بەغدا.. ژمارەیەک ئەندام بۆ لیژنەی کەوتنی مووسڵ زیاد دەکرێن

بەغدا-KDP.info- ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) رایگەیاند کە، بە مەبەستی دەستخستنی دیکیۆمێنتی زیاتری پێوەست بە کەوتنی مووسڵ، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری زیادکردنی ژمارەیەک ئەندامی دیکەی بۆ نێو لیژنەی کەوتنی مووسڵ دەرچواند.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری ئەنجوومەنی نوینەرانی عیراق و، ئەندام لە لیژنەی لێكۆڵینەوەی كەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق بڕیاردرا بە زیادكردنی ژمارەیەک ئەندامی دیکە بۆ لیژنەی کەوتنی مووسڵ کە، ئەندامە تازەکانیش لە ئەندامی پەرلەمان و نوێنەری پارێزگای مووسڵ دیاری دەکرێن و، لە دەرەوەی لیژنەی بەرگری و ئاساییشی پەرلەمانە وەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ ئاماژەیشی کرد، "زیادكردنی ئەو ئەندامانە بۆ ئەوەیە كە، ئەوانیش هەندێك بەڵگەو دیکیۆمێنتی زیاتر کە لەلایەنە یان دەستیانخستووە پێوەست بە کەوتنی مووسڵ، سوودیان لێوەر دەگیرێت".
لیژنەی کەوتنی مووسڵ تا ئێستا گوتەی لە سێ بەرپرسی باڵا وەرگرتووە و پێشتریش (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندبوو كە، لیژنەكەیان لێكۆڵینەوەی دەست پێکردووە و گوتەی هەریەك لە (عەبوود قەنبەر ) و ( عەلی غیدان ) و فەریق روكن ( موحسین ئەلكەعبی ) وەرگرتووە و 33 كەسی تریش ماون.
جێی ئاماژەیە، پارێزگای مووسڵ،
پارێزگای مووسڵ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و، 402 كم لە بەغداوە دوورە. لە شەوی 9 /10-ی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لە لایەن تیرۆرستانی داعش داگیرکرا و، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتیەکی زۆری ئەو شارە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
نەشوان بەرزنجی




