وەزارەتی بازرگانی: بەغدا بەشەخۆراکی مانگانەی نەناردووە.. کێشەى ئاردمان نییە

هەولێرـKDP.infoـ بەڕێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراک رایگەیاند، لە بەغداوە هیچ کەلوپەلێکی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان نەگەییشتووەتە هەرێمی کوردستان؛ دەشڵێت، لە دابەشکردنی بەشەئاردی مانگانەی هاووڵاتیان و هیچ کێشەیەکی ئاردیان نییە.
بەرێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر (نەوزاد سابیر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پاش ئەوەی بە پارە خەڵک قەرەبوو کراوەتەوە، بەغدا هیچ بڕە خۆراکێکی مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە، ئەم پرسەیش پێوەستە بە هەموو عێراق و تەنیا کوردستان نییە."
(نەوزاد سابیر) گوتیشی: "لە کۆگاکانی ئێمەدا خۆراک نەماوە، چاوەڕانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەین دەست بە دابەشکردنەوەی بکات."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر دەڵێ: بەردەوامین لە دابەشکردنی بەشەئاردی مانگانەی هاووڵاتیان و هیچ کێشەیەکی ئاردمان نییە، تەنیا جۆرەکانی تری خۆراک نییە."
لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق بۆ هەر ئەندامی خێزانێک بڕی 17 هەزار دیناری وەکو قەرەبووی بەشەخۆراکی فەوتاوی چەند مانگێک خەرج کرد.
(نەوزاد سابیر) گوتی، "بەشێک لە کێشەی نەبوونی بەشەخۆراک بۆ دیارینەکردنی بوودجەی وەزارەتی بازرگانی عێراقە لە لایەن حکوومەتەوە، هیوادارین ئەوە درێژە نەکێشێت چونکە زیانی بۆ هاووڵاتیان دەبێت."
یەحیا سابیر




