٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فریاد رواندزی..پشکی هەرێم لە بودجەدا 15 ترلیۆن دینارە..حکوومەت 123 ترلیۆن دینارەکەی پەسەند کرد

سەرچاوە: KDP.info

 بەغدا-KDP.info-وەزیری رۆشنبیری حکوومەتی عێراق (فریاد رواندزی) رایگەیاند کە، پەسەندکردنی بودجە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ بووە و، بودجە بە 123 ترلیۆن دینار پەسەند کرا و، پشکی هەرێمیش بە 15 ترلیۆن دینار دیاری کرا.

وەزیری رۆشنبیری حكوومەتی عێراق (فریاد رواندزی ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ی ڕاگەیاند "لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی حكوومەتی عێراق، پاش تاوتووکردنی كۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو واتە 2015، بە كۆی دەنگ  بودجەی گشتیی عێراق پەسەند کرا.
(فریاد رواندزی ) دەشڵێت، بری بوودجەی عیراق 123 ترلیۆن دینارە و هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 60 دۆلار لەنێو پڕۆژەکە خەملێندراوە.
وەزیری رۆشنبیری عێراق، گوتیشی کە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، 17% جێگیرکراوەتەوە کە بڕەکەی دەکاتە 15 ترلیۆن دینار.
(رواندزی)، ئاماژەیشی کرد کە، پڕۆژەکە پوخت دەکریتەوە و دوایش رەوانەی پەرلەمانی عێراقی دەکرێت.
هەر پێوەست بە پەسەندکردنی بودجەوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (ئەحمەد حاجی رەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووە و پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی پەسەندکرد، چاوەڕوانیش دەکرێت ھەفتەی داھاتوو رۆژی یەک شەممە بودجەکە بگاتە پەرلەمان و پەرلەمانیش پشووی خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە  و رۆژی سێشەممە پیوەست بە بودجە کۆ دەبێتەوە.

(ئەحمەدی حاجی رەشید) گوتیشی، لە بودجە پشکی ھەرێمی کوردستان 17% جێگیرکراوەتەوە و لە بودجەی بەرگری عێراقیش، پێویستە بودجەی پێشمەرگەش رەوانە بکرێت.
(رەشید) ئاماژەیشی کرد کە، لەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نرخی بەرمیلێک نەوت بە60 دۆلار خەمڵێندراوە.
نەشوان بەرزنجی- بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار