٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسیحییەكان ئاهەنگ ناگێڕن.. بۆ رێزگرتنە لە پێشمەرگە شەهیدەكان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە پێشمەرگە شەهیدەكان ئەمساڵ مەسیحییەكانی كوردستان ئاهەنگ ناگێڕن.

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (خالید ئەلبێرت)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "بە هۆی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و هەبوونی شەهید و بریندار لە هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمساڵ مەسیحییەكان لە كوردستان ئاهەنگ ناگێڕن، بۆ ئەوەیش لەگەڵ كڵێساكان و بەرێوەبەری ناحیەكان قسەمان كردووە".

(ئەلبێرت) گوتیشی، "تەنیا رێوڕەسمە ئایینییەكان لە نێو كڵێساكان ئەنجام دەدەین، ئاهەنگ لە دەرەوە لە نێو یانەكان  ناگێڕدرێت، ئەویش وەكو رێزگرتن لە خوێنی پێشمەرگە شەهیدەكان، تەنیا خەڵات و دیاری بەسەر منداڵاندا دابەش دەكرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان دەشڵێت، "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە كۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر و شاندێكی ئایینیی مەسیحی فەڕەنسایی پاتریاكی مەسیحییەكانی كوردستان گوتی، ئەمساڵ ئاهەنگی لەدایكبوون و سەری ساڵ ناگێڕین و تەنیا رێوڕەسمی ئایینی ئەنجام دەدەین".

رۆژی 25-ی 12، جەژنی مەسیحییەكانە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە فەرمی ئەو رۆژەی لەگەڵ 1-ی 1-ی 2014 لە دامودەستگاكانیدا كردووەتە پشووی فەرمی.
یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار