پێشمەرگە گەورەترین هێرشی تیرۆریستانی تێکشکاند.. 23 ئەمیر تێیدا بەشدار بوون.. دەیان لاشەیان پێ جێهیشتن و زریپۆشێکیان تێکشکاند و یەکێکیشیان گرت

مەخموور-KDP.info- هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ- مەخموور وەها بە توندی بەرپەرچی هێرشێکی فراوانی تیرۆریستانی داعشیان دایەوە، کە دەیان لاشەیان پێ جێ هێشتوون و زریپۆشێکیان تێک شکاندووە و دەستیشیان بەسەر یەکێکی دیکەدا گرتووە و تا ئەو شوێنەی کە لێیشیەوە هاتبوون، ڕاویان نان.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە میحوەری گوێڕ- مەخموور، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند، هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش، سەعات 4ـی ئەم ئێوارەیە و زۆر بە فراوانی بوو، کە لە گوندەکانی: کوشافی سەروو و خواروو، گوێزاتی سەروو و خوار و وادی غەرب و سوڵتان عەبدوڵڵا و تل شعێرەوە هێرشیان کرد.
سەرچاوە باڵا سەربازییەکە زانیارییشی دا کە، لەو هێرشە فراوانەی تیرۆریستانی داعشدا، بۆ یەکەم جارە زریپۆش بە کار هێنراوە؛ دەیشڵێت، "بەپێی زانیارییەکانمان 23 ئەمیری ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەیش بەشدارییان لەو هێرشەدا کردووە، بەڵام لە ئاکامدا، هێزەکانی پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و بە توندی بەرپەرچی دانەوە و تێکیشکاندن و ئەوەی لێیان بە زیندووی مابێتەوە ئەوا ڕیکردووە، ئەگینا کوژراوە و لاشەکەی لە ناوچەکانی شەڕ جێ ماوە."
ئەو سەرچاوەیە هاوکات گوتی، بە هۆی زەبری توندی پێشمەرگە قارەمانەکانەوە، کە هەموو ناوچەکەیان لێ کردن بە ئاگر، زریپۆشێکی تیرۆریستان تێکشکێندرا و زرێپۆشێکی دی کەوتە دەست پێشمەرگەوە.
ئەو ئەگەرچی جەختی لە کوژرانی دەیان تیرۆریست کردەوە کە لەو بەرپەرچدانەوەیەی پێشمەرگەوە لاشەیان جێ ماون، بەڵام گوتی، چونکە شەوە و شەڕیش لە ڕووبەرێکی فراوان بووە، هێشتا دیار نییە کە چەندن.
زریان زیاد




