٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

والیی مووسڵ کوژرا.. داعش 45چەکداری خۆی گولـلەباران کردن کە لە ترسی ھێرشەکانی پێشمەرگە ھەڵاتوون

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  والیی مووسڵ و سەرکردەیەکی باڵا و 31چەکداری داعش کوژران و ھەر ئەمڕۆیش ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە 45چەکداری خۆی گولـلەباران کردوون کە لە شنگال و تەلەعفەر و عیازییە لە بەرەکانی شەڕ لە ترسی ھێرشەکانی ھێزی پێشمەرگە ھەڵاتوون.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، چوار ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان ئۆتۆمبێلی والیی مووسڵیان بە ناوی(حەسەن سعوود خەلیل جبووری) کە ناسراوە بە(ئەبو تاڵوت) کردە ئامانج، لە ئاکامدا ناوبراو بە سەختی بریندار بوو لە ناوچەی کەسک لە گەڕەکی تەیەران چارەسەری بۆ دەکرا، دوێنێ بە ھۆی سەختیی برینەکەیەوە کوژرا.

(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، لە ئەنجامی بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعش لە مووسڵ 31چەکداری داعش کوژران و تەرمەکانیان گەیشتووەتەوە پزیشکی دادوەریی مووسڵ کە ھەشت لە تەرمەکان ئەو ئافرەتانەن بۆ داعش کاریان دەکرد و بە رەگەز بیانی بوون.

هەر دەربارەی دۆخی مووسڵ (ڕەجەب) گوتی، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ لە بەرامبەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لەسەر ڕێی بادۆش، ھێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلی سەرکردەیەکی داعش بە ناوی (ئەمیر عەبدولمەلیک ئیبراھیم)ـی ناسراو بە (جلوود)، لە ئاکامدا کوژرا؛ گوتیشی ئەو سەرکردەیە بەرپرس بووە لە ھێنانی گەنجان بۆ رێزەکانی داعش و لە چەندین قوتابخانەوە قوتابیانی ھێنابوونە نێو داعشەوە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ روونی کردەوە، داعش 45چەکداری خۆی بە بەرچاوی خەڵک لەبابل تۆپ لە ناوەڕاستی مووسڵ گولـلەباران کردووە کە سەرکردەی باڵای تێدا بووە، ھۆکارەکەیشی ئەوەیە کە لە بەرەکانی شەڕ لە شنگال و تەلەعفەر و عیازییە کشاونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، داعش بە ھۆی ئەوەی دووچاری شکستی زۆر و رڕووخان بوونەتەوە، ورەیان ڕووخاوە، لە مووسڵ لە ڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە ھاوار دەکەن "جیھاد.. جیھاد" بەتایبەت لە ناوچەی فارووق ناوەڕاستی شاری مووسڵ.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار