خورماتوو.. ئەفسەرێكی میلیشیای شیعە كوژرا و چەكدارێكیشیان لێ بریندار بوو

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو رائید (فاروق ئەحمەد) رایگەیاند کە، لە ماوەی دوو سەعاتدا بەهۆی دوو كردەی تیرۆریستییەوە ئەفسەرێكی سەر بە میلیشیای شیعەكان بە پلەی رائید كوژرا و، چەكدارێکی دیكەش بریندار بوو.
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو، رائید (فاروق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک بارەگای حزبی شیوعی لەسەر شەقامی سەرەكی نێوەڕاستی خورماتوو، بۆمبێكی لكێندرا و بە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێكی هێزەكانی بەدری سەر بە شیعە بە ناوی رائید (عەلی فەخرەدین) تەقییەوە و بەو هۆیەوە ئەفسەرەكە برینداربوو، بەڵام پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە لەبەر سەختی برینەكەی كەمێك لەمەوبەر گیانی لە دەست دا.
بەڕێوەبەری ئاساییشی دووزخورماتوو ئەوەشی خستەروو: هەر ئەمشەو لە گەڕەكی حوسێنی شارۆچكەی خورماتوو، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو، چەكدارێكی شیعەی سەر بە هێزەکانی بەدریان لە بەردەم ماڵی خۆیان دایە بەردەستڕێژی گولـلە و بەهۆی بەركەوتنی دوو گولـلەوە، ئەو چەكدارەی هێزەكانی بەدر بە سەختی بریندار بوو.
كاروان جاف




