Bloomberg view: ئۆباما تێگەیشت کە تاکە دۆستێکی ئەمریکایی لە ناوچەکەدا کوردە..بارزانی جەخت لە ریفراندۆم دەکات

هەولێر-KDP.info-بە گوێرەی بابەتێکی ماڵپەڕی Bloomberg view، لە ئێستادا گۆڕانکاری گەورە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر هەرێمی کوردستان هاتووە و کوردەکان نزیکبوونەتەوە لە دەوڵەتی کوردی و، سەرۆکی هەریمی کوردستانیش (سەرۆک بارزانی) جەخت لە ریفراندۆم دەکاتەوە.
ماڵپەڕی Bloomberg view نووسیویەتی، لەبەر هەواڵەکانی پێوەست بە کوبا و کۆریای باکوور کە رووپەڕی رۆژنامەکانی جیهانیان گرتوون، ئەمریکاییەکان هەواڵێکی گرینگ و نوێیان لە گۆشەیەکی جیهان بیرچووە، ئەویش سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە گەورەترین سەرکەوتنی لە دژی تیرۆریستانی داعش بەدەستهێناوە و، رووبەڕێکی زۆری خاکی کوردستانیان ئازاد کردووەتەوە.
ئەم سەرکەوتنەی هێزی پێشمەرگە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت کە لە ئێستادا ئەمریکا بڕیاریداوە مەشق و راهێنان بە 3 لیوای پێشمەرگە بکات، ئەمە وادەکات ئەمریکا گەورەترین پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بێت، بە تایبەت لە بەدیهێنانی دەوڵەتی کوردی و، ریکخستنەوەی پێشمەرگە وەک سوپایەکی سەردەمیانە.
ماڵپەڕی ماڵپەڕی Bloomberg view نووسیویەتی کە، سەرەتا سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ( باراک ئۆباما) بایەخی بە عێڕاقی یەکگرتوو داوە و، نەیویستووە کە کوردەکان هەنگاو بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ بنێن، هەروەها دیپلۆماتکارانی (ئۆباما) زیاتر بایەخیان بە رازایکردنی سەرکردە شیعیەکان داوە، تا ئەو کاتەی کە کورد نەوتی خۆی بۆ دەرەوە هەناردە کرد، ئیدارەی (ئۆباما) بە جۆرێک لە جۆرەکان هێشتان رێگری لە هەناردەی نەوتی هەریم دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی کە شاری مووسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعش داگیر کرا و، ئەو چەکانەی ئەمریکا بە سوپای عێراقی دابوون کەوتنە دەستی داعش، ئەو کاتە (ئۆباما) بۆی دەرکەوت کە، تاکە دۆستێکی ئەمریکا لە ناوچەکە هەیبێت کوردە.
سەرکەوتنی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و بە تایبەت سەرکەوتنی ئەو دوایەی پێشمەرگە لە شنگال و پشتئەستووری ئەمریکا بە پێشمەرگە، لە ئێستادا گۆڕانکاری گەورەی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر هەرێمی کوردستان هێناوە.
ئەگەر چی ماڵپەڕەکە، چەند نمونەیەکی تاڵی ئەمریکای بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئاماژە پێکردووە کە، لە سەردەمی پێشووتری ئیدارەی بۆشی بچوک و ئیدارەی (ئۆباما) تا پێش داگیرکردنی مووسڵ، نەیانویستووە کورد ببێتە دەوڵەت و پشتگیریان لە عێراقی یەکگرتوو کردووە، بەڵام ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە جەختکردنی (سەرۆک بارزانی) کردووە کە، (سەرۆک) دەیەوێ ریفراندۆم بکرێت کە: (مەبەستی ماڵپەڕەکە لەو ریفراندۆمە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەرێمی کوردستانە تا ئەو هەرێمە ببێت بە دەوڵەت)، هەروا ئەمریکاییش ئەگەر دەرفەتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بێتە بوون، پشتگیری دەکات.
هاوکات لە ماڵپەڕی Bloombergview خراوەتە ڕوو کە، یەک خاڵی سەرەکی و جەوهەری ماوە کە لەلایەن کورد هەنگاوی بۆ بنرێت، ئەویش دروستبوونی سوپایەکی سەردەمیانەیە کە :(مەبەستی ماڵپەڕەکە لە ریکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، وەک سوپایەکی مۆدێرنە)، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا ئەمریکا و هاوپەیمانانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، ئەمەش نیشانەیەکە کە کورد لە سەربەخۆی و دروستبوونی دەوڵەتەی کوردی نزیک بووەتەوە.
شاو کوردی




