٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قاسم شەشۆ: ئەو گوندە عەرەبنشینانەی خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە کردووە، پارێزراون

سەرچاوە: KDP.info
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)

شنگال-KDP.info-  (قاسم شەشۆ) کە یەکێک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەیە لە دەڤەری شنگال دەڵێت، لەئێستادا سەرقاڵی دابەشکردنی ھێزن بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەی ڕزگار کراون و، ئەو شوێنانەیش دەستنیشان دەکرێن کە مینیان لێ چیندراوە؛ گوتیشی، لەو سنوورەدا کە ئازاد کراوە، نزیکەی 20 گوندی عەرەبنشین خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

(قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، لەئێستادا ئەوان سەرقاڵی دابەشکردنی ھێزن بەسەر ئەو حەوت کۆمەڵگایانەی ئازد کراون و پێشمەرگە لێیاندا سەنگەر دادەمەزرێنی و شوێنی خۆیان قایم دەکەن، هەروەها ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکەن کە مینیان لێ چێنراون.

(قاسم شەشۆ) ئاشکرایشی کرد کە، ھیچ کۆمەڵگایەک نەماوە داعش مینی لێ نەچاندبێت، بۆیە لەلایەن تیمە ئەندازیارییەکانی پێشمەرگەوە ھەمووی پاک دەکرێتەوە.

گوتیشی، تاوەکو ئێستا لەو سنوورە نزیکەی 20 گوندی عەرەبنشین خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کردووە، ئەڵبەت پێشمەرگە ھیچی پێ نەگوتوون و پیاوەکانی زۆرێکیشیان لەگەڵ داعش دان، بەڵام ئەوانەی ماونەتەوە دەڵین کە هیچ پەیوەندییان بە داعشەوە نییە و بەڵێنیشیان داوە، کارێکی نەشیاو نەکەن.

ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە، سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە، پلانی بۆ ئازادکردنی سەنتەری قەزای شنگال دانەنابوو، بۆیەیشە کە ئازادکردنی دواکەوتووە؛ بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا ئازاد دەکرێت.

دەربارەی ئەو زیانەیشی کە لە پرۆسەی رزگارکردنی سنووری شنگالدا لە دوژمنانیان داوە، گوتی، بە سەدان تیرۆریستی داعش کوژراون و چەک و تەقەمەنییشیان کەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار