (جەمیل بایك) هەڵوێستی نەتەوەیی لاوازە، بۆیە ئەو سیاسەتەی (بایك) زیان لە بزاڤی نەتەوەیی كورد دەدات.
(ئۆجەلان) دەمێکە گوتوویەتی کە داوایان لە (بایك) كردووە كە دژایەتیی ئازادیی نەتەوەیی كورد نەكات، پێشمەرگە مێژووی بەرخودان و ئازادیەتیی هەیە و خزمەتی زۆری كردووە، هەروەها 182 هەزار خانەوادەی شەهید هەبووە، ئێستایش داعش هێرشی كردووەتە سەر كوردستان، پێشمەرگە لە هەوڵی لەناوبردنیاندایە، بۆیە كاری پێشمەرگە، كارێكی پیرۆزە، ئیتر بۆ هێرش دەكرێتە سەریان؟ بۆ دژایەتیی حکوومەتی هەرێم دەكەن؟"
(عوسمان ئۆجەلان) ئاماژەیشی دا، "پەكەكە و هەدەپە ناتوانن بەرپرسیارەتیی خەڵكی شنگال هەڵبگرن؛ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییە سیایسییەکەی دەستی لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستاندا هەبووە، بۆیە دەبێت پەكەكە ئەوەی لەبەر چاو بێت و كارێک نەکات بەرانبەرەکەی قەڵس بکات و بیوروژێنێت."
هەروەها گوتی، کۆی سەرکردەکانی کورد لە باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) هەوڵ دەدەن بۆ بەدیهینانی دەوڵەتی کوردی و، 2015ـیش بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ساڵی دەوڵەتی کوردییە.
شاوی کوردی




