٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرانی سیاسی: بۆچوونەکانی ناڕه‌وا و ناده‌ستوری و نائه‌خلاقین‌.. دەمیرتاش بۆی نییە قسە دەربارەی چارەنووسی شنگال بکات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سیاسی و مامۆستایانی زانکۆ، لێدوانەکەی (دەمیرتاش) دەربارەی چارەنووسی شنگال ڕەت دەکەنەوە و رایدەگەیەنن، شنگال کوردستانییە و کاری (دەمیرتاش) نییە دەستبخاتە کاروباری شنگال و کوردانی ئێزدییەوە. هەروا جەختیش دەکەنەوە کە، (دەمیرتاش) بۆی نییە قسە دەربارەی چارەنووسی شنگال بکات.

دوای ئەوەی  هاوسەرۆكی گشتیی پارتیی دێموكراتی گەلان (سەڵاحەددین دەمیرتاش) بە ماڵپەڕی فورات نیوزی نزیك لە پارتیی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـی ڕاگەیاند، شنگال بە شێوەیەكی فەرمی بەشێكە لە عێراق، ئێستا مەترسی هەیە كە ئەو شارۆچكەیە بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان،
ئەو لێداوانەی (دەمیرتاش) کاردانەوەی بەدوادا هات و، بە باوەڕی مامۆستای زانکۆ و چاودێرانی سیاسییەوە دەرکەوت، (دەمیرتاش) هیچ زانیارییەکی پێوەست بە هەرێمی کوردستان و خەباتی کوردانی ئێزدی نییە، هەروەها دەڵێن، بە هیچ شێوەیەک کەسێکی وا بۆی نییە لێدوان لەسەر هەرێمی کوردستان بدات و، دەستبخاتە کاروباری کورادنی ئێزدی و شنگالەوە، چونکە ئەو جۆرە لێدوانانە هەوڵێکن بۆ سڕینەوەی رەسەنایەتیی کوردانی ئێزدی و ناسنامەی کوردستانیەتی شنگال.

سكرتێرى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان (به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا)  به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمىی پارتىی رایگه‌یاند، "نه‌ده‌بوو به‌ دوور و نزیك (ده‌میرتاش) خۆى له‌ بابه‌تێكى وا هه‌ستیار بدایه،‌ چونكه‌ له‌ باشوورى كوردستان په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و حزبى سیاسیمان هه‌یه‌ و دواجار خه‌ڵكى شنگالمان هه‌یه"،‌ گوتىشی:"به‌ درێژانى مێژوو خه‌بات و تێكۆشانى كورد له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌، بۆیه‌ خاوه‌نى راستى ئه‌و گرفته‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و هێزه‌ سیاسییه‌كانى كوردستانن‌، بۆیه‌ هه‌ر لێدوانێكی وەها، به‌ خراپ ده‌زانین، چونكه‌ هه‌ق نییه‌ لایه‌نێك له‌ پارچه‌یەکی دیكه‌وه‌ خۆى له‌و بابه‌ته‌ وەربدات."

هەر پێوەست بە ناسنامەی کوردستانیەتیی شنگال و لیدوانەکەی (دەمیرتاش)، مامۆستا لە زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددین (د.ئازاد نه‌قشبه‌ندى) به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمىی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ناسنامه‌ى ئێزدییه‌كانی شنگال كوردستانییه‌ و خه‌ڵكى شنگالیش كوردستانین و ناوچه‌كه‌یشیان كوردستانییه؛‌ بۆیه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ بیرۆكه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى شنگال له‌ كوردستان، بیرۆكه‌یه‌كى ناڕه‌وا و ناده‌ستورییه‌ و نا ئه‌خلاقییه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌:
" یه‌كه‌م ناوچه‌كه‌ كوردستانییه‌. دووه‌م: خه‌ڵكه‌كه‌ى كوردستانیین. سێیەم: حكوومه‌تى هه‌رێم به‌رپرس نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر شنگالدا هاتووه‌، چونكه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قوربانى داوه‌، له‌پێناوى شنگال و ئه‌و ناوچانه‌دا، بۆیه‌ هیچ هێزێك نییه‌ شنگال له‌ كوردستان جیا بكاته‌وه و‌ كه‌سیش بۆی نییه‌ جگه‌ له‌ ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان خۆى به‌سه‌ر شنگالدا فه‌رز بكات."

(نەقشبەندی) دەیشڵێت: "زۆر جێگاى سه‌رسوڕمانه‌ كه‌سێكى وه‌ك (ده‌میرتاش) به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر شنگال بكات، بۆیه‌ لەبارەی شنگالەوە به‌ڵگه‌ جیۆگرافییه‌كان و، به‌ڵگه‌ مێژووییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر كوردستانیبوونى شنگال ده‌ده‌ن؛ بۆ كوردبوونى ئێزدییه‌كانیش، ئه‌وه‌ خه‌ڵكى شنگال خۆیانن بڕیار له‌سه‌ر خۆیان ده‌ده‌ن نه‌ك لایه‌نێكى دیكه".

هەر پێوەست بەم پرسە، (د.كه‌مال كه‌ركووكى) به‌رپرسى مەکتەبی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى پارتیی دیموكراتى كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمىی پارتىی راگه‌یاند: "شنگال پارچه‌یه‌كى دانه‌بڕاوه‌ له‌ كوردستان و له‌ هه‌رێمى كوردستان ئیداره‌ى هه‌رێم هه‌یه،‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم هه‌ن‌، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى له‌نێو هه‌رێمن پارچه‌یه‌كن له‌ باشوورى كوردستان، شنگال كوردستانییه‌ و نابێت هیچ ته‌فسیرێكى دیكه‌ى بۆ بكرێت."

(كه‌ركووكى) گوتیىشى : "ڕه‌نگه‌ (ده‌میرتاش) زانیارى نه‌بێت له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێم و، بۆ خۆى ئه‌و لێدوانانه‌ ده‌دات؛ ئێمه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان خۆى بڕیار لە چاره‌نووسى خۆى بدات، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگاى ڕیفراندۆمه‌وه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ لێدوانێك كار ناکاتە سه‌ر بەگومانکردنی ناوچه‌یه‌كى كوردستان، چونکە هه‌مووى به‌ خوێنى پێشمه‌رگه‌یە کە دەگەڕێنەوە باوەش هەرێمی کوردستان، نەک بە لێدوانێکی وەها کەسانێک."

هەواڵی پەیوەندیدار