هێمن هەورامی: لێدوانی بایک و دەمیرتاش ئەجێندایەکە لە پەکەکە گەورەترن.. شنگال پارچەیەکی ئەزیزی باشووری کوردستانە

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) لە وەڵامی لێدوانەکانی (جەمیل بایک) و (دەمیرتاس)ـدا رایگەیاند، ئەو لێدوانانە ئەجێندایەکە لە پەکەکە گەورەترە و لە ئاستی هەرێمایەتییە و بەرنامەڕێژی بۆ کراوە. جەختیشی کردەوە، کە ئەوانە بە سەرکەوتنی پێشمەرگە قەڵس بوون، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کە شنگال پارچەیەکی ئەزیزی باشووری کوردستانە و هەروایش دەمێنێتەوە.
لە بەرنامەیەکی تایبەتی زاگرۆس تی ڤیدا کە ئەمشەو بڵاو بووەوە، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان، (هێمن هەورامی) دەرەبارەی لێدوانی (دەمیرتاش) و (جەمیل بایک) رایگەیاند کە، "لێدوانی (جەمیل بایک) کە داوای عێراقی یەکگرتوو و کانتۆنی کەرکووکی کردووە، هەروا لێدانەکەی (دەمیرتاش) کە داوای کردووە شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن کە ئەمە ئەجێندایەکە لە پەکەکە گەورەترە و لە ئاست هەریمایەتییەوەیە و بەرنامە بۆ داڕێراوە. ئەو جۆرە لێدوانانە لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ئەمانە چاویان بە سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە هەڵنایەت کە، لە رابردوودا سەرکەوتنی گەورەیان لە شنگال تۆمار کرد، هەروا لێدوانی وا کە باسی خۆسەری بۆ شنگال و کەرکووک دەکات، بەرنامە داڕێژراوە و، بە سەرکەوتنەکانی (سەرۆک بارزانی) کە لە رووی ئاستی سەربازی و هەریمایەتی و جیهانی بۆ کوردی بەدەستهێناون، بایک و دەمیرتاشی قەڵس کردوون".
سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شنگال و زوممار گشت جیهانی هێنایە سەر هێڵ و، رۆژانە لەلایەن گەورەترین وڵاتانی جیهانەوە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبای لە (سەرۆک بارزانی) پێشمەرگە کراوە، لەو سۆنگەوە (هەورامی) ڕۆشنیایی خستە سەر، سەرکەوتنەکانی ئەو دواییەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، رایگەیاند کە، "پێشمەرگە بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) توانی 3 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە شنگال و زوممار ئازاد بکاتەوە و، بگەنە سەرچیای شنگال و لەوێ موژدەی سەرکەوتن رابگەیەنن، ئەم سەرکەوتنانە (دەمیرتاش) و (جەمیل بایکی) قەڵس کردووە."
گوتیشی "(دەمیرتاش) و (جەمیل بایک) کە تۆمەتبارمان دەکەن بە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێمی کوردستان کە فاشیست بێت و گوایە مافی کریستیان و کوردانی ئیزدی نادەن، بۆیە داوای خۆسەری بۆ کەرکووک و شنگال و ناوچەکانی دیکە دەکەن لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەم جۆرە قسانە لە راستییەوە دوورن، دەیانەوێ کورد لە هەریمی کوردستان پەرتەوازە بکەن، بەڵام ئەوەیان بۆ نایەتە دی، چونکە تەنیا شنگالییەکان و پێشمەرگە و ئەو لایەنەی کە خوێنی بۆ شنگال ڕشتووە، بۆی هەیە قسە لەسەر شنگال بکات."
(هێمن هەورامی) سەبارەت بەوەی کە کێ قازانج لەو لێدوانانە دەکات، گوتی کە، "ئەوانەی کە نایانەوێت کورد یەکگرتوو بێت ئەوانە سوود لەو لێدوانانەی (بایک و دەمیرتاش) وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا هێندێ مێدیای نێوخۆیش کەوتوونەتە ژێر ئەو کاریگەریانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوانە دەکەن کە، ئایا لە نەزانیانە یان بە جۆرێکی دیکەیە. (سەرۆک بارزانی) چەند جار رایگەیاندووە کە، نامانەوێ خۆمان بەسەر هیچ شوێنێکدا فەرز بکەین بەشێوەی راپرسی خەڵکی ناوچەکە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن. بەڵام ئەوانەی کەوا لێدوان دەدەن، چاویان بە سەرکەوتنی (سەرۆک بارزانی) هەڵنایەت و، ناگەن بە باڵای پارتیی دیموکراتی کوردستان و لە لاوازیی خۆیانەوەیە کە وا دەڵێن و لە ئاکامی باوەڕنەبوونیانە بە خۆیان کەوا لێدوان دەدەن".
