ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، سوێندی یاسایییان خوارد

هەولێر-KDP.info- لە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم، ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، سوێندی یاسایییان خوارد.
ئەمڕۆ سێشەممە و لە ڕێورەسمێکدا، بە ئامادەبوونی کە دادوەر سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری(ئەحمەد عەبدوڵڵا زوبێر) و سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێم و سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی هەرێم، ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، کە بەم دواییە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگیان پێ درا و هەڵبژێردران، سوێندی یاسایییان خوارد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی دادوەری کە دانەیەکی بۆ پاڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، دوای بەجێهێنانی سوێندی یاسایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم، وێڕای پیرۆزباییکردن لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، هیوای سەرکەوتنی بۆیان خواست لە ئەرکە نوێیەکەیان و ڕاگەیاند کە، ئەرکێکی هەستیار و قورسیان لەپێشە و گرینگترین خاڵی ئەو ئەرکە نوێیەیش بۆ پاشەڕۆژ، کارکردن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە و پیشەییە، کە خاڵی جەوهەریی بەرپرسیارێتیی ئەو جۆرە دەزگایانەیە، بە شێوەیەک لە ئاست ئەو بڕوا و متمانەیە بێت کە پێیان بەخشراوە.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی کۆمیسیۆن دووپاتیان کردەوە هەروەک چۆن سوێندیان بەجێ گەیاندووە، بە شێوەیەکی بێلایەنانە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بن کە پێیان سپێردراوە و، لەم ڕووەوە، پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگییەکی پتەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان هەیە بە تایبەت ئەنجوومەنی دادوەری و دامودەزگا یاساییەکانی سەر بەو ئەنجوومەنە.
ئەندامانی کۆمیسیۆن هیوایشیان خواست بتوانن بە باشترین شێوە ئەو ئەرکە نوێیەی پێیان سپێرراوە جێبەجێ بکەن، بە تایبەت کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی گرینگ و هەستیاردایە.
زریان زیاد




