٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئۆفیسی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا: سەرکەوتنی پێشمەرگە جێگەی شانازی هەموو گەلی کوردە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵوێزخانەی هۆڵەندا (یوهان فان دەر زاندە) لە هەرێمی كوردستان لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان، (هێمن هەورامی) رایگەیاند کە، ئەو سەركەوتنە یەك لە دواییەكانەی پێشمەرگەی كوردستان نیشانەی قارەمانییەتی گەلێكە و دەبێت هەموو گەلی كورد شانازیی پێوە بكات.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان (هێمن هەورامی)، پێشوازی لە بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵوێزخانەی هۆڵەندا (یوهان فان دەر زاندە) لە هەرێمی كوردستان كرد.
دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان، (هێمن هەورامی) هیوای سەركەوتنی بۆ (یوهان فان دەر زاندە) لە كارە نوێكەیدا خواست و،  بە ناوی سەركردایەتی پارتیی دیمووكراتی كوردستانەوە سوپاسی هەڵوێست و ئەو پشتگیرییە بەردەوامانەی وڵاتی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و گەیاندنی هاوكارە مرۆییەكان بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی داعش كرد، هەروەها سەردانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندای(ئەلبێر كۆندێرسی)  بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.
بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵوێزخانەی هۆڵەندا لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی پێوەست بەو پێشوازییە گەرمەی بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و گوتی: وڵاتەكەی زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی سیاسی و سەقامیگری و هیوای بەرەو پێشبردنی خواست.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا (یوهان) ئاماژەی کرد کە، ئەو سەركەوتنە یەك لە دواییەكانەی پێشمەرگەی كوردستان نیشانەی قارەمانییەتی گەلێكە و دەبێت هەموو گەلی كورد شانازیی پێوە بكات، هۆڵەنداش بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی سەربازی و مرۆیی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبووەنەوەی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، (یۆهان) رایگەیاند کە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی وڵاتانی ئەوروویی و جیهاندا راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكەن و پسپۆری تایبەتی بواری سەربازی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
گوتیشی کە، سەردانی (ئەلیبێرت كۆندێرس) وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان  لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەیەكی روونە لە سیاسەتی وڵاتەكەی لە هەمبەر تێڕوانین و پشتیوانی بەردەوامی هۆڵەندا بۆ هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارەدا، (هێمن هەورامی) باسی لە رەوشی سوریا و عێراق و سەركەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد کە، لە گشت بەرەكانی جەنگ لەگەڵ داعش سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، هاوكات  بە روونی سیاسەتەكانی هاوپەیمانان و وڵاتانی بەرانبەر بە داعش شیکردەوە و،   پێشكەوتن و لێكتێگەیشتنی لە دواین پێشهاتەكانی كوردستان و ناوچەكە و عێراقیشی بۆ (یوهان)  خستە ڕوو .

هەواڵی پەیوەندیدار