دەربارەی دۆخی ئێستای سووریا، (هێمن هەورامی) رایگەیاند کە، سیاسەتی (سەرۆک بارزانی) و پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە لە سووریا کورد قازانج بکات بە شێوەیەکی یەکگرتوو کار بۆ سەرکەوتنەکانی کورد لە سووریا بکەن، چونکە هاوکێشەکە لە سووریا زۆر ئاڵۆزە، شەڕی ئۆپۆزسیۆن و رژێم و شەڕی ئۆپۆزسیۆن و ئۆپۆزسیۆن و شەڕی داعش و ئۆپۆزسیۆن و شەڕی داعش و رژێمە، بەمشێوەیە ئاڵۆزە، بەڵام (سەرۆک بارزانی) لە رێککەوتنی ساڵی 2012ـی هەولێر و ساڵی 2013ـی هەولێر و ساڵی 2014ـی دهۆک، گشت پارتەکانی کۆ کردەوە بە ئاراستەی کۆدەنگیی کورد لە سووریا، بۆ ئەوەی بتوانرێت شێوەیەکی حوکمڕانیی کوردستانی بە دەست بهێنرێت، بەڵام بەداخەوەین کە تا ئێستا ئەو کانتۆنانەی لەوێدا هەن ئاڵای کوردستانیان بەسەرەوە نییە و سیمای کوردستانییان پێوە نییە، بۆیە هیواخوازین کە تیکڕای پارتە سیاسییەکان پێکەوە بەشداریی کانتۆنەکان بن و کام پارتیی کوردی لە هەڵبژاردن بردییەوە، ئێمە وەک پارتی پیرۆزبایی لێ دەکەین."
لە بارەی شنگالەوە (هەورامی) گوتی، "شنگال پارچەیەکی ئەزیزی باشووری کوردستانە و، (بایک) و (دەمیرتاش) بەو لێدوانانە ناتوانن لە کوردستانی داببڕن."
(هێمن هەورامی) پێوەست بە سەعدیە و جەلەولا دەڵیت، "پرسیارێکی رایگشتیی هەیە، بۆچی (بایک) و (دەمیرتاش) نیگەرانییان دەرنەبڕی سەبارەت بە میلیشیای شیعە لەو ناوچانە؟ بۆچی باسی رەفتاری ئەو میلیشیانە ناکەن کە چۆن رەفتار لەگەڵ کوردانی ئەو ناوچانە دەکەن؟ بۆ لەو تەوقیتە دێن و شنگال دەورژێنن؟ بۆیە ئێمە دەڵێین ئەوا ئەجێندایەکی دەرەکییە و گەورەترە لە پەکەکە کە بەو ئەجێندایە دێن قسە لەسەر شنگال دەکەن."
سەبارەت بە پارتی و شنگالیشەوە، (هێمن هەورامی) گوتی کە، "پارتی بە شیوەیەکی رەها لە شنگال لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و، بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە، چونکە لە کۆی گشتیی 8 نوێنەر لە پارێزگای مووسڵ کە کورد لەو ناوچەیە سەرکەوتنی هێنا، 6 نوێنەری پارتی بە دەنگی شنگالییەکان بوون بە ئەندام."
لەبارەی سیاسەتی سەرکوتووی (سەرۆک بارزانی) کە لە ئاستی هەریمایەتی و نێودەوڵەتی و جیهاندا وەک کاریگەرترین کەسێتیی ساڵ لە ئاست جیهان دیاریکراوە، (هەورامی) دەڵێت، "ئەگەر سەیری سەرکەوتنی (سەرۆک بارزانی) بکەین کە لە گۆڤاری تایم بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتیی جیهان دانرا، لە ماوەی تەنیا 6 مانگدا چەندان سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی جیهان و وەزیرانی دەرەوە و نوێنەریان و یەکیەتیی ئەورووپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە ژێر سیاسەتی (سەرۆک بارزانی) ئەمەریکا پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا؛ (سەرۆک بارزانی) دوو بەقەد هەولێر بۆ کۆبانی هەوڵی داوە کە چەک و تەقەمەنی و هێزی پیشمەرگەی بۆ ناردوون، لەگەڵ باوەڕپێهێنانی وڵاتانی هاوپەیمانان کە بە فڕۆکەی ئاسمانی پشتگیری لە کۆبانی دەکەن دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی هەرێمێکە لەسەر ئاستی دونیادا تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا ئەو چالاکیانە بەخۆیەوە ببینێت."
لەبارەی تورکیایشەوە، (هەورامی) ئاشکرای کرد کە "چەندین جار بە تورکیامان راگەیاندووە کە پەکەکە نوێنەرایەتیی 20 ملیۆن کوردی باکووری کوردستان ناکات، بۆیە ناکرێت بە چاوی پەکەکە لە کوردانی باکوور بڕوانرێ، بەڵام ئەوانەی کە دێن باسی باشووری کوردستان دەکەن و لە چیای قەندیل قسە دەکەن ئەگەر ئازان با بچن کونجێکی باکووری کوردستان ئازاد بکەن و لەوێدا قسە بکەن."
