هێرشی بەربڵاوی پێشمەرگە لە شنگال دەستی پێ كرد.. شوێنە گرینگ و ستراتیژییەكان ئازاد کران

شنگال-تایبەت بە KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، موژدەی سەركەوتن نزیكە و هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی بەربڵاویان بەرپا کرد بۆ ئازادكردنی تەواوی شنگال و تیرۆریستانی داعشیش ورەیان ڕووخاوە و لە پاشەكشەدان.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال عەمید (ئاشتی كۆچەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی گوت، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستمان كرد بە هێرشێكی بەربڵاو بۆ ئازادكردنی تەواوی شنگال و پاككردنەوەی لە تیرۆریستانی داعش، هەر لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هێرشەكانمان توانیمان گەڕەكێكی سەرەكیی دیكە ئازاد بكەین كە شوێنێكی گرینگی شنگالە و بەسەر تەواوی شنگالدا زاڵە".
(ئاشتی كۆچەر) گوتیشی، "لەو گەڕەكەی ئێمە كۆنتڕۆڵمان كرد، دەستمان بەسەر دۆشكەیەكی چواردەونیو ملیمدا گرتووە كە شەوی رابردوو بەرگریی دەكرد و نەیدەهێشت پێشڕەوی بكەین، تەنیا لەو شوێنە بەرگری هەبوو كە ئەویشمان تێك شكاند".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال ئاماژەیشی دا كە، "موژدەی سەركەوتن نزیكە و تیرۆریستانی داعش ورەیان ڕووخاوە و شوێنە گرینگ و ستراتیژییەكانیشمان بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كردوون".
نەشوانبەرزنجی




