٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی زانکۆ: دەستێکی دەرەکی لە پشتی پەکەکەوەیە.. لەو سیاسەتەیان پەشیمان دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایانی زانکۆ و چالاکوانان ڕایدەگەیەنن کە، ئەو سیاسەتەی پەکەکە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان پێڕۆی دەکات و، لە لێدوانی ژمارەیەک بەرپرسی ئەو حزبەدا ڕەنگی داوەتەوە، دەردەکەوێت کە دەستێکی دەرەکی لەپشتە، ئەگینا چۆن پەکەکە زاتی ئەوە دەکات سەبارەت بە شنگال و کەرکووک قسەی وا بکات و بڵێت، ئەو ناوچانەی بە درێژایی مێژووی شۆڕشەکانی باشووری کوردستان و  بە ئێستایشەوە سەدان و هەزاران قوربانیان بۆ دراوە، نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.


ڕەتکردنەوەی لێدوانەکەی (جەمیل بایک) و (دەمیرتاش) کە، داوایان کردووە کەرکووک و شنگال نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و، پشتگیری لە عێراقی یەکگرتوو دەکەن، لە ئاست مامۆستایانی زانکۆ و چالاکوانانی مەدەنی بەرفراوانتر بووە و، بە توندی ئەو هەوڵە رەت دەکەنەوە، تەنانەت پشتەوەی ئەو لێدوانە دەردەخەن کە دەستێکی دەرەکی هانیان داون کەوا بڵێن، بەڵام مامۆستایان و چالاکوانانی مەدەنی، دووپاتی دەکەنەوە کە، ئەو سیاسەتەی پەکەکە پێڕۆی دەکات پەشیمانی بەدوادا دێت. هەروا دەشڵێن، ئامانجی لێدوانەکان دەرکەوتوون کە، ئەجێندایەکی گەورەتر لە پەکەکە لە پشتیەوەیەتی کە دەستێکی دەرکییە و هانی پەکەکەی داوە.

مامۆستای زانكۆ (د. داوود سلێمان ئەتروشی) لە دهۆكەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەو سیاسەتەی كە پەكەكە وەک ڕیکخراوێکی سیاسیی ڕەچاوی دەکات بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە دۆزی رەوای گەلی كورد ناكات، چ لە ئیستا و چ بۆ پاشەڕۆژیش، بەڵکە خزمەتکردنە بە دوژمنی گەلی كورد، بەڵام سیاسەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەرفرەوانە و، بۆ خزمەتكردنی تەواوی کورد و گشت پێکهاتەکانی کوردستانە لە هەر چوار پارچەی كوردستان، نەک تەنیا بۆ باشووری کوردستان بێت، هەموو لایەكیش شایەتی ئەوەن کە سیاسەتەی پارتی  وای كردووە پێگەی هەرێمی كوردستان رووی دەوڵەتی پێوە دیار بێ و، وای لە پارچەكانی دیکەش كردووە كە بیر لە مافەكانی خۆیان بكەنەوە؛ پارتیی دیموكراتی كوردستان كار دەكات بۆ دەوڵەتی نیشتیمانیی كوردستان كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆ بگرێت، پارتی نەك تەنیا لە كوردستان خزمەت بە دۆزی كورد دەكات، بەڵکە دەبینین (سەرۆك بارزانی) بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەوڵی چارەکردنی دۆزی ڕەوای كوردی داوە لە گشت پارچەکانی دیکەی کوردستان.

(داوود ئەتروشی) دەشڵێت، "ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەك لە جێی خۆی نەبوو، لەو بڕوایەدام رۆژێك دێ پەشیمان دەبنەوە، چونكە ئەو سیاسەتەی ئەوان هەڵەیە و، هیوادارم پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن، چونكە سیاسەتی ئێستایان بۆ تێكدانی نێو ماڵی كوردە و، گەڕانەوەیە بۆ پاشەوە، بەڵام پارتیی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە پێشووەچوونە و داکۆکی لە گشت پێکهاتەکانیشی کردووە."

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەیشی دا: "پەكەكە دەبێت سوپاسی پارتی بکات لە باشوور كە هەمیشە هەوڵی چارەکردنی كێشەكانی كورد دەدات، لە باكوور سیاسەتی پارتی بە تایبەت سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) وای لە توركیا كردووە بە چاوێكی باش لە دۆزی كورد بڕوانرێ، لە ئێستادا تێناگەین بۆ لەپڕێک پەکەکە وایکرد؟! بەڵام وا دیارە دەستێكی دەرەكی لە پشت پەكەكەوەیە، یاخود دەترسن لەوەی پێگەی پارتی لە باكوور زۆر زیاتر و زیاتری لێ‌ بێت."
سەبارەت بەهەمان پرس چالاكوانی سیاسی و مەدەنی  (هیرش رەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "سیاسەتی پارتی و (بارزانی) وەك هەموو كوردێك دەیزانێت دروستبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانی کوردستانی و دیموکراتییە كە لە هەموو نەتەوە و ئایینەكان پێک بێت، (سەرۆک بارزانی) کە هەمیشە کاری کردووە بۆ لەنێوبردنی دوژمنانی كورد و، دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر کورد و کوردستانیان، کە جێگەی دەستخۆشیی هەموو لایەکە، کەچی بە پێچەوانە حزبێك كە خۆی بە حزبی كوردی ناساندووە، یەكریزی نێو ماڵێ كورد تێک دەدات."
گوتیشی، "بە گەڕانەوە بۆ مێژووی هەموو شکستەکانی کورد، لایەنیک هەبووە کاری بۆ تیکدانی یەکریزیی نێو ماڵی کورد کردووە، بەڵام لە ئێستادا کورد سەرۆک بارزانی هەیە، بۆیە هیچ لایەنیک ناتوانێ ستەم لە کورد بکات و نێو ماڵی کورد لێک‌بترازێنێ."

(هێرش رەشید) ئەوەشی خستە ڕوو کە، "ئەو كارەی پەكەكە دەیكات ناهەقیێکی گەورەیە لە بەرانبەر خاكی پیرۆزی كوردستان و شەهیدان و یەكڕیزیی ماڵی كورد، ئەو گوتارەی ئەوان گوتاری خۆیان نییە، بەڵکە لایەنێك هانیان دەدات و هیشتا لە عەقڵیەتێكی بەرتەنگ دەژین و، سیاسەتی هەواڵگریی دەوڵەتان پێڕۆ دەکەن، چاویان ئەوە نابینێ کە لە ئێستادا باشووری كوردستان ڕایەڵێکی هێناوەتە بوون كە، زلهێزانی دنیا پێیدا پێ دەنێنە سەر خاکەکە و بەهەندیان گرتووە‌؛ هاوکات سەرۆكی هەرێم (مەسعوود بارزانی) لە دەوڵەتانی جیهان وەك سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی لێ‌ دەكرێت؛ (سەرۆک بارزانی) بۆ مێژوو سەلماندوویەتی کە، چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەیی بوو کە بتوانرێ پێشمەرگە سنووری چەند وڵاتێک ببڕێ لەپێناو پاراستنی رۆژئاوای کوردستان."
هاوکات (ڕەشید) وەها باسی پەکەکەی کرد کە، "لە ئێستادا یەکڕیزیی نێوانیان تێک‌چووە و بەرەو پەرتەوازەیی دەچێ، ژمارەیەکیان پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن و ژمارەیەکیش دژ بە هەرێمی کوردستان سیاسەت دەکەن؛ ئەوانەی دژی هەرێمی کوردستانن بێگومان ئەوانەن کە دژی دیموکراسی و ئازادیی نەتەوەییی کوردن، بۆیە پێویستە گۆڕانکاری بەسەر هزر و بیرکردنەوەیاندا بێنن."

لای خۆیەوە مامۆستا لە کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی دهۆك (زێرەڤان مایی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان راگەیاند کە، "دیارە هەموو پارتێكی سیاسیی كوردی بۆ خزمەتكردنی كوردستان كار دەكات، بەڵام گرینگە كاتێك كارێك دەكەن دژی میللەتی كورد و پاشەڕۆژی میللەتی كوردی نەبێت، شنگال ناوچەیەكی كوردستانییە، بەڵام ئەگەر كەسێك یان لایەنێك بڵێت كوردستانی نییە وا دیارە ئامانج و مەرامێكی لە پشتە، پەکەکە ئەگەر بیەوێ کانتۆنێک لە شنگال دروست بکرێت، ئەوا بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبیەتی نەک بۆ بەرژەوەندیی گشتیی کورد."

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار