پەرلەمان.. چاوەڕوان دەكرێت بودجە دوور لە ململانێی سیاسی پەسەند بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف) رایگەیاند کە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە دوور لە ململانێی سیاسی و لە ماویەكی نزیكدا پەسەند بكرێت، چونكە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە كۆی دەنگ پەسەند كراوە و، هەموو لایەنەكان پێی رازیبوون و وەك ساڵانی پێشوو نەبووە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی پەسند كرد، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە سەعات 11-ی پێشنیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز بدات و تێیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بكات و دواتریش رەوانەی لیژنە پێوەندیدارەكان، دەكرێت.
(جاف) گوتیشی، ئەندامانی پەرلەمان تێبینییەكانی خۆیان پێوەست بە پڕۆژەیاساکەوە دەنووسن و ئاڕاستەی لیژنەی دارایی دەكەن و لیژنەی داراییش راپۆرتێك لەسەری ئامادە دەكات و چاوەڕوان دەكرێت ئەم جارە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بكرێت، چونكە ئەم جارە رەنگە ململانێی سیاسی وەك ساڵانی پێشوو نەبێت ، لەبەر ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا پڕۆژەیاساكە بە كۆی دەنگ پەسەند كراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، حەوتی مانگی داهاتوو كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەكەنەوە و پشووی پەرلەمان كۆتایی دێت، بۆیە ئەگەر لیژنەی دارایی پەلە بكات، دەتوانێ تا ئەو كاتە پڕۆژەیاسای بودجە ئاماد بكات بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و پەسند بكرێت.
هەر پێوەست بە پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عیراق، ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لە لیستی كوردستانی دكتۆرە ( بێریوان خەیلانی ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق پەسەندكرد كە، بڕەكەی 123 ترلیۆن دینارە و نرخی هەربەرمیلێك نەوتیش بە 60 دۆلار خەملێنراوە، بریاروایە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر 11 ی نیوەڕۆ لە پەرلەمان ئامادەدەبین بۆ ئەنجامدانی یەكەم دانیشتن و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بکەین.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نووینەرانی عێراق گوتیشی: لەبەر ئەوەی تا ئیستا رەشنووسەكەمان بە دەست نەگەیشتووە، بۆیە ناتوانین هیچ شتێك دەربارەی بڵێین، ئەگەر ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان تەواوبێت، ئەوا رۆژی پێنجشەممە بۆ تاوتووکردنی بودجە کۆ دەبینەوە.
جێی ئاماژەیە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بە كۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عیراق لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا.
بڵند ئیبراهیم-نەشوان بەرزنجی




