کۆبانی..ئارامترین رۆژی تێپەڕاند..250 خێزان گەڕاونەتەوە

کۆبانی-KDP.info-فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی رایگەیاند کە، بەھۆی ئازادکردنی زۆررینەی کۆبانی لە لایەن شەرڤانان وھێزی پێشمەرگە، لە ئێستادا زیاتر لە250خێزان بۆ نێو ماڵەکانیان گەڕاونەتەوە و، ئەمڕۆیش ئارامترین رۆژی کۆبانی بوو.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی عەمید (شەوکەت مزوری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ھەموو رۆژەکان رەوشی شار کۆبانی ئارامترە و تەنیا شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگیەکانی ھاوپەیمانان دوو جار مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کردووە و زیانیان پێ گەیاندوون، بەڵام قەبارەی زیانەکان نەزانراوە.
عەمید (شەوکەت مزوری) گوتیشی، داعش لەناوچەکە زۆر بێھێزبووە و بەردەوامە لەکشانەوە وتەنیا بەرگری دەکەن و توانای ھێرشکردنیان نەماوە و زۆرینەی کۆبانیش لە دەست ئێمە و شەڕڤانەوەیە، ورەی پێشمەرگە و شەڕڤانانیش زۆر بەرزە.
(مزوری) رونیشی کردەوە، لەو کاتەی ھێزەکەی ئەوان چوون بۆ کۆبانی تا ئێستا تەنیا لە رۆژی دووەمی گەیشتنیان بۆ ئەو شارە پێشمەرگەیەک بە سوکی برینداربووە ئەوەیش ھەر زوو چارەسەری بۆکراوە و لەئێستادا تەندروستی زۆر باشە، ئەگەر نا ھەموو پێشمەرگەکان سەلامەتن و لەو پەڕی ورە بەرزیدان.
زیاتر گوتی، بەھۆی ئەوەی زۆرینەی کۆبانی لەدەست ئێمەدایە رۆژ بەرۆژ خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ نێو ماڵەکانیان ھەر چەندە خزمەت گوزاریەکان کەمن، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە250خێزان بۆ نێو ماڵەکانیان گەڕاونەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




