٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەمەودوا، بەغدا مانگانە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار ڕەوانەی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێرـKDP.infoـ  جێگری بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە تا پەسندکردنی بودجەی 2015، بەغدا مانگانە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار بۆ کوردستان ڕەوانە دەکات. (د.ئامانج ڕەحیم)ـیش دەڵێت، ئەم ڕەوانەکردنەی ئەو مانگانەیە، تا دەستکردن بە خەرجکردنی بوودجەی ساڵی 2015ـیە، ئەوکات هەرێم بەشەبوودجەی ئاساییی خۆی وەردەگرێت.

جێگری بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان (ئەحمەد خدر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە تاکو بوودجەی 2015 پەسند دەکرێت، بەغدا یەک‌لەدوازدەی بەشەبوودجەی پێشووی هەرێم ڕەوانە دەکات، کە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینارە."

(ئەحمەد خدر) گوتیشی: "بە هاتنی ئەو پارەیە، دابەشکردنی مووچە ئاسانتر دەبێت، وەکو سەرۆکی حکوومەت ڕای‌گەیاندووە، پێدەچێت تامانگی 2، کۆتایی بە کێشەی دواکەوتنی مووچە بهێندرێت."

(د.ئامانج ڕەحیم) سکرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "پێویستە لە 1ـی 1ـی 2015 ـەوە، بەغدا ڕێژەی یەک‌لەدوازدەی تەرخانکراوی بوودجەی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 200 ملیار دینار، تا دەستکردن بە خەرجکردنی بوودجەی ساڵی 2015، ئەوکات هەرێم بەشەبوودجەی ئاساییی خۆی وەردەگرێت."

لە بارەی بەشەبوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2015 سکرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی‌ کوردستان هاوکات نووسیویەتی: "لە پڕۆژەیاسای بوودجەی 2015، هەرێمی کوردستان بڕی 16 ترلیۆن و 532 ملیار دینار موستەحەقاتی گشتی دەبێت، تاوەکو پڕۆژەیاساکەش پەسەند دەکرێت و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، وەزارەتی داراییی عێراق تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار ڕەوانە دەکات."

یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار