٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەزیری نەوتی عێراق: لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە تەواوی لەگەڵ هەریم رێک دەکەوین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- رۆژنامەی daily star راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاشكرای كردووە، وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) رایگەیاندووە كە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە شێوەیەكی كۆتایی پێوەست بە نەوت، لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا رێك دەكەون.

لە سەردەمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (نووری مالیكی)ـدا، حكوومەتی عێراق هەمیشە بیانووی بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرت و بە شێوەیەكی تاكڕۆیانە (مالیكی) بڕیاری دا كە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، بەڵام لە ئێستادا كابینەی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتیی (حەیدەر عەبادی) جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ كابینەی پێشووی (مالیكی)ـدا هەیە بە تایبەت لە نیەتی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق كە دەیەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان خۆش بكات. هاوكات دانانی (عادل عەبدولمەهدی) وەك وەزیری نەوتی عێراق كاریگەری هەبوو لە هەڵدانەو ەی لاپەڕەیەكی نوێی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق پێوەست بە نەوتەوە.

رۆژنامەی  daily star  ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە كە وەزیری نەوتی عیراق (عادل عەبدولمەهدی) رایگەیاندووە، لە چەند هەفتەیەكی داهاتوودا بە شێوەیەكی كۆتایی پێوەست بە نەوتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا رێك دەكەون.
رۆژنامەكە لەسەر زاری (عادل عەبدولمەهدی) نووسیویەتی كە، لە ئێستادا هەولێر و بەغدا پێوەست بە نەوت رێك كەوتوون، بەڵام كار دەكرێت بۆ ئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا بە شێوەی كۆتایی هەولێر و بەغدا رێك بكەون.

بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، بەغدا پابەند دەبێت بە رەوانەكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان كە پشكی لە بودجەی گشتیی عێراقدا بریتییە لە 17%، هەروەها بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بودجەیەك رەوانە دەكات و لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقیشدا جێگیری دەكات، لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات كە 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك دەبێت و 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەیش لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت كە بە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە هەناردەی دەكات.
  رۆژنامەی  daily starنووسیویەتی كە، (عادل عەبدولمەهدی) ئاماژەیشی داوە، لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا متمانە دروست بووە و دەتوانرێت بە دانیشتن و دیالۆگ پێوەست بە گشت ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی كە ماون، رێككەوتنیان بۆ بكرێت.
شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار