پێشمەرگە گەیشتوونەتە ناوەڕاستی شارۆچکەی شنگال.. نزیکەی 70 داعش کوژراون

شنگال-KDP.INFO- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت ھێزی پێشمەرگە گەیشتوونەتە ناوەڕاستی شارۆچکەی شنگال و، ئەوەندەی نەماوە بە یەکجارەکی شارەکە ئازاد بکەن؛ داعش بەرگەی پێشمەرگە ناگرن و، حەفتا چەکداریشیان لێ کوژراوە و، چەک و تەقەمەنییەکی زۆریشیان لێ کەوتووەتە دەست ھێزی پێشمەرگە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەڕ وا بەردەوامە و، داعش بەرگرییەکی لاواز دەکات و، ھێزی پێشمەرگەش لە پێشڕەویدایە. فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانیش بە سەختی مۆڵگەکانی داعشیان کوتاوە لە شنگال و، زیانی زۆریان پێ گەیاندوونە."
فەرماندە (دربۆ) کە خۆیشی ئێستا لە شنگالدایە، دەیشڵێت: "داعش شنگالی کاول کردووە؛ زۆر ماڵی تەقاندووەتەوە، ئەوەیشی نەیڕووخاندبێ، تاڵانیان کردووە و، پاش تاڵانییەکە مینڕێژیشیان کردووە؛ ماڵەکەی منیش مینڕێژ کراوە. داعش دیارە ڕووخاون بۆیە وا دەکەن؛ ئازادکردنی یەکجارەکیی شنگال نزیکە."
بڵند ئیبراھیم




