٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دەبنە خاوەنی دۆمەینی ریزبەندی یەکەمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەگوێرەی راگەیاندراوێکی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپیەکی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەوتووە، ئەمرۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (8465) لە بەرواری 24/12/2014 داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە کەوا سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دۆمەینی تایبەت لەژێر دۆمەینی ڕیزبەندی یەکەمی کوردستان (edu.krd.) بەکاربهێنن. سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان دەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کوردستان بکەن بە مەبەستی دابینکردنی دۆمەینی تایبەتیان.

 
دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان،هاوشێوەی ووڵاتانی جیهان، لەڕێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریەوە توانی ببێت بە خاوەنی دۆمەینی ڕیزبەندی یەکەمی کوردستان (KRD.) لە ئێساتادا فەرمانگە لەهەوڵی بەردەوامدایە دۆمەینی تایبەت لەژێر دۆمەینی ڕیزبەندی یەکەمی کوردستان بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابین بکات. هەر زانکۆ و پەیمانگایەک هاوشێوەی زانکۆکانی ووڵاتانی جیهان ناونیشانی وێبسایتەکەیان کۆتایی دێت بە (edu.krd.).
 
فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بەپێویستی زانی کە زانکۆ و پەیمانگاکان هەڵبژێرێت وەکو دەزگایەکی پەروەردەیی باڵا و پێشەنگ لە هەرێمی کوردستان بۆئەوەی ببن بە خاوەنی دۆمەینی تایبەت لەژێر دۆمەینی ڕیزبەندی یەکەمی کوردستان. لەئێستادا فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەم دۆمەینە بۆ هەریەک لە زانکۆی ڕاپەڕین (www.raparin.edu.krd )و زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک (www.audk.edu.krd) دابینکردووە. 
 
لەڕێگەی پەیوەندی و هەماهەنگی کردن لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ، سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن بۆ دابینکردنی دۆمەینی (edu.krd.).

 

هەواڵی پەیوەندیدار