پڕۆژەکە لە پەرلەمانە.. ئەوانەی پلەكانیان نزمە، مووچەكانیان زیاد دەكرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پڕۆژەیاسای زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران لە پەرلەمانی كوردستانە و ئەو فەرمانبەرانەیش كە پلەكانیان نزمە، مووچەكانیان زیاد دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان (د. عێززەت سابیر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بە مەبەستی یەكخستنی سیستمی مووچە، پڕۆژەیاسایەكمان پێشكەش بە پەرلەمان كردووە، گرینگترین بڕیار لە پڕۆژەكەدا كە لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران بێت ئەوەیە، هەمان پڕۆژەیاسای چاككردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغدا پەسەند كراوە، ئەو فەرمانبەرانەی كە پلەكانیان نزمە، مووچەكانیان زیاد دەكرێت".
(عێززەت سابیر) گوتیشی، لە پڕۆژەیاساكەدا مووچەی فەرمانبەرانی
پلەكانی (6،7،8،9،10) زیاد دەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەوەیشی خستە ڕوو كە، پڕۆژەكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بۆ ساڵی 2015 ئامادە دەكرێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كار، ئەگەر هەر كێشەی دارایی بەردەوام بێت، رەنگە بڕگەیەك لە پڕۆژەكە زیاد بكرێت كە زیادكردنی مووچە لە ساڵی 2016 جێبەجێ بكرێت.
بەپێی ئاماری فەرمیی حكوومەت، لە دامودەستگاكانی هەرێمی كوردستاندا 740 هەزار فەرمانبەر هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، زۆربەی زۆری مووچەخۆران سوود لە پڕۆژەیاساكە دەبینن.
یەحیا سابیر




