٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كریستیان و كوردانی ئێزدی بۆ بایك: دەخوازین هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت تا بە ئاسوودەیی تییدا بژیێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  كریستیانەكان و كوردانی ئێزدی، وەڵامی قسەكانی (جەمیل بایك) و (دەمیرتاش) دەدەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە، ئەوان خوازیارن كە هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت و دەیشڵێن، (سەرۆك بارزانی) ئومێد و ئامانج و پێشڕەوی كوردە بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەتی كوردی، نەک دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوە وەک ئەوەی ناحەزان ناوی دەخوازن ناوی هەرێم و سەرکردایەتییەکەی پێ بزڕێنن.

هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (جەمیل بایك) و هاوسەرۆكی پارتیی دیموكراتی گەلان (دەمیرتاش)، لە دوو لێدوانی گرێدراوی بەرنامەبۆداڕیژراودا لە بەرگریكردنیان لە مانەوەی شنگال لە چوارچێوەی عێراق و بەرگریكردنیان لە یەكگرتوویی عێراق، بە ئاشكرا سیاسەتی خۆیان بۆ دژایەتیی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد، كە ئەوان لەبری پاڵپشتییان لە دروستبوونی دەوڵەتیی نیشتمانیی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان كە پارتیی دیموكراتی كوردستان كاری جیددیی بۆ كردووە، بژاردەی عێراقی یەكگرتوویان كردە ناسنامەی كاركردنیان، ئەم لێدوانانەیش لە لایەن پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانەوە كاردانەوەی بە دوادا هات.

ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كەسایەتیی ئیزدییەكان (مەحما خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند،" خەڵكی هەرێمی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەو مافە بە كورد دراوە، بۆیە مافی كەسێكی وەك (جەمیل بایك) نییە ئەو قسەیە بكات و بڵێت یەكگرتوویی عێراق دەخوازین و بە ناڕاستەوخۆ كاركردنی هەرێمی كوردستان بۆ دەوڵەتی نیشتمانیی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان ڕەت بكاتەوە، چونكە دروستبوونی دەوڵەتی نیشتیمانی لە ئێستادا واقیعی حاڵی هەرێمی كوردستانە."

(مەحما خەلیل) راشیگەیاند، "لە ئێستادا پارتیی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی (سەرۆك بارزانی) ئومێد و ئامانج و پێشڕەوی كوردە بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەتی نیشتیمانی، هەر بۆیەیش ئەو جۆرە كەسانە دژایەتیی دەكەن، چونكە ئەوەی پارتی پێی دەكرێت ئەوان ناتوانن بیكەن، بۆیە دژایەتیی دروستبوونی دەوڵەتی نیشتمانیی دیموكراتی دەكەن کە کورد و پێکهاتەکانی دی بە ڕۆحی لێبووردەیی و ئاشتیدا تێیدا ئازادانە بژین و چیدی نەکەونە بەر نەشتەری ناحەزانی ئەم خاکەوە."

هەروا جەختیشی كرد كە، "بەرپرسانی پەكەكە بە تایبەتی یەكێكی وەكو (بایك) ناتوانێت مافی گەلەكەی لە باكووری كوردستان بە دەست بێنێت، لە كاتێكدا پارتیی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی مافەكانی گەلی كورد لە باشووری كوردستان بە دەست بێنێت، هەر بۆیەیش بەو جۆرە دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، لەجیاتی ئەو دژایەتییە مافی خۆیان بە دەست بێنن باشترە، چونكە ئەمە تەنیا لە بەژوەندیی دوژمنی كوردانە."

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا (مەحما خەلیل) رایگەیاند كە، "بنەمای دروستبوونی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی نیشتیمانی دیموكراتییە و بە كردەیی هەنگاوی بۆ ئەو كارە ناوە و بە هەموو جیهانی راگەیاندووە كە دەوڵەتی كوردی مافی سرووشتیی گەلی كوردستانە و، باوكی رۆحیی كوردیش (بارزانیی نەمر) بە درێژایی خەباتی سیاسیی، كاری بۆ ئەو جۆرە دەوڵەتە كردووە نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكە بۆ عێراقیش، بۆیە هەر كەسێك دژی سەربەخۆیی كوردستان و دیموكراتییەت بێت، دژایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەكات."

پارتیی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پارێزەری گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بووە و، لەو نێوەندەیشدا مەسیحییەكان یەكێك لەو پێكهاتانەن كە لەژێر سایەی پارێزگاریكردنیان لەلایەن (سەرۆك بارزانی) جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانەیان دەكەنەوە و ئارامی و ئاساییشی هەرێمی كوردستان بە هیچ شتێكی دیكە ناگۆڕنەوە و داوایش دەكەن لە ژێر سایەی (سەرۆك بارزانی)ـدا هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەپێكهاتەی مەسیحی (وەحیدە یاقۆ هورمز)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە و ئێمە پێمان خۆشە هەر لە هەرێمی كوردستان بژیێن و هیچ جیاوازییەك لە نێوان پێكهاتەكاندا نەكراوە بە تایبەت لەژێر سایەی سەرۆکایەتیی (سەرۆك بارزانی) و ئەویش ناسراوە كە هەمیشە جیاوازیی لە نێوان پێكهاتەكاندا نەكردووە".

(وەحیدە یاقۆ) گوتیشی، "ئێمە خۆمان بە هاووڵاتیی كوردستان دەزانین و هەرێمی كوردستان نیشتیمانی ئێمەیشە، بۆیە هیچ كاتێك خۆمان لە كورد و پێكهاتەكانی دیكە جیا نەكردووەتەوە و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بووین و دەبین".
ئەو ڕوونیشی كردەوە كە، "مافی هەرێمی كوردستانە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ و وەك هەر گەلێكی دیكە ئاڵای كوردستانیش لە دەوڵەتەدا بەرز دەكەینەوە".

لای خۆیەوە ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كەسایەتیی ئێزدی (ئامینە سەعید) گوتی، لە هەرێمی كوردستاندا هیچ جیاوازییەك لە نێوان هیچ پێكهاتەیەكی دیكە نەكراوە و پێكەوەژیان لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی دیكەدا هەیە و ئەمەیش هەموو زیاتر لە سایەی پارتیی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆیە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی زیاتر بۆ پارتییە، هەر بۆیەیش زیاتر رەخنەی لێ دەگیرێت، چونكە توانیویەتی سەركەوتن بە دەست بهێنێت.

(ئامینە سەعید) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ببێتە وڵاتێكی سەربەخۆ و لە ئێستادا هەرێمی كوردستان هەموو ئەو ئامادەییەی تێدایە بۆ دەوڵەتبوون، لەوانە لە بواری ئابووری و كیانی سەربەخۆ و بوونی هێزی پاراستن كە پێشمەرگەیە، بۆیە ئەوانەی رەخنە لە هەرێمی كوردستان دەگرن، باشترە مافی خۆیان بەدەست بێنن بۆ گەلەكەیان، نەك رەخنە لە هەرێم بگرن.

چاودێری سیاسی (زیرەک کەمال) رایگەیاند کە، هیچ دەوڵەتێک بە قەد عێراق رۆڵەکانی خۆی نەهاڕێوە، بۆیە ئەوانەی کە کورد بە عێراقەوە گرێ دەدەنەوە و لێدوانی وا دەدەن کە مەبەستی لە (جەمیل بایک) و (دەمیرتاش) بوو، وەک ئەوە وایە کە، بوونی نەتەوەی کورد رەت بکەنەوە.
زیرەک کەمال ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو جۆرە لێدوانانە هەلێکی دیکەیە بۆ جینوسایدی گەلی کورد.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار