نێچیرڤان بارزانى: پێویستە سەبرتان گه‌وره‌تر بێت له ترستان بۆ دوژمن.. دوژمن تەمەنی زۆریان نەماوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە ڕێورەسمی پیرۆزکردنی جەژنی لە دایکبوونی مەسیحییەکاندا لە عەنکاوە، داواى له مه‌سیحی و ئێزدی، شه‌به‌ك و توركمان و ته‌واوى پێكهاته‌كانی دیكه كرد كه، سه‌بریان زۆر گه‌وره‌تر بێت، له ترسیان به‌رامبه‌ر به دوژمن، ئه‌و دوژمنه‌ى كه وه‌ك ئه‌و گوتى، ته‌مه‌نیان زۆرى نه‌ماوه. هەروەها گوتیشی کە، مه‌سیحییه‌كان له خاوه‌نه ڕه‌سه‌نه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ن و، هیوای خواست کە ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، ڕۆژی نوێكردنه‌وه‌ی هیوا بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24-ى دیسه‌مبه‌رى 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان (نێچیرڤان بارزانى)، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى پیرۆزكردنى جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى عیساى مه‌سیحدا كرد، كه له شارۆچكه‌ى عه‌نكاوه، به به‌شداریى پیاوانى ئایینیى مه‌سیحى و میوانانى بیانى و ژماره‌یه‌كى زۆرى خوشك و برا مه‌سیحییه‌كان به‌ڕێوه چوو.
له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، سه‌رۆكوه‌زیرانی کوردستان، باسى له‌وه كرد كه "ئه‌مڕۆ، به‌بۆنه‌ی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیحه‌وه، له زۆر به‌شی جیهاندا هه‌زاران هه‌زار خێزان و خانه‌واده كۆده‌بنه‌وه. خه‌ڵكی پیرۆزبایی له یه‌كتر ده‌كه‌ن، دیاری ده‌گۆڕنه‌وه و داوای ئاشتیی و سه‌رفرازی بۆ یه‌كتر و گه‌له‌كه‌یان و مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن. دوعا ده‌كه‌ن ساڵی داهاتوو خه‌ون و هیوایان به شێوه‌یه‌ك بێته دی، بتوانن خزمه‌تی دۆست و دراوسێ و ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن، كه ناتوانن پێداویستیی ڕۆژانه‌ی خۆیان دابین بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه‌ش له بۆنه و جه‌ژنه‌كانماندا، هه‌مان خه‌ون و هه‌مان هیوا و هه‌مان دوعا دووباره ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه خاڵی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تیمانه له كوردستان، بێ گوێدانه جیاوازیی ئایینی و مه‌زهه‌بی، جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی، یان جیاوازیی زمان".
سه‌رۆكوه‌زیران رۆشنای خستە سەر ئه‌وه‌ى كه خه‌ونی گشت پێكهاته‌كانی كوردستان، پێكه‌وه‌ژیانی ئاسووده و ئاشتیانه‌یه و ئه‌وه‌ی كوردستان له زۆر وڵاتانی ده‌ورو‌به‌ر جیا ده‌كاته‌وه، سنگفراوانیی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه. په‌سه‌ندكردنی جیاوازی، قبووڵكردنی یه‌كتر و داكۆكیكردن له مافی یه‌كتریش، بنه‌مای مرۆڤایه‌تی به‌هێزتر ده‌كات، به‌تایبه‌تیش له كاتی ته‌نگانه و نه‌هامه‌تی و پێویستیدا. هه‌رێمی كوردستانیشى وه‌ك دوورگه‌یه‌كی ئاشتی بۆ پاراستنی ئه‌و كه‌مایه‌تیانه له قه‌ڵه‌م دا كه له ترس و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش په‌نایان بۆ هێناوه.
هه‌روه‌ها پاراستنی ژیانی ئه‌وانیشى به ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومان، به حكوومه‌ت و ده‌زگای خێرخوازی و ڕێخكراوی جه‌ماوه‌ری و هێزی سیاسی و تاكه‌كه‌سانه‌وه زانى. بۆ ئه‌مه‌ش نموونه‌ى به‌و هاوكارییانه هێنایه‌وه كه ئه‌م ساڵ چۆن پێكهاته‌كانی كوردستان، به‌هانای هاووڵاتیانى مه‌سیحی و ئێزیدییه‌وه چوون. وه‌ك چۆن هاووڵاتیانى مه‌سیحى دڵنیا كرده‌وه كه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی گرینگى كوردستانی و عێراقیی ئازیز لێیان ده‌ڕوانێت و له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وپه‌ڕى ده‌رك به ده‌رده‌سه‌رى و موعاناتیان ده‌كه‌ن.
(نێچیرڤان بارزانى) باسى له‌وه‌ش كرد كه، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، دواى كۆكردنه‌وه‌ی هێز و داڕشتنی پلانی سه‌ربازی، پێشمه‌رگه مێرخاسانه هێرشیان كرده سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش، بۆ ڕزگاركردنی چیای شه‌نگال و گوند و شاره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه و له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوویشدا چه‌ندین گوندی مه‌سیحی ڕزگار كران، بۆیه وێڕاى تراژیدیای هاوینى ڕابردوو، كه هاووڵاتیانى مه‌سیحی و ئێزدی، كه‌وتنه به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی داعش، ئێستا هه‌وڵى جیددی ڕزگاركردنی ده‌ڤه‌ركانیان مایه‌ی خۆشحاڵییه و، ئه‌مه‌ى به نیشانه‌ی بوونی هێز و توانا و خواستی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی پێكه‌وه‌ژیان له كوردستاندا، ناوزه‌د كرد.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه دوای هێرشی داعش و ئاواره‌بوونی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان، بێمتمانه‌یى و بێبڕوایى به پێكه‌وه‌ژیان دروست بووه، ئه‌مه‌شى به ئه‌نجامێكى سرووشتیى هێرشى تیرۆریستان له‌قه‌ڵه‌م دا كه دوژمنایه‌تیى مرۆڤایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان ده‌یكه‌ن و گوتى: "تاوانه‌كانیان له‌گه‌ڵ هیچ به‌هایه‌كى مرۆیى و ئه‌خلاقى و ئایینی‌دا نایه‌ته‌وه و له هه‌موو ئایین و بڕوایه‌كى ئاسمانى و نائاسمانییه‌وه دووره، چونكه هه‌موو ئایینه‌كان، بۆ ئاشتى و ئارامى و ئاوه‌دانى و پێكه‌وه‌ژیان و قبووڵكردنى یه‌كتر هاتوون".
سه‌رۆكوه‌زیران نه‌یشاره‌ده‌وه كه، له ئه‌نجامى تاوانه‌كانى تیرۆریستان‌دا، خواستێكی گه‌و‌ره دروست بووه بۆ كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌م هه‌ستكردنه به كه‌مده‌سه‌ڵاتى تێده‌گه‌ین، ئێمه له‌م هه‌ستكردنه به نائومێدی تێده‌گه‌ین، به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێت، له ساڵانی هه‌شتا و نه‌وته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، تراژیدیایه‌كی له‌م شێوه‌یه به‌سه‌ر به‌شێكی گه‌وره‌ی دانیشتووانی كوردستاندا هات، به تایبه‌تی له كاتی هێرشی دڕندانه‌ی به‌عس، له‌ژێر چه‌تری ئایه‌تی ئه‌نفالدا، كه‌چى وڵاتمان به‌جێ نه‌هێشت". داكۆكیشى له‌وه كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته هه‌مووان ڕوویان بكردبایه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئێستا ئه‌و خه‌ڵكه خاوه‌نی زێدی خۆى نه‌ده‌بوو، وڵات ئاوه‌دان نه‌ده‌كرایه‌وه و ئه‌مڕۆ نه‌یانده‌توانی به هانای كه‌سه‌وه بچێت.
بۆیه داواى له مه‌سیحی و ئێزدی، شه‌به‌ك و توركمان و ته‌واوى پێكهاته‌كانی دیكه كرد كه، سه‌بریان زۆر گه‌وره‌تر بێت، له ترسیان به‌رامبه‌ر به دوژمن. ئه‌و دوژمنه‌ى كه وه‌ك ئه‌و گوتى: "ته‌مه‌نیان زۆرى نه‌ماوه"، ده‌یانه‌وێت كه‌مایه‌تییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان و عێراق بتۆقێنن، تا زێدی خۆیان به‌جێ بهێڵن، به‌ڵام ئه‌وانى هان دا كه ده‌بێت خواستی پاراستنی وڵات و گه‌ل و زێده‌كه‌یان، له هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمن به‌هێزتر بێت و نابێت وڵات بۆ دوژمنان چۆڵ بكه‌ن، به‌ڵكوو ده‌بێت خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه بۆ گوند و ده‌ڤه‌ره‌كانیان، زۆر له ترس و هه‌ڕه‌شه و برسیه‌تی و كه‌مده‌رامه‌تیی ئه‌مڕۆ، به‌هێزتر بێت.
(نێچیرڤان بارزانى) هه‌روه‌ها به‌بیرى هێنایه‌وه كه، مه‌سیحییه‌كان له وڵات‌دا، ڕه‌گ و ڕیشه‌ى هه‌زاران ساڵه‌یان هه‌یه و هه‌زاره‌ها ساڵ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى دیكه، ئاشتیانه و برایانه پێكه‌وه‌ژیاون و پێكه‌وه وڵاتیان دروست كردووه. بۆیه مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندى به ژماره و كه‌م و زۆرى و ڕێژه‌ى دانیشتوانه‌وه نییه، مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندى به ڕه‌سه‌نى و دێرینى و مێژووى هه‌زاران ساڵه‌ى مه‌سیحییه‌كان و به‌شدارییان له بنیاتنان و پێكه‌وه‌ژیان و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها گوتى: "مه‌سیحییه‌كان یه‌كێك له هه‌ره پێكهاته ڕه‌سه‌نه‌كان و خاوه‌نه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ن. ئه‌وان لێره، له وڵاتى خۆیان ده‌توانن مێژوو و ئێستا و داهاتووى خۆیان بپارێزن. ئه‌وان لێره، له وڵاتى خۆیان، له‌سه‌ر زێدى باب و باپیرانیان، ده‌توانن دابونه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خۆیان بپارێزن، نه‌ك له شوێنێكى دیكه، نه‌ك له جیۆگرافیا و وڵاتێكى دیكه".
خۆشحاڵیى خۆیشى ده‌ربڕى كه ئه‌مجاره گه‌لی كوردستان ته‌نیا نییه و چه‌ندین وڵات به هانای كوردستانه‌وه، هاتوون. چه‌ندین حكوومه‌ت ئێستا له خه‌بات له‌دژی داعش و تیرۆر، به‌شدارن، بۆیه ئه‌گه‌ر پێش ئه‌م هاوینه، هه‌ست به ته‌نهایی كرابێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و هێرشی داعش، ئێستا هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارن، له ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی، پشتگیری له هه‌ڵمه‌ته‌كانى پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، بۆ ڕزگاركردنی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌ستی ئه‌و هێزه دژه مرۆڤایتییه.
له كۆتاییدا داواى كرد كه ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، ڕۆژی نوێكردنه‌وه‌ی هیوا بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان. ڕۆژێك بێت بۆ داگیرساندنى مۆمێكی نوێ بۆ له‌دایكبوونه‌وه‌ی هیوا، بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش، بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان و عیراق و یادى قوربانییه‌كان له‌پێناو سه‌ربه‌رزی، سه‌رفرازی، ئازادی و ئاشتیی كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانیدا، بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها دووباره پیرۆزبایی جه‌ژنى له پاتریارك كه‌نیسه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و عێراق و هه‌موو ڕه‌عیه و باوه‌ڕدارانیان و ته‌واوى كه‌نیسه‌و تائیفه مه‌سیحییه‌كانى كوردستان، عیراق و جیهان كرد.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی)
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، ئازیزان،
ئه‌م كاته‌تان باش..
ئه‌مڕۆ، به‌بۆنه‌ی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیحه‌وه، له زۆر به‌شی جیهاندا هه‌زاران هه‌زار خێزان و خانه‌واده كۆده‌بنه‌وه. خه‌ڵكی پیرۆزبایی له یه‌كتر ده‌كه‌ن، دیاری ده‌گۆڕنه‌وه و داوای ئاشتی و سه‌رفرازی بۆ یه‌كتر و بۆ گه‌له‌كه‌یان و بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن. دوعا ده‌كه‌ن كه ساڵی داهاتوو خه‌ون و هیوایان به شێوه‌یه‌ك بێته دی، بتوانن خزمه‌تی دۆست و دراوسێ و ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن، كه ناتوانن پێداویستیی ڕۆژانه‌ی خۆیان دابین بكه‌ن. ئێمه‌ش له بۆنه و جه‌ژنه‌كانماندا، هه‌مان خه‌ون و هه‌مان هیوا و هه‌مان دوعا دووباره ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه خاڵی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تیمانه له كوردستان، بێ گوێدان به جیاوازیی ئایینی و مه‌زهه‌بی، جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی، یان جیاوازیی زمان.
خه‌ونی گشت پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته، پێكه‌وه‌ژیانی ئاسووده و ئاشتیانه‌یه. ئه‌وه‌ی كوردستان له زۆر وڵاتانی ده‌ورو‌به‌رمان جیا ده‌كاته‌وه، سنگفراوانیی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه. ئه‌مه هێزێكی تایبه‌ت، هه‌ندێك جار بیستوومه، خه‌ڵكی ده‌ڵێن هێزێكی یه‌زدانی، به ته‌واوى پێهكاته‌كانی كوردستان ده‌دات. په‌سه‌ندكردنی جیاوازی، قبووڵكردنی یه‌كتر و داكۆكیكردن له مافی یه‌كتر، بنه‌مای مرۆڤایه‌تیمان له وڵاته‌دا به‌هێزتر ده‌كات، به تایبه‌تیش له كاتی ته‌نگانه و نه‌هامه‌تی و پێویستیدا.
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه بووه‌ته دوورگه‌یه‌كی ئاشتی، بۆ پاراستنی ئه‌و كه‌مایه‌تیانه‌ی كه له ترس و له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرستانی داعش په‌نایان بۆ كوردستان هێناوه. پاراستنی ژیانی هه‌ر یه‌كێكیان، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه، به حكوومه‌ت و ده‌زگای خێرخوازی و ڕێخكراوی جه‌ماوه‌ری و هێزی سیاسی و تاكه‌كه‌سیش له شار و گونده‌كانه‌وه. ئه‌م ساڵ ئێمه ئه‌وه‌مان به چاوی خۆمان بینی، كاتێك هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، به‌هانای هاووڵاتیانى ئازیزى مه‌سیحی و ئێزیدییه‌كانه‌وه هاتن، به‌شداری خه‌میان بووین. ئه‌و كه‌سه‌ی بۆی كرا، ده‌ستی یارمه‌تی به‌پێی توانای خۆی درێژ كرد، هه‌ندێكیان ماڵی خۆیان كرده‌وه، تا پێشوازی له چه‌ندین خێزانی ئاواره بكه‌ن. هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستى مه‌سیحى لای ئێمه، وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی گرنگى كوردستانی و عیراقیی ئازیزن و له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وپه‌ڕى ده‌رك به ده‌رده‌سه‌رى و موعاناتی ئه‌و خۆشه‌ویستانه ده‌كه‌ین.
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، به چاوی خۆمان بینیمان چۆن پێشمه‌رگه نه‌به‌رده‌كانی كوردستان، پاش كۆكردنه‌وه‌ی هێز و توانا و داڕشتنی پلانی سه‌ربازی، مێرخاسانه هێرشیان كرده سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش، بۆ ڕزگاركردنی چیای شه‌نگال و گوند و شاره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه. له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردووش‌دا چه‌ندین گوندی مه‌سیحی ڕزگار كران. سه‌رباری تراژیدیی ئه‌م هاوینه، كه هاووڵاتییه مه‌سیحی و ئێزیدییه‌كانمان كه‌وتنه به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی داعش، ئێستا هه‌وڵى جددیی ڕزگاركردنی ده‌ڤه‌ركانیان مایه‌ی خۆشحاڵیی هه‌موومانه. ئه‌مه نیشانه‌ی بوونی هێز و توانا و خواستی حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه، به ته‌واوى پێكهاته‌كانیه‌وه. ئه‌مه دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی پێكه‌وه‌ژیانه له كوردستاندا.
زۆر به‌داخه‌وه دوای هێرشی داعش و ئاواره‌بوونی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان له شار و شارۆچكه و گوند و ده‌ڤه‌ره‌كانیان، بێ متمانه‌یى و بێ بڕوایى به پێكه‌وه‌ژیان دروست بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكى سروشتیى ئه‌و هێرشانه و كارى ئه‌و تیرۆرستانه‌یه، كه دوژمنایه‌تیى مرۆڤایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان ده‌كه‌ن و تاوانه‌كانیان له‌گه‌ڵ هیچ به‌هایه‌كى مرۆیى و ئه‌خلاقى و ئایینی‌دا نایه‌ته‌وه و له هه‌موو ئایین و بڕوایه‌كى ئاسمانى و نائاسمانییه‌وه دووره. چونكه هه‌موو ئایینه‌كان، بۆ ئاشتى و ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێكه‌وه‌ژیان و قبووڵكردنى یه‌كتر هاتوون.
بۆیه له ئه‌نجامى تاوانه‌كانى ئه‌م تیرۆرستانه‌دا، ده‌بیستین كه خواستێكی گه‌و‌ره دروست بووه، بۆ كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ئێمه له‌م هه‌ستكردنه به كه‌مده‌سه‌ڵاتى تێده‌گه‌ین. ئێمه له‌م هه‌ستكردنه به نائومێدیی ئێوه تێده‌گه‌ین، به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێت كه ساڵانی هه‌شتا و نه‌وته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، تراژیدیایه‌كی له‌م شێوه‌یه به‌سه‌ر به‌شێكی گه‌وره‌ی دانیشتووانی كوردستاندا هات، به تایبه‌تی له كاتی هێرشی دڕندانه‌ی به‌عس، له‌ژێر چه‌تری ئایه‌تی ئه‌نفالدا، كه‌چى وڵاتمان به‌جێ نه‌هێشت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته هه‌موومان ڕوومان بكردبا ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئێستا خاوه‌نی زێدی خۆمان نه‌ده‌بووین. ئێستا نه‌مانده‌توانی وڵات ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه، ئێستا نه‌مانده‌توانی به هانای كه‌سه‌وه بێین. ئه‌و كاته سه‌خته، كه‌م كه‌س به هانای گه‌لی كوردستانه‌وه هات. به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو دژوارییه‌ك، دانیشتوانی ئه‌م وڵاته، به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، هه‌نگاو به هه‌نگاو كه‌وتنه‌وه پێكه‌وه‌نان و دروستكردنه‌وه‌ی ژیان. ماڵ و گونده‌كان ئاوه‌دان كرانه‌وه، مینه‌كان لادران، ڕێگه‌وبان دروست كران، بازرگانی ورده وه‌رده ژیایه‌وه. كانییه‌كانی كوردستان به‌سه‌ركرانه‌وه و هیوای نه‌پچڕانی ژیان له كوردستان سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه، باڵنده‌كان گه‌ڕانه‌وه شوێنی خۆیان.
له‌م ساته سه‌خته مێژوویه‌شدا، داوا له هاووڵاتیانى ئازیزمان له مه‌سیحی و ئێزیدی، شه‌به‌ك و توركمان و ته‌واوى پێكهاته‌كانی دیكه ده‌كه‌م، كه سه‌بریان زۆر گه‌وره‌تر بێت، له ترسیان به‌رامبه‌ر به دوژمن. ئه‌و دوژمنه بێ به‌هایانه، كه ته‌مه‌نیان زۆرى نه‌ماوه، ده‌یانه‌وێت كه‌مایه‌تییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان و عێراق بتۆقێنن، تا زێدی خۆیان به‌جێ بهێڵن. به‌ڵام ده‌بێت خواستی پاراستنی وڵات و گه‌ل و زێدمان، له هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنان به‌هێزتر بێت. نابێت وڵاته‌كه‌مان چۆڵ بكه‌ین بۆ دوژمن. ده‌بێت خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ گوند و ده‌ڤه‌ره‌كانمان زۆر به‌هێزتر بێت، له ترس و هه‌ڕه‌شه و برسیه‌تی و كه‌مده‌رامه‌تیی ئه‌مڕۆمان.
مه‌سیحییه‌كان له‌م وڵاته‌دا، ڕه‌گ و ڕیشه‌ى هه‌زاران ساڵه‌یان هه‌یه و هه‌زاره‌ها ساڵ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى دیكه‌ى ئه‌م وڵاته، ئاشتیانه و برایانه پێكه‌وه ژیاون و پێكه‌وه ئه‌م وڵاته‌یان دروست كردووه. مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندى به ژماره و كه‌م و زۆرى و ڕێژه‌ى دانیشتوانه‌وه نییه، مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندى به ڕه‌سه‌نى و دێرینى و مێژووى هه‌زاران ساڵه‌ى مه‌سیحییه‌كان و به‌شداریكردنیان له بنیاتنان و پێكه‌وه‌ژیان و به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م وڵاته‌دا هه‌یه. مه‌سیحییه‌كان یه‌كێكن له هه‌ره پێكهاته ڕه‌سه‌نه‌كان و خاوه‌نه‌كانى ئه‌م وڵاته. ئه‌وان لێره، له وڵاتى خۆیان ده‌توانن مێژوو و ئێستا و داهاتووى خۆیان بپارێزن. ئه‌وان لێره، له وڵاتى خۆیان، له‌سه‌ر زێدى باب و باپیرانیان، ده‌توانن دابونه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خۆیان بپارێزن، نه‌ك له شوێنێكى دیكه، نه‌ك له جوگرافیا و وڵاتێكى دیكه.
خۆشبه‌ختانه‌ش ئه‌مجاره گه‌لی كوردستان و كوردستانییه‌كان به ته‌نها نین. هه‌روه‌ك ده‌زانن، ئه‌مجاره چه‌ندین وڵات به هانای كوردستانه‌وه، هاتووه. چه‌ندین حكوومه‌ت ئێستا له خه‌باتمان دژی داعش و تیرۆر، به‌شدارن. ئه‌گه‌ر پێش ئه‌م هاوینه، هه‌ستمان به ته‌نیایی كردبێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و هێرشی داعش، ئێستا هێزه نێوده‌وڵه‌تییه هاوكاره‌كانمان، له ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی، پشتگیری له هه‌ڵمه‌ته‌كانمان ده‌كه‌ن، بۆ ڕزگاركردنی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌ستی ئه‌و هێزه دژه مرۆڤایه‌تییه.
بۆیه داوا ده‌كه‌م، با ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، ڕۆژی نوێكردنه‌وه‌ی هیوامان بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان. با ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، مۆمێكی نوێ، بۆ له‌دایكبوونه‌وه‌ی هیوامان، بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش، بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان و عیراق، دابگیرسێنین. با ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، ڕۆژی یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانمان بێت، له‌پێناو سه‌ربه‌رزی، سه‌رفرازی، ئازادی و ئاشتیی كوردستان و هه‌موو كوردستانییه‌كانی كه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین.
له كۆتاییدا پێم خۆشه له‌م سه‌كۆیه‌وه، پیرۆزبایی جه‌ژن له جه‌نابی پاتریاركی به‌ڕێز و كه‌نیسه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و عیراق و له ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه جه‌ژنه پیرۆزه له یه‌كه ـ یه‌كه‌ی ڕه‌عیه و باوه‌ڕدارانیان و ته‌واوى كه‌نیسه و تائیفه‌ی مه‌سیحییه‌كان له كوردستان، عیراق و جیهان بكه‌م.
جه‌ژنتان پیرۆز بێت.
ئیدۆخن بڕیخه..
عید میلاد سعید..
Merry Christmas







