دوای پەسەندکردنی بودجە سەداسەد ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ دەکرێت

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) رایگەیاند کە، لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەداسەد جێبەجێ دەکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە1/1/2015جێبەجێ دەکرێت و ھەر کاتێک پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکرێت، رێککەوتنەکە 100% جێبەجێ دەکرێت و، تا پەسەندیش دەکرێت لە ساڵی نوێ ھەرێمی کوردستانیش وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق، یەک لە دوازدەی بودجەی عێراق وەک بەشی خۆی وەردەگرێت.
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، ھەرێمی کوردستانیش لە سەرەتای ساڵی داھاتووەوە 250ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی و300ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک رادەستی بەغدا دەکات، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 150ھەزار بەرمیل رادەستی ئەوان دەکات.
زیاتر گوتی، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کراوە، ھەر کاتێک بەغدا مووچەی فەرمانبەران نەدات، ھەرێمی کوردستانیش نەوتی خۆی بۆ دەرەوە رەوانە ناکات.
(شەعبان) کە ھاوکات ئەندامی لیژنەی دارایییە لە پەرلەمانی کوردستان روونیشی کردەوە، بە دواداچوونم کردووە بۆ دابەشکردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی ولە ئێستادا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان .
ئەو پەرلەمانتارە رایشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی یەکدا، مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەران دابەش بکرێت و، وەزارەتی داراییش گەشبین بوو، بتوانی لە مانگی یەکدا مووچە دابەش بکات.
بڵند ئیبراھیم




