وهزیرى دهرهوهى ئیتالیا ستایشى پێشمهرگهی کرد.. نێچیرڤان بارزانی: هاوكاریكردن بۆ گەڕانەوەی خەڵكی دەشتی نەینەوا كاری لە پێشینەمانە

هەولێر-KDP.info- وهزیرى دهرهوهى ئیتالیا ستایشى سەرکەوتنەکانی پێشـەرگەی کرد و ئاشکرای کرد، "نیگەرانییەكی زۆر لاى ڕای گشتی لەوبارەوە هەبوو و جەخت لەسەر ئەم بارودۆخە دەكرایهوە، بۆیە توانای پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی شنگال لە ڕووی سیمبۆلى و مۆڕاڵهوه، زۆر گرینگ بوو." (نێچیرڤان بارزانی)ـیش لەبارەی بارودۆخی دەشتی نەینەوا و ڕزگاركردنییهوه، ڕیگەیاند "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ مووسڵ كارێكی سەختە، بەڵام هاوكاریكردن بۆ گەڕانەوەی ئەم خەڵكە بۆ زێدی خۆیان لە پێشینەی كارەكانی ئێمەیە و ناشتوانین كاتەكەی دیاری بكەین".
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی دیسەمبەری 2014 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوزای لە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا(پاولۆ جێنتیلۆنی) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا (نێچیرڤان بارزانی) وێڕای بەخێرهێنان؛ تیشكی خستە سەر دواپێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووپات كردەوە كە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە، بە تایبەت تیشكى خسته سهر كاریگەریی هێرشە ئاسمانییەكان له گۆڕێنی باڵانسی شەڕ و ئاماژەی بە قوربانییەكانی پێشمەرگە و بەرگریی قارەمانانەیان له بەرنگاربوونەوەی تیرۆردا، كرد.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها باسی لە ڕەوش و پێویستییهكانی ئاوارە و پەنابەران كرد و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتنی هاوكاریی بەپەلە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانهوه كردەوە، بە تایبەت كە وەرزی سەرما و سۆڵە و زستان گەیشت و ئاوارهكان لە بارودۆخ و ڕەوشێكی نالەباردان و ئەوپەڕی پێویستییان بە هاوكاریی بەپەلە هەیە. سوپاسی سەرۆكوەزیران و سەرۆكئەركانی سوپای ئیتالیایشی كرد كە لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانه بوون دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمى كوردستان؛ سەردانی ههولێریان كرد، ههروهها سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا نارد.
(نێچیرڤان بارزانى) ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستییان بە هاوكاریی ئیتالیا ههیه بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەورووپا هان بدەن تا لە پرسی ناساندنی كارەساتی ئێزدییەكان بە جینۆساید لە ئاستی جیهاندا؛ هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراقیش باسی لە دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و هیوای خواست ڕێككەوتنهكە ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمایەكی واقعبینانە و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ بهڕێز سەرۆك وەزیران و حكوومەتی نوێی عێراق دووپات كردهوه.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوی ئیتالیا(پاولۆ جێنتیلۆنی) وێڕای پێشكەشكردنی پیرۆزبایی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری؛ باسی لە ڕۆڵی دیاری كورد له هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا كرد و بە ڕۆڵێكی زۆر گرینگی لە قەڵەم دا، ههروهها دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینى بۆ ڕۆڵی پێشەرگە و خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك ئامادەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستانە و پێشتریش هاوكاریی سەربازی و مرۆییان پێشكەش كردووە و چەند تیمێكیان مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە پێشمەرگە دهكهن و ئەو تیمانە لە ڕۆژانی داهاتوودا فراوانتر دەكرێن. دووپاتیشی كردەوە كە ئیتالیا هەم لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و هەم بە شێوەیەكى ڕاستەوخۆش، هاوكاریی هەرێم دەكات.
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا باسی لەوەش كرد كە دوای ڕزگاركردنی شوێنەكان، ئیتالیا دەتوانێت لە بواری ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و لەم بوارەشدا خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەندن. ههروهها خۆشحاڵیی خۆی به پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتالیا دەربڕی و هیوای خواست ئەو نووسینگە دیپلۆماسییەی له ههولێر ههیانه، لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا ببێتە كونسوڵخانە و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی ئیتالیا بڕیاری لهسهر داوە. سەرسامی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئارامی و پێشكەوتوویی شاری هەولێر نیشان دا و بە شارێكی مۆدێرن و ئارام و سەقامگیری لەقەڵەم دا.
دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕێك خرا و سهرهتا سهرۆكوهزیران، خۆشحاڵیی خۆی لە پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕاگەیاند كە ئەمڕۆ سهردانى هەولێری کرد، گوتیشی، سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا خۆی لە كەسانی یەكەم بووە كە دوای ئەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەرەو كوردستان هاتن، هات سەردانی هەولێری كرد و دواتر سوپاسالاری ئیتالیایش هات؛ ئیتالیا وەك بەشێك لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی دژی تیرۆریستان دروست بوو، لە ڕووی تەقەمهنی و چەك و یارمەتیی مرۆیی و هاوكاریی سەربازییهوه، یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی "ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی ئەو تەوەرانە و پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و ئیتالیامان كرد، هەروەها باسی ئەو هاوكاریانەمان كرد كە ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووه و دەینێرێت. هەرێمی كوردستان سوپاسگوزاری ئەو یارمەتییەیە و هیوادارین ئەو پەیوەندیانەی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەگشتی لەگەڵ ئیتالیا لە ئایندەدا زیاتریش ببێت."
دواتر وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە وتەیەكدا، پیرۆزباییی سەركەوتنی پێشمەرگەی لە سەرۆكوهزیرانى هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتى كردهوه كه، سهركهوتنهكانى شنگال لە ڕووی مۆراڵهوه كاریگەریی زۆری لەسەر ڕای گشتی دروست كرد و گرینگیی خۆی هەبوو و گوتی:
"كۆبوونەوەیەكی زۆر گرینگ و بەسوودمان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی (نێچیرڤان بارزانی) هەبوو، من حەز دەكەم لە سەرەتادا پیرۆزبایی لە (نێچیرڤان بارزانی) بكەم بۆ ئەو دەستكەوتە سەربازیانەی لە شنگال بە دەست هاتن و ئەمەش زۆر گرینگ بوو لە ڕووی مۆراڵهوه، چونكە نیگەرانییەكی زۆر لاى ڕای گشتی لەوبارەوە هەبوو و جەخت لەسەر ئەم بارودۆخە دەكرایهوە، بۆیە توانای پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی شنگال لە ڕووی سیمبۆلى و مۆڕاڵهوه، زۆر گرینگ بوو."
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا زیاتری گوت، "وەك سەرۆكوەزیران گوتی، ئێمە باسی هاوكاریی هاوبەشی نێوانمان كرد لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە دژی داعش پێكهاتووە، بە تایبەتی هاوكاریی سەربازی و خۆشحاڵم كە لە ڕۆژی یەكەمەوە یەكەم تیمی ئێمە لە مامۆستا و ڕاهێنەر و مەشقكارانی سەربازیی ئیتاڵی، گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە ئایندەدا ژمارەیان دەگاتە 280 كەس، بەڵام ئێستا 35ـیان گەیشتوونەتە هەولێر بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لەسەر ئەو سیستەمەی چەكی ئیتاڵی كە بۆ ئهوانمان دابین كردووە.
ئێمە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی هاوكاریی مرۆییمان كرد كە ئەمەش ئەركێكی قورس و سهخته لەسەر هەرێمی كوردستان و لە ڕووی هەبوونی پهنابهر و ئاوارەى ناوخۆوه، حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستۆتە ژێر بارێكی قورسهوه."
ههروهها گوتى: "ئیتالیا لەمبارەیەوە بەرنامەی خۆی هەیە و دەستپێشخەریی ئەوەی هەبوو كە 12 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریی مرۆیی دابین بكات، بەڵام ئێمە بیرمان لە دەستپێشخەریی دیكە كردۆتەوە بۆ هاوكاریی مرۆیی، بە تایبەتی كە ئێستا لە وەرزی زستانداین، بۆیە دەمانەوێ لەم ڕووەوە هاوكار بین. ئێمە هەروەها جەخت لەسەر باشتركردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولامان دەكەینەوە، جگە لە خەبات لە دژی تیرۆریستانی داعش، دەمانەوێ پەیوەندییەكانمان لە زۆر بواردا بچێتە پێشهوه، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و كولتووریەوە، چونكە دەكرێ كاری زۆر لەسەر هەردوو بوار بكرێت، كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولای تیادایە، ڕاستە ئێستا ئەو هاوكارییە هەیە و لە زۆر بواریشدا بەدی دەكرێت، هەروەها تیمی تایبەتمان لە بواری شوێنەواردا هەیە و بە ڕەچاوكردنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی لە ڕووی سەربازییەوە بە دەست هاتوون، ئەگەری هاوكاری لە زۆر بواردا زیاتر دەكات."
