ئەو چەکانەی بەغدا بۆ فێرگەی سەربازیی مووسڵی ناردوون، بێكەڵكن

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی لە فێرگەی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی دووبەردان، ئەو چەك و تەقەمەنییەی بەغدا بۆینی ناردووە، بێكەڵكن.
پاش چوونی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بۆ بەغدا و خستنەڕووی داواکارییەکانیان کە خۆیان لە: مووچە، بودجەیەكی تایبەت و پڕچەككردنی فێرگەی سەربازیی موووە، حکوومەتی عێراق چەك و تەقەمەنیی نارد، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی لە فێرگەی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی دووبەردان، چەكەكان بێكەڵكن.
ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری بە وەكالەت (هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "یەكەم كاروانی پێداویستیی سەربازی لە لایەن بەغداوە گەییشتە هەولێر كە بۆ ئەو بنكە سەربازییەی لە دووبەردان كراوەتەوە دابین كراون، بەڵام لە كاتی بینینی ئەو چەكانە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەری پۆلیس، ئاگادار كراینەوە كە ئەو چەكانە هیچیان بە كەڵكی شەڕكردن نایەن و تەنیا 2000 پارچە چەكیشیان ناردوون لەگەڵ ژمارەیەک بیكەیسی كە هەموویان لە كار كەوتوون".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی، "بەغدا تاكو ئێستا تەنیا بە قسە دەڵێن هاوكارتان دەبین، كەچی بە كردەوە ئەوەیان نەسەلماندووە و هاوكاری و پاڵپشتییان نییە بۆ ئەو فێرگە سەربازیانەی بۆ ئازاد كردنی مووسڵ كراونەتەوە".
(بریفكانی) ئاماژەیشی دا، "دەربارەی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازیانەی بەغدا، راپۆرتێكمان لە رێگەی سەرۆكی ئەنجوومەن (بەشار كیكی)ـیەوە ناردووەتە بەغدا، بۆ ئەوەی بیداتە نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆ كە ئەو چەكانە كاریان پێ ناكرێت".
(هاشم بریفكانی) زیاتر گوتی، "هیوادارین بەغدا هاوكارییەكانی بە جیددی بگەیەنێتە ئەو فێرگە سەربازییە و ماددی و مەعنەوی پاڵپشت بێت نەك تەنیا بە قسە لەگەڵمان بن و بە كرداریش نەبێت".
لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە چەندان داواكارییەوە سەردانی بەغدایان كرد و لەلایەن بەغدایشەوە بەڵێنی جێبەجێكردنیان درا، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەك پێویست داواكارییەكانی جێبەجێ نەكردوون.
نەشوان بەرزنجی




