دەروازە نوێیەکەی نێوان هەرێم و تورکیا بەمنزیکانە تەواو دەبێ

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) و كۆنسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر(محەممەد عاكیف ئەنام)، پرسی دەروازەی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایان خستە بەر باس و جەختیان لە زوو تەواوکردنی کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە هاتووە، کۆبوونەوەکەی نێوان (نەوزاد هادی)و (محەممەد عاكیف ئەنام) لە دیوانی پارێزگای هەولێر بووە؛ ئەوان جەختیان کردەووەتەوە لە هەماهەنگیكردن بۆ زوو تەواوكردنی دەروازەی نوێی هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كە كاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ سەر ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان هەردوولادا، هەروەها بۆ بواری گەشتوگوزاری و كولتووری ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت، ئەمە جیا لە ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتیانی هەردوو وڵات.
سەرۆكوەزیرانی توركیا(ئەحمەد داوودئۆغڵو) لە دواسەردانیدا بۆ هەولێر، ڕایگەیاند کە قەبارەی ئابووریی نێوانی كوردستان و توركیا بە 8 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت؛ ئەڵبەت بە کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووری کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوە دەکرێ و گوشاری سنووری ئیبراهیم خەلیل کەم دەکاتەوە، چاوەڕوان دەکرێ، قەبارەی ئابووریی نێوان هەولێر و ئانکارا ڕوو لە هەڵکشانی زیاتر بێ.
هەر لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا، پارێزگاری هەولێر پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرچی زوو تەواوكردنی ئەو دەروازە تازەیە نیشان دا و، توركیایشی وەك وڵاتێكی دراوسێی گرینگ بۆ هەرێمی كوردستان وەسف ناو برد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بەر لەماوەیەك پڕۆژەی دەروازە نوێكەی نێوانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای ڕاگەیاند. لە ئێستایشدا پڕۆژەكە کاری تێدا دەکرێ و چاوەڕوان دەکرێ بەم نزیكانە تەواو دەبێت.
كەنعان بەهادین




