شێخ شامۆ: لێدوانەكەی دەمیرتاش ستاندنەوەی ڕەسەنایەتییە لە شنگال.. ئەو خاكە پڕە لە قوربانی كە لە پێناو هەرێمی كوردستاندا داویەتی

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی هاوسەرۆكی پارتیی دیموكراتی گەلان هەدەپە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) باسی لەوە كرد كە پێویستە شنگال بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ و نەخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەم لێدوانە بووە هۆی نیگەرانیی كوردانی ئێزدییەكان و نوێنەری كوردانی ئێزدییش لە پەرلەمانی كوردستان، سەرسووڕمانی خۆی لەو لێدوانە پێشان دا و گوتی، ئەو لێدوانە لە بەرژوەندیی ئەمڕۆ و پاشەڕۆژی كوردانی ئێزدیدا نییە.
نوێنەری كوردانی ئێزیدی لە پەرلەمانی كوردستان (شێخ شامۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەپێی لێدوانی (سەڵاحەددین دەمیرتاش) بێت، شنگال تازە هاتووەتە سەر زەوی، ئینجا پێویستە بڕیار بدرێت بخرێتە سەر عێراق یاخود هەرێمی كوردستان یاخود لایەنەكان ململانێی سیاسیی لەسەر بكەن.
(شێخ شامۆ) گوتیشی، "جیۆگرافیای شنگال سەر بە هەرێمی كوردستانە و ئەو خاكە پڕە لە قوربانی كە لە پێناو هەرێمی كوردستانی داوە، ئەمە شتێكی نوێ نییە ئێستا بڕیار لەسەر چارەنووسی شنگال بدەین و، ڕەسانەیەتیی كوردی لە شنگال بستێنینەوە".
زیاتر گوتی، "ئەو كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزدیدا هاتوون، ئەگەر كورد نەبووانە كە هاتوونە بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لەئێستادا ناوچەكانیان ڕزگار دەكات، ئەوكات كێ خۆی لێ دەكردن بە خاوەن؟"
نوێنەری كوردانی ئێزدی ڕوونیشی كردەوە، "پێویست بوو ئەو بەڕێزە راسپاردەی ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان بكردایە كە ئەمانە كوردن و زیانیان پێ گەییشتووە، بۆیە پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە و خزمەتیان بكرێت، نەك داوا بكات شنگال بێ خودان بمێنێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی ململانێی سیاسی بە شنگال بكرێت."
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەو لێدوانە لە بەرژوەندیی ئەمڕۆ و پاشەڕۆژی شنگالدا نییە، چونكە شنگالی وێران گەر بێخاوەن بێت كێ بنیاتی دەنێتەوە، دیارە دەیەوێت وەكو رۆژئاوا ببێتە كانتۆنێكی سەربەخۆ.
بڵند ئیبراهیم




