لە مووسڵ نرخی غاز و بەنزین بەرز بووەوە.. سەركردەیەكی دیكەی داعش كوژرا

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، نرخی كەلوپەل و سووتەمەنی لە مووسڵ بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بە جۆرێك نرخی یەك لیتر بەنزین بە دوو هەزار دینارە و نرخی یەك بوتڵ غازیش بووە بە 100هەزار دینار. ئاماژەشی دا كە، هەر ئەمڕۆ سەركردەیەكی داعش لە مووسڵ لەلایەن دوو چەكداری نەناسراوەوە كوژرا.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، داعش هەموو جۆرە پارەیەكی بیانی لەنێو پارەگۆڕەكانی مووسڵ كشاندووەتەوە، بەو هۆیەیشەوە ئەمڕۆ نرخی 100 ددۆلار بۆ 126هەزار دیناری عێراقی بەرز بووەتەوە.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، بە هۆی گەڕانەوەی بازرگانەكانی سووریا بۆ وڵاتەكەیان، لیرەی سووریایش دابەزیوە.
زیاتر گوتی، نرخی كەلوپەل و سووتەمەنی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێك نرخی یەك لیتر بە نزینی نۆڕماڵ بووە بە دوو هەزار دینار و نرخی یەك بوتڵ غازیش بووە بە 100 هەزار دینار.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای گۆگجەلیل لە شاری مووسڵ سەركردەیەكی داعش بە ناوی (سەباح غالب جەنابی) لە لایەن دوو چەكداری نەناسراوەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدا كوژرا.
بڵند ئیبراهیم




