لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە پەنا بۆ پەرلەمان دەبەن.. لە بێبەشکردنیان لەلایەن یەكێتی و گۆڕانەوە نیگەرانن

هەڵەبجە-Kdp.info- بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت، دوای ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك پۆستەكانی هەڵەبجەیان لە نێوخۆیاندا دابەش كرد و لایەنەكانی دیكەیان بێبەش کردن، بڕیارە سێ لایەن بە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكانی دیكە سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەن و پێیان رابگەیەنن كە بەو رێككەوتنە رازی نابن و پێویستە رێككەوتنی پێشتر جێبەجێ بكرێت.
بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی سێشەممە پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بە نوێنەرایەتیی لایەنەكانی دیكە سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەین، بۆئەوەی پێیان بڵێین بەو رێككەوتنەی نێوان گۆڕان و یەكێتی رازی نابین كە كردوویانە و پۆستەكانی هەڵەبجەیان لەنێو خۆیاندا دابەش كردوون، چونكە ئەو شارە لە شارەكانی دیكە جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە كە تا ئێستا هەڵبژاردنی تێدا نەكراوە، بۆیە ناكرێت بەم شێوەیە بێت"، وەک ئەو بەرپرسی پارتی دەڵێ "ئەمە جۆرێكە لە سووكەكودەتا."
(بەشارەتی) گوتیشی، "ئێمە پێشتر لە 29/10ـدا هەموو لایەنەكان لەبارەی پۆستەكانەوە رێك كەوتووین و مكوڕین لەسەر ئەوەی پێویستە ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت و بەم رێككەوتنەی ئەوان ڕازی نابین".
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونی كردەوە، "ئەگەر ئەوان سوور بن لەسەر ئەوە، ئێمە هەڵوێستی خۆمان بۆ هەموو لایەنەكان و خەڵكی هەڵەبجە ئاشكرا دەكەین و لە هیچ شتێ بەرپرسیار نابین و خەڵك چ بڕیارێك دەدات، خۆیان بەرپرسیار دەبن و پێویستە بەرپرسیارەتییەكە لە ئەستۆ بگرن".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "هەڵوێستی خۆمان بە پەرلەمان رادەگەیەنین و دەخوازین بزانین رای ئەوان چۆن دەبێت و چ هەڵوێستێكیان دەبێت".
بڵند ئیبراهیم




