مستۆ شنگالی: بێ ھەرێمی کوردستان هیچ هێزێکی دی ناتوانێ ئومیدی هەڵستانەوەمان بداتێ

ھەولێر-KDP.info- نووسەرێکی دیاری شنگال وەڵامی لێدوانەکەی (سەڵاحەددین دەمیرتاش) لەبارەی ئەوەی شنگال ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ و لە ھەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە دەڵێت، "ھیچ ھێزێک ناتوانێ ئومێدمان بداتێ جارێکی دیکە ھەڵسینەوە سەر پێیەکانمان، گەر ھەرێمی کوردستان نەبێت."
نووسەر و رۆشنبیری دیاری شنگال (مستۆ شنگالی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لەبەر ئەو دۆخەی ئێستا پیێدا تێپەڕ دەبین گرینگ نییە ئەو جۆرە لێدوانانە بدرێن، چونکە خەڵکی شنگال پشتگیری ناکەن؛ خەمی گەورەتر کە ئازادکردنی ناوچە ڕزگارنەکراوەکانە و گەڕانەوەی کچ و ژنەکانی ئێزدییە کە ڕفێندراون، لە بری ئەوەی بیر بکەنەوە چۆن تۆڵەی کچ و ژنەکانیان بکەنەوە کە ڕفێندراون و ئەتک کراون یاخوود کوژراون، ئەم جۆرە قسانە دەکرێن کە لە بەژوەندیی ھیچ کەسدا نییە، بەڵکە کێشە و لێکجیابوونەوە دروست دەکات."
(مستۆ شنگالی) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، بۆچوونەکانی (سەڵاحەددین دەمیرتاش) هیی ئەوە نین وەک ئیزدی خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن کە بایەخی ئەوتۆیان نەبێت.
جەخت دەکاتەوە، "سەرەڕای ئەوەی ھەڵەیش روویدابێت لە کەوتنی شنگالدا، خەڵکی شنگال ناتوانن خۆیان لە نێو ماڵی کورد بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) بەدوور بگرن."
ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرە دیارەی شنگال ئاماژەیشی دا، دەبوایە لە ئێستادا خاوەنی ئەو بیرۆکانە کە دووبەرەکی و جیابوونەوە و پەرتەوازەیی بەرهەم دێنن، هاتبان و
هاوکار و دەستبارگری شنگالییەکان بووان کە گرینگترن کاریان، کەیسی کچ و ژنانی ڕفێندراو و چۆنیەتیی ڕزگارکردنیانە؛ ئەوانەیە کە خیانەتیان کردووە و، گێڕانەوەی ئارامییە بۆ ناوچە و ناو ماڵەکانیان."
دواجار گوتی، "ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئومێدێکمان بداتێ بتوانین ھەستینەوە سەر پێیەکانمان ئەگەر ھەرێمی کوردستان نەبێت، بۆیە پێویستە ئیدارەی شنگال بکەوێتە دەست کەسایەتییەکی بەھێزی وەکو (سەرۆک بارزانی)."
بڵند ئیبراھیم




