٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیان: دەمیرتاش ناسنامەی ڕوون نییە.. ئەگەر توركە، خۆ توركەكانیش پیرۆزباییان كرد، ئەڵبەت كوردیش قسەی وا ناکات

سەرچاوە: KDP.info

باشووری کوردستان-KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن، (دەمیرتاش) ناسنامەی روون نییە كە ئایا كوردە یان تورك! ئەگەر تورك بێت، ئەوا توركەكانیش پیرۆزباییان لە سەركەوتنی پێشمەرگە كردووە، ئەگەر كوردیش بێت، ئەوا بەو لێدوانەی گومانی زیاتر دەخرێتە سەر ناسنامەكەی كە دەڵێت، نابێ شنگال بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

 

هاوسەرۆكی گشتیی پارتیی دیموكراتی گەلان (سەڵاحەددین دەمیرتاش) گوتی، نابێت شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و بە شارێكی عێراقیی زانی، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش لە بەرانبەردا وێڕای رەتكردنەوەی ئەو قسانە بە (دەمیرتاش) دەڵێن، "ئایا تۆ كە تا ئێستا نازانرێت كوردی یان تورك، تا ئێستا نەتوانیوە كێشەكانت لە توركیا چارە بكەیت، بە چ پێوەرێك و چ مافێكەوە رێگە بە خۆت دەدەیت زاتی ئەوە بكەیت باسی ناسنامەی كوردستانییەتی شنگال بكەیت و، بە لێدوانێك كە سوودی بۆ دووژمنانی كورد هەیە، بڵێی شنگال نابێت بگەڕێتەوە باوەشی هەرێمی كوردستان".

 

پێوەست بەم پرسە، هاووڵاتی (عێزەددین شەمسەددین) دانیشتووی قەزای بەردەڕەش، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "بە داخەوە بۆ ئەم لێدوانەی (دەمیرتاش) كە دەربارەی شنگال داویەتی، نەدەبوو بڵێت شنگال نابێت بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان بەو قسانەی كە كردوونی، چونکە دڵی هەموو كوردێكی ئێزدی و پێشمەرگەكانی زامدار كردووە، دەبووایە دەستخۆشی لە جەنابی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە بكردایە، بە بۆنەی ئەم دەستكەوتە گەورەیەی كە هێزی پێشمەرگە بە دەستی هێنا و توانییان رێگە بۆ رزگاركردنی زیاتر لە دە هەزار كوردی ئێزدی بكەنەوە".

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی، "(دەمیرتاش) پێویستە بە زوویی داوای لێبووردن لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات، داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم، ئێوە بە رێگەی دەنگی ئێمە پەرلەمانتاری هەرێمن، پێویستە ئەو لێدوانەی (دەمیرتاش) ریسوا بكەن".

 

هاوکات پارێزەر (كاوار حەمید باڤی)لە شاری دهۆكەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەو هەڵوێستەی (دەمیرتاش) بە لای ئێمەوە سەیر بوو، بە راستی ئێمە پێشبینیی هەڵوێستی جوان و یەكڕیزییمان دەكرد، نەك پارچەكردنی كوردستان؛ ئەو باسی ئەوە دەكات كە، هاتنی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان ترسناكە و سەر بە عێراقە، یاخود بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، چونكە بە فەرمی سەر بە حكوومەتی عێراقە، ئەگەر (دەمیرتاش) لە فەرمییەت دەپرسێ، ئەدی چوونی پێشمەرگە لە باشوور بۆ هاوكاریی رۆژئاوای كوردستان و یەپەگە چ فەرمییەتێكی هەیە، بۆ لەو كاتەدا بێدەنگ بوون؟."

ئەو پارێزەرە گوتیشی، "نازانم بە چ فەرمییەتێك مافی بە خۆی دەدات بۆچوونی خۆی لەسەر شنگال بدات، ئەوە تایبەتە بە باشووری كوردستان، ئەوان بەو سیاسەتە سەقەتەیان تاكو ئیستا نەیانتوانیوە كێشەی كورد لە باكووری كوردستان بەرەوپێش ببەن، با یەكەم جار پرسەكانی خۆی چارە بكات ئینجا هیی خەڵكی دیكە".

