پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی دزی و کوشتنی ڕاگەیاند.. ئەفسەرێکی سوپای عێراقیشیان تێدایە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، باندێکی دزی و کوشتنیان دەستگیر کردووە کە لە چوار کەس پێک هاتوون، ئێستایش دووان لەو گرووپە دەستگیر کراون و دووانەکەی دیکەیش پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە کردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە هۆبەی ڕاگەیاندنی پۆلیس بەڕێوە چوو ڕایگەیاند، کەسێک کە پلەی ملازمی یەکی لە سوپای عێراقدا هەبووە، بە یارمەتیی سێ کەسی دیکە، پێنج تاوانی ئەنجام داون کە چواریان دزیکردن بوون لە هەولێر و تاوانێکی کوشتنیشیان لە دهۆکدا ئەنجام داوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا، لیوا (عەبدولخالق) ئاماژەی دا، "ڕووداوەکان بەم شێوەیە بوون، لە ڕۆژی (9-9-2013)-دا، تۆمەتباری سەرەکی لەگەڵ سێ تۆمەتبارەکەی دیکەدا هاتوونەتە هەولێر و چەند لاپتۆپ و مۆبایلێکیان لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلدا بردووە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا دزییان لە کۆمپانیایەک کردووە کە بڕێک پارە لەناو قاسەی کۆمپانیاکەدا بووە".
دەشڵێت، تاوانی سێیەم لە (5-10-2014)ـدا بووە کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژن و (20) ملیۆن دینار و (100) مسقاڵ زێریان لە ماڵێکدا دزیوە، دزیی چوارەمیشیان لە ئەوانی دیکە جیاواز بووە، چونکە لەگەڵ دزیکردندا بە چەکوش لە ژنی ماڵەکەیشیان داوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، پێوەست بەو تاوانەی لە ئەو تۆمەتبارانە لە دهۆکدا ئەنجامیان داوە، ڕوونی کردەوە، تاوانباری سەرەکی بە هاوکاریی سێ تۆمەتبارەکەی دیکە، لە بازاڕی گۆڕینەوەی دراودا چاودێریی کەسێکیان کردووە کە (4000) دۆلاریان لێ سەندووە و پاشان کوشتوویانە.
(عەبدولخالق تەڵعەت) گوتیشی، ئەفسەرەکە و تۆمەتبارێکیان لەو گرووپە چوارکەسییە دەستگیر کردوون، دوو تۆمەتبارەکەی دیکەیش چوونەتەوە مووسڵ و پەیوەندییان بە ڕیزەکانی داعشەوە کردووە.
ئومێد پشدەری




