زه‌عیم عه‌لی: هه‌موو دنیا چاوی له‌و گورزه‌یه پێشمه‌رگه له داعشی داوه.. چڕ‌وپڕ هێرش دەکەینە سەر داعش

هه‌ولێر-KDP.info- به‌رپرسی قۆڵی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی دیجله دەڵیت، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی (سه‌رۆك بارزانی) به خه‌ڵكی كوردستانی داوە، به ئازادكردنه‌وه‌ی شنگال بردیە سەر.. "وه‌ك پارتیی دیموكراتی كوردستان كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بگه‌ڕێنینه‌وه شوێنی خۆیان و له ئاواره‌یی ڕزگاریان ببێت."
له‌باره‌ی پلان و به‌رنامه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچه كوردستانیانه‌ی داعش داگیری کردوونە، (زه‌عیم عه‌لی) به‌رپرسی قۆڵی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی دیجله، له لێدوانێكدا به KDP.infoـی گوت: "له‌و چه‌ند ڕۆژەدا قۆناغی یه‌كه‌می پلانەکانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌مان بۆ گرتنه‌وه‌ی چیای شنگال جێبەجێ کرد؛ له (كانی شیرین) و هێڵی (نه‌فت)ـەوە توانیمان بچینە به‌ره‌وە و، لەوێوە گه‌یشتینه دووڕێیانەکەی حه‌ردان و شێخ فه‌خره‌دینەکەی ئێزدیان؛ له‌وێ قۆناغی دووه‌می کارەکەمان جێبەجێ کرد و، چووین به‌ره‌و دربكه له چیای شنگال بەرەو سنووری کورستانی سووریا؛ له‌وێ 3 كیلۆمه‌تر ده‌مێنێت بۆ ناو کوردستانی سووریا؛ پیشمەرگە 103 كیلۆمه‌تر چوونەتە پێشەوە و، گورزی گورچکبڕیان له داعش داوە؛ چه‌كی قورسی زۆریان لێ تێك شکاندوون و، لاشه‌ی زۆریان كه‌وته ده‌ست پێشمه‌رگه‌وە، تا ئه‌وه بوو 19/12 گەیشتینە ئاخر جێگەی کە بۆمان دیاری کرابوو."
ڕۆژی 20/12/ له ڕه‌بیعه‌وە کەوتینە پێشڕەوی بەرەو دربكان، هێزێكیش به‌ره‌و عوێنات چوون و، كه خۆی له 20 كیلۆمه‌ترێک ده‌دات؛ کە ئەو شوێنانەمان پاک کردنەوە، بەرەو شنگال کەوتینە ڕێ و، دوای نیوەڕۆکەی هەر ئەو ڕۆژە له چیای شنگالەوە چووینە ناو شنگال؛ ئێستا پێشمه‌رگه له شنگالدا جێگیرن؛ زۆر ڕێك‌وپێك خۆیانیان ئاماده كردووه نەکا هێرشیان بكرێته‌وه سەر؛ چونكه شه‌وان شه‌ڕی ناوشار زۆر زەحمەتە له‌به‌ر ئەو هەموو بۆمب و ته‌قینه‌وه‌یەی داعش ناویەتەوە؛ هەر بۆیه هێرشه‌كه هه‌ڵگیراوه بۆ 21/12، واته ئه‌مڕۆ؛ ئه‌گه‌ر کرا سه‌رجه‌م ورده‌كارانی هێرشه‌كه ڕاده‌گه‌یه‌نین، با خه‌ڵكی كوردستان بزانن كه پێشمه‌رگه چی كردووه له‌و ناوچانه‌دا، به تایبه‌تی لە ئازاد كردنه‌وه‌ی شنگالدا."
جەختیشی کردەوە كه، ئیتر داعش ناتوانێت پەلاماری هه‌رێمی كوردستان بداتەوە؛ چونكه پێشمه‌رگه ئه‌م جاره وه‌ك پۆڵا له خاكی كوردستاندا جێگیر كراون و، به‌ڵێن ده‌ده‌ین به گه‌لی كوردستان هه‌تا (سه‌رۆك بارزانی) و پارتی هه‌بن كه‌س ناتوانێت ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی: "به داخه‌وه داعش لە هەرکوێیەکدا بووە کاولی کردووە؛ قوتابخانه‌یان ڕووخاندووە، خانووی خه‌ڵكیان کاول کردووە، دەستیان لە هیچ نەپاراستووە، ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێ کردوویانە. وا خەریکین کارەبا ببەین بۆ ئەو شوێنانه‌ی كاره‌بایان لێ بڕاوە، بەشکەم خەڵکەکە دەست بکەنەوە بە ژیانەکەی جارانیان؛ هەوڵ دەدەین قوتابخانه‌كان بكه‌ینه‌وه و، خۆراک و پێداویستی بۆ خه‌ڵكەکەیش دابین بكرێت، چونكه بووژانەوەی ژیانە ئاساییەکەی خه‌ڵك لە هەموو شتێک بە لامانەوە گرینگترە."
ئاماژه‌یشی دا، ئه‌و خوشك و برایانه‌ی ئێستا ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوونە، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر شوێن و ماڵی خۆیان و، هه‌موو دنیا چاوی له‌و گورزه‌یه پێشمه‌رگه له داعشی داوه؛ "زۆر كه‌س له‌ناو داعش خۆیان ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، چونكه له نیازی ئه‌و چه‌كدارانه تێگه‌یشتوون، خه‌ڵكیش تێگه‌یشتووه له دواكه‌وتەیی و نیازی گڵاویان؛ ئێمه‌یش تا بستێك له خاكی كوردستان مابێت، سازشی لێ ناكه‌ین و، وه‌ك پارتی هاوكاری و پشگیریی هه‌موو خه‌ڵكێك ده‌که‌ین بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر شوێنی خۆیان."
ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه کە، سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵێن و په‌یامانه‌ی سه‌رۆك به خه‌ڵكی دابوو، ئه‌مڕۆ گه‌یشته جێ و، سه‌رۆك دیسان سه‌لماندی كه خاوه‌نی به‌ڵێنی خۆیه‌تی؛ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له په‌یامی (سه‌رۆك بارزانی) تێگه‌یشتوون، دەزانن ده‌یەوێ كوردستانێكی ئاراممان بۆ دابین بکات. گوتیشی له هه‌ر شوێنێكی كوردستاندا یه‌ك چه‌كداری داعش مابێت پێشمه‌رگه ده‌سته‌وه‌ستان نابێت و، له‌ناوی ده‌بات.
حەکیم حیکمەت




