٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێك: بایک و دەمیرتاش گرەو لەسەر دواڕۆژی غازی سرووشتیی ئەم ناوچەیە دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێر و شارەزای كاروباری توركیا (حەسەن ئەحمەد مستەفا)، دەربارەی لێدوانەكەی (بایک) و (دەمیرتاش) دەڵێت، ئێستا ئیش لەسەر ئەوە دەكرێت كە جیاوازییەكی زۆر دروست بكەن، دەیانەوێت گومان دروست بكەن، دەیانەوێت گرەو لەسەر دواڕۆژی غازی سرووشتیی ئەم ناوچەیە بكەن؛ جەختیشی کردەوە کە گەمەیەكی مەترسیدار هەیە و دەیشخوازێت بە خۆیاندا بچێنەوە و نەبنە ئاڵاهەڵگری ناحەزان.

دوای ئەوەی كە هاوسەرۆكی كۆما جڤكێن كوردستان (كەجەكە) بۆ رۆژنامەی گاردیان رایگەیاند كە، ئەوان لەگەڵ عێراقی یەكگرتوودان و دژی دابەشكردنی عێراقن بەسەر كورد، سوننە و شیعەدا، ئەو لێدوانەی (جەمیل بایك) كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و بە توندی ڕەت كرایەوە.
لەبارەی ئەو لێدوانەوە، چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا  (حەسەن ئەحمەد مستەفا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لەم ماوەیەدا سیاسەتی هەندێ حزبە دیارەكانی باكووری كوردستان ناڕۆشنییەكی زۆری پێوە دیارە، لە پێش هەموویشیاندا ئەوەی كە دەیانەوێت لەگەڵ بەرەی خۆرئاوادا لە هامەهانگیدا بن، بە شێوەیەكی روون دیار ناكەون، بە تایبەتیش پێوەست بە كۆبانی هەڵوێستیان ناڕۆشنە، لە لایەكی دیكەوە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری لێدوانەكانیان توندن و ئەگەر ئەم پرۆسانە بەرەوپێشەوە نەچن، ئەوا هەڵوێستی توندیان دەبێت، ئەوەیش لێك دەدرێتەوە بە جۆرێك بە دواندنی دەوڵەتێكی هەرێمی  یاخود راكێشانی سەرنجی هەمان دەوڵەت".

لەگەڵ ئەوەی كە (حەسەن ئەحمەد مستەفا) لەم پەرەگرافەدا ئامانجێكی ئەو سیاسەتەی ئێستا كە پەكەكە پێڕۆی دەكات بە روونی دیار كرد كە، ئامانجی ئەو لێدوانە بۆ سەرنجڕاكێشانی دەوڵەتێكی هەرێمایەتییە، هاوكات لەو ساتەوەختەیشدا دژایەتیی (دەمیرتاش) بۆ كوردانی ئێزدی، خاڵێكی دیكەی سیاسەتە ناڕۆشنەكەیە، كە (دەمیرتاش) داوای كرد شنگال لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە و ناسنامەیەكی عێراقی بە شنگال دا، هاوكات (جەمیل بایك) كە دەیەوێ عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە ئاماژە ناڕۆشنەكەیە كە لە ئێستادا باڵێكی دەستڕۆییشتووی پەكەكە دەیەوێ بە ئاڕاستەی كاركردنی بۆ خزمەتگەیاندن بە یەكگرتوویی عێراق و دژایەتیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی خۆی بناسێنێت.

(مستەفا) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سیاسەتە ناڕۆشنەكەی ئەو پارتە دیارانەی باكووری كوردستان روون دەكاتەوە و دەڵێت، "رۆییشتن بە دوو ئاڕاستەی جیاوازە، لە لایەك لەگەڵ میحوەری هەرێمایەتی، لە لایەكی دیكە لەگەڵ میحوەری نێودەوڵەتی سیاسەتێكی ناڕۆشنی دروست كردووە، هەتا قسەكردن و لێدوانیان دەربارەی هەرێمی كوردستان و پرسی شنگال و بە تایبەت لەو لێدوانەی ئەم دوایەی (دەمیرتاش)ـیش و خۆنزیككردنەوەیان لەم پرسەدا، لە راستیدا لێدوانێكی نادروستە و جۆرێك لە سەرلێشێواویی سیاسییە".
گوتیشی، "ئەمەیش، ئەوەم بەبیر دەهێنێتەوە كە ساڵی 1995 هەرێمی كوردستان سەرەڕای گوشارەكانی حكوومەتی توركیا لە ئەترووش، شوێنی بۆ ئەو كوردانەی باكووری كوردستان كردبووەوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانی 1994 و لەلای شەمزینان و باكووری كوردستان ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببوون، ئەو كاتە (حاجی نیزامەدین تونج) و (نەزدەت بوڵدان) و (زوبێر ئایدار) سەردانێكی هەرێمی كوردستانیان كرد. لە دوای سەردانەكەیان گەڕانەوە لە میدیای ئەورووپادا نووسییان، ئێمە لە جمهوریەتی زاب بووین لەبەر ئەوەی ئەوان ئەنجوومەنێكیان بۆخۆیان هەڵبژاردبوو و میدیایان هەبوو.. ئەوەیش وای كرد توركیا گوشارێكی زۆر بهێنێتە سەر هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی سەر پارتیی دیموكراتی كوردستان كە، ئەمە بە پۆینتێكی ناسیاسی لێك درایەوە، جمهورییەتی ئەترووش، پاشان لە زاب جمهورییەتی زاب. ئەمە ناسیاسیبوونی بزووتنەوەی سیاسیی ئەوێمان بۆ دەردەخات وەك میللەتی كورد".

دەربارەی ئەو لێدوانەی دەمیرتاشیش، (حەسەن ئەحمەد مستەفا) رایگەیاند كە، "بەداخەوە لێدوانەكەی (دەمیرتاش) یان هەر كەسێكی تریان كە باسی ستاتۆیەكی تایبەت بۆ شنگال بكات، جگە لەوەی ئامانجی هەرێمیی لە پشتە، بەڵام ئامانج بەرژەوەندیی شنگال نییە و زیاتر ئامانجیان بوعدێكی دیكەی سیاسییە لە خۆرئاوای كوردستان كە لە هەژموونی هەندێك هێز دەترسن، چونكە ئەم جارەیان بۆ دابینكردنی ئاساییش بۆ دەڤەری شنگال پێویستت بە بوعدێكی نێو سووریایش هەیە جگە لە ترس لەو بوعدە یاخود نەشارەزایی سیاسی، یاخود جێبەجێكردنی ئەجێندای ئیقلیمی، ئەم نزیكبوونە كە نزیكبوونێكی زۆر ناسیاسی و ناواقیعییە، هیچ مانایەكی تر نابەخشێت؛ یاخود دووبارەكردنەوەی بێئەزموونیی جمهورییەتی زاب و جمهورییەتی ئەترووشە، بێئەزموونیی یۆتۆپیایەكانی ساڵی 1994 و 1995ـە و هیچ مانایەكی دیكە نابەخشێت و خزمەت بە یەكیەتیی كوردان ناكات".

ئەو شارەزایەی كاروباری توركیا هەروەها دەڵێت: "باشتر وایە (دەمیرتاش) بیر لەوە بكاتەوە كە یەك خاڵ لە دەستووری توركیا نەگۆڕدراوە، بیر لەوە بكاتەوە كە، دوای جەماعەتی (فەتحوڵڵا گولەن) سەرەی ئەوانە بۆ ئەوەی بكەونە بەر زەبری ئەكەپە، بیر لەوە بكاتەوە كە جۆرێك لە چارەسەری دیموكراتی بۆ پرسی كورد بێتە ئاراوە و بۆ هەڵبژاردن كە 5،6 مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە توركیا هەیە هاوپەیمانییەكی دروست بۆ میللەتەكەی بدۆزێتەوە، بیر لەوە بكاتەوە كە رێژەی دەنگەكانی لە باكووری كوردستان بگەیەنێتە ئاستی رێژەی دەنگی پارتێكی توركی كە ئاكپارتییە كە رێژەی دەنگەكانی ئاكەپە هەتا ئێستاش لەناو یەك یەكی گوند و شار و خێزانەكانی باكووری كودردستان دووبەرابەری رێژەی دەنگەكانی پەكەكە و هادەپ و (سەڵاحەددین دەمیرتاش) و ئەو هێزانەیە، بۆیە دەڵێم با (دەمیرتاش) خەمی دەنگەكانی خۆی بخوات كە هێشتا لە یەكیەتیی ئەورووپا پێیان دەڵێن ئاكەپە زیاتر نوێنەری میللەتی كوردە لە باكووری كوردستان".
(حەسەن ئەحمەد مستەفا) گوتیشی: "ئەوەی (بایک و دەمیرتاش) و هاوشێوەکانی دەیڵێن، هیچ لۆژیكی نییە، جگە لەوەی كە جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی ئیقلیمییە یاخود دەیەوێت لەسەر بنەمای دژایەتیی هەرێمی كوردستان هەندێك هێز لە خۆی رازی بكات، یاخود دەكرێ بپرسین كە مانای ئەوە نییە كە ئەویش جۆرێك لە سازشی لەگەڵ داعشدا دەوێت".

دەربارەی ئەم جۆرە لێدوانانەی (دەمیرتاش) كە هاوكات هەرێمی كوردستان بووەتە ژمارەیەكی گەورە و سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەسەرە، ئەو شارەزایەی كاروباری توركیا گوتی: "بەڵێ (دەمیرتاش) لە كاتێكدا ئەو قسانە دەكات كە هەرێمی كوردستان بووەتە رەقەمێكی زۆر گەورە، ناتوانن لە ئاستی هەرێمیدا گەمارۆی بدەن، ناتوان سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەسەر لاببەن و پشتیوانییەكەی كەم بكەنەوە، بەڵام دەتوانن ریزەكانی پەرشوبڵاو بكەن، بەڵام دەتوانن كێشەی بۆ دروست بكەن، بەس ئەم كێشەیە ئەگەر لە ناوخۆوە بێت كارەساتە هاوشێوەی ئەو قسانەی (دەمیرتاش)، ئێستا ئیش لەسەر ئەوە دەكرێت كە جیاوازییەكی زۆر دروست بكەن، دەیانەوێت گومان دروست بكەن، دەیانەوێت گرەو لەسەر دواڕۆژی غازی سرووشتیی ئەم ناوچەیە بكەن، گەمەیەكی مەترسیدار هەیە و ئومێدەوارم (دەمیرتاش) بە خۆیدا بچێتەوە و نەبێتە ئاڵاهەڵگری ناحەزان".
 

هەواڵی پەیوەندیدار