نووسینگەی سەرۆكی هەرێم وەڵامی داخلەدڵان دەداتەوە.. وەزیری پێشمەرگە سات بە سات لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان لە پەیوەندیدایە
__2014_07_06_h18m0s26__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەڵامی هەندێ نووسین و لێكدانەوەی ناو میدیا و ڕاگەیاندنەكان دەداتەوە کە وەک دەڵێ "داخلەدڵانە"، لە بایەخی ئامادەیی وەزیری پێشمەرگە کەم دەکەنەوە بەوەی کە، لە بەرەكاندا دیار نییە و ئاگاداری پلان و هێرشەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ نییە؛ هاوکات ڕایدەگەیەنێ کە، وەزیری پێشمەرگە، سات بە سات لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدایە و زۆر سەركەوتووانە كاروباری وەزارەت و ئەركی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بەڕێوە دەبات.
دەقی ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
ماوەیەكە لە هەندێ نووسین و لێكدانەوەی ناو میدیا و ڕاگەیاندنەكاندا هەوڵی شێواندنی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و كەمكردنی بایەخی ئەو سەركەوتنانە دەدرێت و، داخلەدڵانە باس لەوە دەكرێت كە بەڕێز وەزیری پێشمەرگە لە بەرەكاندا دیار نییە و ئاگاداری پلان و هێرشەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ نییە.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە هەر لە سەرەتای پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان و گرتنەبەری ستراتیژی بەرگری و پاشان ستراتیژی پەلاماردان بۆ سەر تیرۆریستان لە گشت میحوەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەدا، بەڕێز وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری پلانەكانە. ڕۆژانە و سات بە سات لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدایە و زۆر سەركەوتووانە كاروباری وەزارەت و ئەركی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بەڕێوە دەبات.
نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
24ـی 12ـی 2014




