٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردستان، سەرەتای 2016 ڕۆژی ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتی مانگی ئابی 2014ـی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە ڕاپۆرتی پێشبینی بۆ ساڵی 2014 ناوی بردووە،  حکوومەتی هەرێم پێشبینی دەکات لە سەرەتای ساڵی 2016ـەوە رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.

  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی گرینگی پێوەست بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غازی سرووشتی و پاڵاوتن و فرۆشی (نێوخۆ و هەناردەکراو) لە هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو کە تیایدا لە ساڵی 2003ـەوە تا کۆتاییی مانگی ئابی 2014، بە داتا و زانیاریی تەواوەوە ڕاگەیاندووە.

ئاماژەیەکی سەرەتایی
لە راپۆرتەکەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە، لە 2003 تا مانگی ئابی 2014 بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی جێگیر و بەردەوام زیادی کردووە. لە 2015ـدا، چاوەڕوان دەکرێت هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنان بەخۆیەوە ببینێت، هەروا بۆ  2015 و سەرەتایی 2016 ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی کردووە کە، هەرێم بتوانێت ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە هەر رۆژێکدا بەرهەم بهێنێت.

دەستپێکی ڕاپۆرتەکە
لە دەستپێکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە دراوە کە، لە کانوونی یەکەمی 2014ـەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 هەزار بەرمیلی نەوت ڕۆژانە هەناردەی دەرەوە دەکات و، چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆتایی چارەکی یەکەمی 2015ـیش بەرهەمهێنانەکە بگاتە 500 هەزار بەرمیلی نەوت لە ڕۆژێکدا. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە، بەرهەمهێنان بە مەبەستی پاڵاوتن و بەکارهێنانی نێوخۆیی بەردەوام دەبێت بەبری 120 هەزار بۆ 150 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کاتێک ئاستی بەرهەمهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام زیاد دەکات، بە هەمان شێوە هەناردەکرنیشی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی کوردستانەوە زیاد دەبێت و لە ڕێی تانکەریشەوە بۆ تورکیا زیاد دەبێت. پێوەست بە داهاتی گشت چالاکییەکانی هەناردەی نەوت، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی داوە کە، داهاتەکە وەک بەشێک لە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدڕاڵی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لە قازانجی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق دەبێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، "لە 2014ـدا، بەشی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە پاڵێوراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ بڕدرا بەهۆی ناجێگیریی ئەو ناوچانەی عێراق کە لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بەڕێوە دەبران، لە ئاکامداهەرێمی کوردستان ناچار بوو پشت بە خۆی ببەستێت بە بەکارهێنانی بەرهەمهێنان و بەرهەمە سووتەمەنییە هاوردەکراوەکان بۆ بەدیهێنانی خواستی نێوخۆیی. زۆرینەی هاوردەکراوەکان لە ڕێی پرۆسەی ئاڵوگۆڕپێکردنی نەوتی خاو بە بەرهەمە سووتەمەنییەکان ئەنجام دران کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە دایمەزراندوون، هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت لە بەرهەمهێنانی نەوت بە ئامانجی گەیشتن بە بەرهەمهێنانی  یەک بەرمیلی نەوت لە رۆژێکدا".

بەرهەمهێنان و پاڵاوتن
ڕاپۆرتەکە بۆ بەرهەمهێنان و پاڵاوتن دوو خشتەی بڵاو کردوونەتەوە کە لەو دوو خاڵەدا ئاماژەی پێ‌دەدەین:
یەکەم/ بەرهەمهێنان: پێوەست بە بەرهەمهینان و پاڵاوتن و پێشبینیی فرۆشتن بۆ ساڵی 2014، ڕاپۆرتەکە بە خشتە دیاریی کردووە کە، سەرجەم بەرهەمهێنان بە هاوتای بەرمیل لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2014 بەرهەم هاتوون، بریتییە لە 44,494,762 بەرمیل لە هاوتای نەوت کە  سەرجەمی بەرهەم: بە بەرمیل لە هاوتای نەوت دەپێورێت، سەرجەمی بەرهەم ئاماژەیە بۆ بڕی نەوت و غازی بەرهەمهاتوو لە لایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
دووەم/ پاڵاوتن: دابینکراو بۆ پاڵاوتە سەرەکییەکان: بە بەرمیل لە هاوتای نەوت دەپێورێت، هەروا دابینکراو بۆ پاڵاوتە سەرەکییەکان ئاماژەیە بۆ بڕی نەوت و غازی دابینکراو بۆ پاڵاوتە کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە چاودێری دەکرێن و بریتین لە: (پاڵاوتەی کەڵەک)  کە کار گرووپ کاری تێدا دەکات و (پاڵاوتەی بازیان) کە بازیان پێت کاری تێدا دەکات، (پاڵاوتەی تاوکێ) کە دی ئێن ئۆ پێت، کاری تێدا دەکات، هەروا نزیکەی هەموو بەرهەمە پاڵێوراوەکانی ئەم پاڵاوتە سەرەکیانە لە نیوخۆدا بەکار دەهێرنێت، بێجگە لە نەفتا و نەوتی ڕەش کە هەندێ جار لە ڕێی ئێرانەوە هەناردەی بازاڕی نێودەوڵەتی دەکرێت. پێوەست بەو پاڵاوتانەوە لە ساڵی 2003 تا 2004 بەرمیل لە هاوتای نەوت کە بەکار هێنراوە بریتییە لە بڕی 133,251,359.

هەناردەکردن لە ڕێی تانکەر و هێڵی بۆریی هەرێمەوە
یەکەم/ هەناردەکردن لە ڕێی تانکەرەوە: بە بەرمیل لە هاوتای نەوت دەپێورێت، هەناردەکردن لە ڕێی تانکەرەوە؛ ئاماژەیە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تانکەرەوە بە گوێرەی پرۆسەی هەنووکەیی ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو بە بەرهەمە سووتەمەنییەکان لە ڕێی تورکیاوە، لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2004 بڕی 24,360,114 بەرمیل لە هاوتای نەوت هەناردە کراوە.
دووەم/ هەناردەکردن لە ڕێی هێڵی بۆریی هەرێمەوە: بە بەرمیل لە هاوتای نەوت دەپێورێت، هەناردەکردن لە ڕێی هێڵی بۆریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە؛ ئاماژەیە بۆ هەناردەکردن لە رێگەی ئەو هێڵی بۆڕیەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنیەتی و دەڕوات بۆ تورکیا، لە ساڵی 2003 تا 2014 بڕی 44,494,762 بەرمیل لە هاوتای نەوت هەناردە کراوە.

هەناردەکردن لە ڕێی سۆمۆوە و فرۆشی نێوخۆ:
یەکەم/ هەناردەکردن لە ڕێێ سۆمۆوە: بە بەرمیل لە هاوتای نەوت دەپێورێت، هەناردەکردن لە ڕێی سۆمۆوە ئاماژەیە بۆ بڕی نەوت و غازی هەناردەکراو لە ڕێی رێکخراوی دەوڵەت بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆوە. سۆمۆ بەشێکە لە وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەموو هەناردەی پێتڕۆڵی باشووری عێراق بەڕێوە دەبات. لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2014 بڕی 71,133,945 نەوت لە هاوتای بەرمیل بەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە کراوە.

فرۆشی نێوخۆ: بە بەرمیل لە هاوتای نەوت دەپێورێت. فرۆشتنی نێوخۆ ئاماژەیە بۆ بڕی نەوت و غازی فرۆشراو بە کڕیارانی نێوخۆ. نەوتی خاوی کڕدرا و لە نێوخۆدا لە پاڵاوتە بچووکەکاندا لە نێو وڵات چارە دەکرێت، و زۆربەی بەرهەمە پاڵێوراوەکانی لە نێوخۆدا بەکار دەهێرنێت بێجگە لە نەفتا و نەوتی ڕەش کە هەندێ جار لە ڕێی ئێرانەوە هەناردەی بازاڕی نێودەوڵەتی دەکرێت پێوەست بەمەش لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2014 بڕی 123,924,100 بەرمیل لە هاوتای نەوت فرۆشراوە.

کورتەی بەکارهێنانی ناوخۆیی نەوت 2004 – ئاب 2014
بەکارهێنانی ناوخۆیی نەوت لە عێراق بەرامبەر بەکارهێنانی ناوخۆیی نەوت لە هەرێم لەگەڵ قەرەبووی کۆمپانیاکان. پێوەست بەم خاڵە ڕاپۆرتی وەزارەتی سرووشتی حکوومەتی هەریمی کوردستان، بۆ ساڵی 2014 بەمشێوەیە دیاریی کردووە کە، کۆی بەکارهێنراوی نەوت لە عێراق هەرێم بریتی بووە لە 2,282,384,733 بەرمیل لە هاوتای نەوت، هەروا کۆی بەکارهێنراو لەگەڵ دابینکراو بۆ وەزارەتی نەوت و قەربوویش بۆ کۆمپانیاکان بریتییە لە، 377,239,021 بەرمیل لە هاوتای نەوت. شایستەی 71%ـی هەریم بریتییە لە 388,005,405 بەرمیل لە هاوتای نەوت.

جیاوازی نێوان بەکارهێنراو شایستە بریتییە لە 10,766,383
تیینی: ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی کە ئەم ڕاپۆرتە پێشبینی‌کراوە بۆ ساڵی 2014.

هەواڵی پەیوەندیدار