هەروەها (هەورامی) ئەوەشی خستە روو کە، "گشت سەرکردەکانی پەکەکە وەک یەک نین، بەڵام پەرتەوازەیی لە لێدوانەکانیان هەیە، پێویستە وا بیر بکەنەوە کە پرسی کورد لە باکوور لە پەکەکە گەورەترە، لە گشت پارچەکانی دیکە پرسی کورد لە هەموومان گەورەترە، بۆیە وا پێویست دەکات بە ئامانجی کوردایەتی کار بکەن نەک بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی، بیر بکەنەوە و سیاسەت بکەن."
(هێمن هەورامی)، بیر (جەمیل بایک) دێنێتەوە کە ئەگەر (سەرۆک بارزانی) نەبوایە لە ساڵی 2012 کاتێ خەریک بوو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورە لە قەندیل بکریتە سەریان، ئێستا ئەوان لەو شوێنە نەیاندەتوانی وا لێدوان بدەن، بەڵام (سەرۆک بارزانی) ئەو کات نەیهێشت و بەرگری لێکردن.
لە بارەی کۆنگرەی نەتەوەییەوە، (هەورامی) ئاماژەیشی کرد کە، (سەرۆک بارزانی) هەوڵی جیددی داوە بۆ سەرخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەڵام پەکەکە هەرجارە و بە بیانویێک دەیەوێ ئاستەنگ بۆ ئەو کۆنگرەیە دروست بکات، پەکەکە جارێک داوای کرد سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ کۆنگرە هەبێت و جاریکی دیکە داوا دەکات کە لە کۆی گشتیی 600 ئەندامی کۆنگرە 300 ئەندام هیی ئەوان بێت، بەو جۆرە ئاستەنگ دەخەنە بەردەم کۆنگرەی نەتەوەییەوە.
هەورامی ڕاشکاوانەیش گوتی، ئەو لێدوانانەی (بایک) و (دەمیرتاش) وەک قسەی عەرەبە شۆڤێنییەکان وابوون کە، ئەوانیش دەڵێن نابێت کەرکووک و شنگال بگەڕینەوە سەر هەرێمی کوردستان.
دەربارەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، گوتی کە، پێویستە لە رووی ویژدانی سیاسییەوە هەڵویسیتان بەرانبەر ئەو جۆرە لێدوانانە هەبێت، هەروا ئەوەشی خستە ڕوو هەندێ پارتی کوردی، هەندێ جار مێش دەکەن بە گامێش و هەندێ جاریش گامێش نابینن.
پێوسەت بە سەرکەوتنی دیموکراسیانەی هەرێمی کوردستان لە ئاست جیهاندا، (هەورامی) دەڵێت، تا ئەمڕۆ ئەو ترافیکە دیموکراسییەی کە کورستان لە ئاست پێگەی جیهاندا هەیەتی، هیچ هەرێمێکی فیدڕاڵ لە ماوەی شەش مانگدا بەو جۆرەی هەرێمی کوردستان کێرڤی وا بەرز نەبووەتەوە.
سەبارەت بە ستراتژی (سەرۆک بارزانی) لە دژی تیرۆریستانی داعش، (هەورامی) دەڵێت، (سەرۆک بارزانی) توانی ئێران و ئەمەریکا لە یەک کاتدا بهێنێتە سەر هێڵ بۆ لێدانی داعش، کە ئەمەش ئەوپەڕی سیاسەتی سەرکەوتووانەی (سەرۆک) پێشان دەدات کە دوو دەوڵەتی ئەمەریکا و ئێران بە یەکەوە بینێتە سەر هێڵ و لە دژی تیرۆریستانی داعش، بەرگری هەرێمی کوردستان بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە، ئەگەر سەرکەوتنی پێگەی ستراتیژیی هەرێم نەبوایە، چۆن پێشمەرگە دەگەیشتە کۆبانی و بەرگری لە رۆژئاوای کوردستان دەکرد، بۆیە هیوای خواست کە پارتەکانی دیکە ئەگەر نەبنە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ سەرکەوتنەکانی هەرێمی کودستان، با نەشبن بە هۆکارێکی نەرێنی.
دیسان هیوای خواست کە، پارتەکانی دیکەی کوردستان سوود لە ئەزموونی هەرێم وەربگرن بۆ باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.. سوود لە ئەزموونی هەرێم وەربگرن بۆ ئەوەی لە لیستی تیرۆر بێنە دەرەوە کە تا ئێستا وەک تیرۆر دانراون، هاوشێوەی بەرەی کوردستانی جاران سوود لە ئەزموونی کوردستان وەربگرن و، پێکەوە هەڵبکەن، بەڵام کە دێن وا قسە دەکەن لەسەر باشووری کوردستان، ئەوا لە ئەجێندای سایکۆلۆژیی سیاسیی لاوازیانەوەیە، نەک لە ئەجێندایەکی سایکۆلۆژیی سیاسیی بەهێزەوە.




