ڕووداوەکانی ئەمڕۆی مووسڵ.. داعش لێی کوژراوە و خەڵکیشی کوشتووە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە مووسڵ چەندین چەکداری داعش کوژراون و لەنێویاندا پێنجیان سەرکردە بوون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە گەڕەکی 17ـی تەممووز کە دەکەوێتە لای ڕاستی مووسڵەوە، دوو یاریدەدەری بەرپرسی ئاساییشی گشتیی رێکخراوی داعش لە مووسڵ بە ناوەکانی (سوڵتان حەمد) و (ئەبوبەکر مەسعوودی) کوژران و تەرمەکانیشیان ڕەوانەی بۆ پزیشکی دادوەریی مووسڵ کران.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ ھێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی چەکدارانی داعش لە ناوچەی ئەلبوغە لە ناحیەی عەیازیە و، سێ تیرۆریستان کوشتوون.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ داعش کاندیدێکی ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقیان لە کوتلەی عەرەبییە بە ناوی (سوعاد عەلی خزر) گولـلەباران کرد.
گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ والیی داعش لە ناحیەی بادۆش لەگەڵ سێ سەرکردەی دیکەی داعش لە ڕۆژئاوای مووسڵ لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی مووسڵ کوژران.
(ڕەجەب) ئەوەیشی گوت، داعش خێزانی ئەفسەرێکی پۆلیسی مووسڵ بە ناوی عەقید(شەھاب ئەحمەد) کە پێنج کەس بوون، گولـلەباران کردووە، بە بیانووی ئەوەی لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە زانیارییان داوە بە دەزگا ھەواڵگرییەکانی عێراق.
بڵند ئیبراھیم