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئاشكرای كرد، ههموو ئهو فڕۆكە ئیتالیانهى یارمهتى و هاوكارى بۆ ههرێمى كوردستان دههێنن، پێشتر له بهغدا دهنیشنهوه ئینجا دێنه ههولێر، ئهمهش لهسهر داواى حكوومهتى عێراقه و گوتى: "ئێمه لهم داوایه تێدهگهین." ڕوونیشى كردهوه کە لە دواسەردانیدا بۆ بەغدا، تێبینیی ئەوەی كرد ئەوان بەرنامەی خۆیان هەیە و بە بەیاخەوە دەڕواننە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەولێر ئیمزایان كردووە و هیوای خواست جێبەجێی بكەن.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بارودۆخی دەشتی نەینەوا و ڕزگاركردنییهوه، ئاماژەی دا، ئەگەر ئۆپهراسیۆنى سەربازیش بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی مهسیحییهكان بۆ شوێنەكانی خۆیان، ڕاگرتن و پاراستنی ناوچەكە كارێكی گرینگترە و گوتی: "بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مووسڵ، ئەم كارە زەحمەت دەبێت، نیگەرانیی ئێمە لە بارەی پاراستنیانە دوای گەڕانەوەیان. ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ مووسڵ كارێكی سەختە، بەڵام هاوكاریكردن بۆ گەڕانەوەی ئەم خەڵكە بۆ زێدی خۆیان لە پێشینەی كارەكانی ئێمەیە و ناشتوانین كاتەكەی دیاری بكەین".
دواتر وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەوەی خستە ڕوو كه، وڵاتەكەی چەكی بە هەرێمی كوردستان داوە و پێكهاتبوو لە مووشەكی RBG و دژهتانك، ئەمە جگە لە هەبوونی مەشقكار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لەسەر بەكارهێنانی و ئاماژەی بەوەش دا فڕۆكەكانی ئیتالیا لە بنكەی سەرەكیی خۆیانەوە لە كوێت كاری خۆیان ئەنجام دەدهن و جۆری فڕۆكەكانیش TORNADO و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانن كه ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئیتالیاى لهسهره.
ئینجا (نێچیرڤان بارزانی) تیشكى خسته سهر بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو و ڕوونى كردهوه، كوردستان بە كاتێكی سەختدا تێپەڕی، لە هەمان كاتیشدا گەشبینیی خۆی بە حكوومەتی تازەی (عهبادی) نیشان دا و دووپاتی كردەوە ئێستا قۆناغێكی دیكەی پەیوەندییەكان دەست پێدەكات، ههروهها ڕایگهیاند كه (عهبادی) سەردانی كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستا كاتی سەردانەكە دیار نییە و گوتی: "لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی كاركردنمان لەگەڵ حكوومەتی تازەی عێراقدا هەیه بۆ چارەكردنی كێشەكان."
ههروهها گوتى "ئێمە مانگی ڕابردوو سەردانی بەغدامان كرد و گەیشتینە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی پرسی نەوت و داهاتهوه بۆ هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی نەوتى ڕۆژانه لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەگەڵ هاوكاریكردنی بەغدا بۆ هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نهوتى ڕۆژانه لە نەوتی كەركووك. هیوادارین بگەینە جێبەجێكردنی ئهم ڕێككەوتنە لە سەرەتای مانگی یەكی ساڵی تازە، بە هەبوونی كەشوهەوایەكی تازە و هیوادارین سوودی لێ وەربگرین بۆ چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، هەروەها پێویستە بەغدایش 17%ـی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بنێرێت كە تا ئێستا ئێمە 11%ـمان وەرگرتووە، ئەم ڕێككەوتنەش بۆ ماوەی یەك ساڵە و هیوادارم لەم كاتەدا بگەینە ڕێككەوتنی تەواو و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوكارییەك.
دوایین شت له وهڵامى پرسیارێكدا وهزیرى دهرهوهى ئیتالیا گوتى: "پێزانینمان بۆ ڕۆڵى پێشمهرگه ههیه كه له جیاتى ههموو جیهان لهسهر زهوى به هاوكاریى هێزى ئاسمانیى هاوپهیمانان شهڕى داعش دهكات، ئهمه تهنیا ههستى من نییه، ههستى ڕاى گشتیى ئیتالیایش ههر ئهمهیه. بهشداریى پێشمهرگه له شهڕهكانى كۆبانێیشدا بهرز دهنرخێنین و هاوكارییهكى باشه بۆ ئهو شهرڤانانهى له وێ دهجهنگن."




