فڕۆکەیەکی خراوەتە خوارەوە.. ئەردەن هۆشداری دەداتە داعش و ئەوەیشی کە پشتی دەگرێت

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەن، هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە کە، لە هەڵمەتی بۆردوومانکردنی مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی ڕەققەی سووریا لە لایەن تیرۆریستانەوە خراوەتە خوارەوە. هاوکات هۆشداریشی دا بە داعش و ئەوەیشی کە لە پشتییەوەن، لە سەلامەتیی گیانی فڕۆکەوانەکە.
لە بەیاننامەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەردەندا کە ئاژانسی هەواڵی بەترا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە "ئەو ڕێکخراوە پلانە تیرۆریستییەکانی ناشارێتەوە، زۆرێک تاوان و کردەی تیرۆریستیی ئەنجام داون، لە عێراق و سووریا خەڵکی بێتاوانی موسوڵمان و ناموسوڵمانیش دەکوژێ و هەر وێران دەکا."
بەیاننامەکە هەروەها هۆشداری داوە بە داعش و ئەوەیشی لە پشتییەوەیەتی لە سەلامەتیی گیانی فڕۆکەوانەکە، بەڵام زانیاریی زیاتری نەداوە لەوەی کە دەبێ کێ و چ وڵاتێک لە پشتەوەی داعشەوە بێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە پێگەی خۆیان لە تویتەر، خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەردەنی ڕاگەیاند، هەروەها وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە کە کەوانددویانەتە خوارەوە.
ڕەققە بە مۆڵگەی سەرەکیی تیرۆریستانی داعش ناو دەبرێ کە دەکەوێتە باکووری سووریاوە و ئەو ناوچەیە هەمیشە کراوەتە ئامانجی گورزوەشاندنەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا ڕابەرایەتییان دەکات.
ئەردەن یەکێکی وڵاتگەلی نێو هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژ ەب داعشە، کە لە ڕیی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە، هەڵمەتی کوتانی مۆڵگەکانی داعش لە سووریا دەکاتە ئامانج.
زریان زیاد