(كاوار) زیاتر گوتی، "ئەگەر شنگال بە لای (دەمیرتاش)ـەوە گرینگ نەبێت، ئەوا بە لای باشوورییەکانەوە زۆر گرینگە، چونكە زۆر شەهیدمان بۆ ئازادكردنی ئەو خاكە داوە و، كوردانی ئێزدییش خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن كە چەندین ساڵە ئەوان لەسەر ئەو خاكەن نەك میوانن، بەڵكە خاوەنی خاكن لە باشووری كوردستان".

مامۆستا لە كۆلێژی یاسا و زانستی رامیاری لە زانكۆی دهۆك دكتۆر (ئیبراهیم محەممەد شەرەفانی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "(دەمیرتاش) پێویستە هەندێك راستیی مێژوویی و جیۆگرافی و یاسایی و سیاسی دەربارەی رەوشی شنگال بزانێت، چونكە لە رووی مێژووییەوە ئێزدییەكان كوردی رەسەنن،  لە رووی جیۆگرافییشەوە دەڤەری شنگال ناوچەیەكی كوردستانییە، لە رووی یاساییشەوە دەستووری عێراق تەنیا رێگەی بە پارێزگاكان داوە ببنە هەرێمی سەربەخۆ، سەرباری ئەوەیش دەڤەری شنگال ناوچەیەكە تایبەتە بە ماددەی 140، تەنیا كوردانی ئێزدی دەتوانن لە رێگەی ریفراندۆمەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن كە دەیانەوێت بێنە سەر هەرێمی كوردستان یان نا، نە (دەمیرتاش) و نە غەیری (دەمیرتاش) ناتوانن لە جێی كوردانی ئێزدیی شنگال باس لە چارەنووسی ئەو شارە بكەن".


(شەرەفانی) دەشڵێت، "ئەمە بە پێگەی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە گرێ دراوە كە وەك هەموومان دەزانین لە رۆژهەڵاتی ناوین دەرفەرتێكی زۆر پیرۆزی هێناوەتە پێش كە میللەتی كورد دەتوانێت لە رێگەی ئەو دەرفەتەوە بگاتە مافی رەوای خۆی، واتە سەربەخۆیی، بۆیە ئەوەی كە (دەمیرتاش) دەیڵێت، موزایەدەی سیاسییە و خزمەتی خوێنی شەهیدان ناكات".
گوتیشی، "ئەو جۆرە لێدوانە تەنیا خزمەت بە دوژمنانمان دەكات و هەوڵدانە بۆ پەیداكردنی دووبەرەكی لەنێو ماڵی كوردیدا، ئەو جۆرە لێدوانانە پێویستە لە ئاستی كوردستانی گەورەدا ریسوا بكرین، دەبێ ئێمەی كورد یەكگرتوو بین بۆ ئەوەی خزمەتی كوردستان بكەین و زەمینە بۆ دەوڵەتی كوردستان خۆش بكەین".


هاووڵاتی (ئاراس رەمەزان) بە گوتەكانی (دەمیرتاش) دڵگران بوو و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لێدوانی (دەمیرتاش) كوردانی ئێزدیی دڵگران كرد، ئەمە لە كاتێكدایە لەبری ئەوەی پیرۆزبایی سەركەوتنی لە كوردانی ئێزدی و هێزی پیشمەرگە كردبا، لێدوانێكی داوە كە خزمەتی بە دوژمنانی كوردستان كردووە و پێویستە بە زوویی جەماوەری كوردستان ئەو لێدوانەی (دەمیرتاش ریسوا بكەن".


لای خۆیەوە هاووڵاتی (مستەفا كەریم) لە شاری كەركووك دەڵێت، "(دەمیرتاش) تا ئێستا دیار نییە كە توركە یان كوردە؟ تەنانەت ئەگەر توركیش بێت، توركەكان پیرۆزباییان لە سەركەوتنی پێشمەرگە كردووە، ئەگەر كوردیشە، ئەوا بە دڵنیاییەوە گومان لە ناسنامەكەی دەكرێت، بۆیە پێویستە ئەو لێدوانەی سەركۆنە بكرێت".

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار