٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی بۆ جەمیل بایک: بۆ هێندە پەرۆشی یەکێتیی خاکی عێراقی و ئەو بۆچوونەت خزمەت بە کوێ و کێ دەکات؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی هەردوو لێدوانەکانی (جەمیل بایک و دەمیرتاش) دەداتەوە و جەخت دەکاتەوە کە، جگە لە خەڵکی شنگال و دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان و ئەو هێزەی خوێنی لەپێناو ئازادیی شنگالدا ڕژاوە، کەسی تر بۆی نییە قسە لەسەر شنگال بەتایبەت دابڕانی لە خاکی نیشتیمان بکات. هاوکات لە بایک دەپرسێ، بۆ هێندە پەرۆشی یەکێتیی خاکی عێراقی و ئەو بۆچوونەت خزمەت بە کوێ و کێ دەکات؟

دەقی بەیانامەیەک لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانەوە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
لە کاتێکدا خەڵکی ئازادیخواز و دژەتیرۆری جیهان و تێکڕای جەماوەری کوردستان لە گشت بەشەکانییەوە، بە پەرۆشەوە لە هەنگاوەکانی پێشمەرگە دەڕوانن و، سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بوونەتە هیوا و، موژدەبەخش بۆ لەگۆڕنانی خەونی تاریکپەرستان و توڕهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ نێو زبڵدانی مێژوو، بە داخەوە هاوشان لەگەڵ ئەو تێڕوانینە میللییەی هێزە کوردستانییەکان و خەڵکی هەرچوار بەشی کوردستان، لێرەولەوێ هێندێ لێدوان کە نە لە سوودی دۆزی کوردستانە نە لە قازانجی یەکیەتیی ڕیزەکانی هێزە سیاسییەکانە، دەدرێن و تەنیا دوژمنانی دۆزی کوردستان بەو جۆرە لێداوانانە دڵخۆش دەبن.
لەبری پیرۆزباییکردن لە پێشمەرگە و شەڕڤانان هەر لە کۆبانی تا شنگال و جەلەولا بۆ ئەو تۆمارە سەروەریانەی کە بە خوێنی ئاڵیان تۆماریان کردووە، بەڕێز سەڵاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتیی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) داوا دەکات شنگال ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو خەڵکی کوردستان لە دیرۆکی خۆیدا بە بەردەوامی بەرانبەر بە پارچەبوونی خاکەکەیان وەستاونەتەوە، شنگالیش بەشێکی گرینگی قوربانیدانی ئەو سیاسەتەیە کە دوژمنان لە ڕابردوودا داویانە، ئەمڕۆیش کە شنگال خوێنی لێ دەچۆڕێ و سەرکەوتنی لە ڕێگایە. جگە لە خەڵکی ئازارکێشی شنگال و دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان و ئەو هێزەی خوێنی لەپێناو ئازادیی شنگال ڕژاوە، کەسی تر بۆی نییە قسە لەسەر شنگال بەتایبەت دابڕانی ئەو بەشە ئازیزەی وڵات لە خاکی نیشتیمان بکات.
لە لایەکی ترەوە بەڕێز جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، لە دژی دابەشبوونی عێراق دەوەستێتەوە و دەڵێ، دەبێت عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە!
وێڕای دژوەستانەوەی ئەو لێداوانەی بەڕێز بایک، حەقی خۆمانە لە بەڕێز بایک و ڕای‌گشتی بپرسین بۆ هێندە پەرۆشی یەکێتیی خاکی عێراقی و ئەو بۆچوونەت خزمەت بە کوێ و کێ دەکات؟

هەر سەرکەوتوو بێت پێشمەرگەی ئاڵاپارێز و خاکپارێزی کوردستان..
بژی کورد .. بژی کوردستان .. پتەوتر بێت یەکیەتیی ڕیزەکانی گەل

فراکسیۆنی(پ،د،ک) لە پەرلەمانی کوردستان
25/12/2014
 

هەواڵی پەیوەندیدار