كەمال كەركووكی: زیاتر لە 100 تیرۆریست لە شەڕی خەرابەڕووتدا كوژراون

هەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی Pri لە سەردانێكی مەیدانیدا بۆ خەرابەڕووت، چیرۆكی سەركەوتنی پێشمەرگە لەو ناوچەیە دەگێڕێتەوە و، لەسەر زاری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی میحوەری کەرکووک دوبز (كەمال كەركووكی)، نووسیویەتی كە، لەو جەنگەدا زیاتر لە 100تیرۆریستی داعش كوژراون.
ماڵپەڕی Pri، لەسەردانێكی مەیدانیدا بۆ خەرابەڕووت ریپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی هیزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە لەو دەڤەرە و پشتی بە لێداوانەكانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (كەمال كەركووكی) بەستووە.
ماڵپەڕی Pri لە دەسپێكی ریپۆرتەكەدا نووسیویەتی كە، "كاروانێكی ئۆتۆمبێل بەڕێوە دەهاتن، ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان 6 دانە بوون، ئۆتۆمبێلەكان گوللەنەبڕ بوون و بە هێواشی دەڕۆییشتن كە لە خەرابەڕووتەوە بۆ رۆژئاوای كەركووك بەڕێوە بوون، رێگاكە خۆڵ و تەسك بوو، ئەو ئۆتۆمبیلانە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، هەروا ژمارەیەك خانوویش لە ناوچەكە هەبوون، بەڵام رێك بە ئەرزەوە نووسابوون، چونكە لە میانی جەنگێكی سەختی نێوان هیزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش ئاسەواری شەڕ بەسەر خانوو و ناوچەكەدا دیار بوو. ئەو دیمەنە، راستیی سەركەوتنی پێشمەرگەیە كەوا دەجەنگن و سەركەوتنیان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا تۆمار كردووە.
ماڵپەڕەکە نووسیویەتی کە، هەروەك بەرپرسی میحوەری پێشمەرگە لەو ناوچەیە (كەمال كەركووكی) ئاماژەی دا، "چەند هەفتەیەك پێش ئێستا شەڕێكی سەخت لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لەو دەڤەرە كرا، ئێمە توانیمان سەر بكەوین و 100 تیرۆریستی داعشیش لەو ناوچەیە بكوژین."
ماڵپەڕەکە ئاماژەیشی کردووە کە، ئەو جەنگەی لەو دەڤەرە كراوە تەنیا شەڕێكە لە كۆی چەندین شەڕی دیكەی هێزی پێشمەرگە كە دژ بە تیرۆریستانی داعش كردوویانە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش پاڵپشتی هیزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن لە جەنگی دژ بە داعشدا.
پێوەست بە رووخانی خانووەكانی خەرابەڕووت، (كەمال كەركووكی) گوتی، هۆكاری رووخانی خانووەكان بۆ تیرۆریستانی داعش دەگەڕێتەوە، چونكە خۆیان لە نێو خانووەكان حەشار دەدا و هەروەها لەو شوێنە هاووڵاتییەكی زۆریش باوەڕیان بە داعش هەبوو.
شاو كوردی




