٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: شنگال بۆ كورد پرسێكی یەكجار زۆر گرینگە.. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا: ئەو سەركەوتنانە زۆر مەزن بوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرێ و، دەڵێ "دەستیان، چاویان ماچ دەكەین؛ دەشزانین كارێكی زۆر سه‌ختیان كرد، بەڵام زۆر بە سەركەوتوویی." دەیشڵێت "شنگال بۆ ئێمە وەك كورد پرسێكی یەكجار زۆر گرینگە و تەنانەت بۆ جەنابی سەرۆكیش گرینگ بوو خۆی لەو مەسەلەیەدا بەشدار بێت." هاوکات وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دەربارەی پێشمەرگە گوتی "هێزەكانی ئێوە هێزی باش و ئازا و پیشەگەرن و ئەو سەركەوتنانە زۆر مەزن بوون، بە تایبەتى لە شوێنێكی وەك شنگال."

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ى دیسه‌مبه‌رى 2014، سه‌رۆكوه‌زیران هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى )، پێشوازى له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌ندا(ئەلبێرت كۆندێرس) و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆله‌ندا كه‌ جارى یه‌كه‌مه‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى كوردستان و سه‌رسامیى خۆى به‌ پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و ده‌ستخۆشى له‌ حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان كرد كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991 و دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ له‌ 2003، هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وتنى زۆر گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا پێشكه‌وتووه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا دوایین پێشڕه‌و‌ى و سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌نگال و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى باسیان لێوه‌ كرا و به‌ڕێز وه‌زیرى هۆڵه‌ندى پیرۆزبایى سه‌ركه‌و‌تنه‌كانى له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كرد و خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ نیشان دا. هه‌روه‌ها پشتگیریى مرۆیى و سه‌ربازیى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانى هۆڵه‌ندا له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر به‌شداریكردنى هێزه‌ ئاسمانییه‌كانى هۆڵه‌ندا له‌و هێرشانه‌دا كه‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ئه‌نجامیان ده‌دات. هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هۆڵه‌ندا به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا هه‌ردوولا خواستى خۆیان بۆ بره‌ودان به‌و په‌یوه‌ندییانه و به‌ تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌ردولا گرنكن، دووپات كرده‌وه‌، وه‌ك بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و كشتوكاڵ و هاوكارى له‌ كه‌رتى وزه‌دا. هه‌روه‌ها باس له‌ كار و چالاكییه‌كانى كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى به‌ره‌وپێشبردن و كاركردنى زیاتریان كرا.

دوایین ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرال و هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ى عیراقى دواى 2003 و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، پرسى كورد و پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى له‌ توركیا، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و سووریا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و كاریگه‌رییه‌كانى شه‌ڕى داعش له‌ ناوچه‌كه‌، چه‌ند بابه‌ت و ته‌ورێكى دیكه‌ى دیدارى هه‌ردوولا بوون. دواى ئه‌وه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌ و وه‌ڵامى رۆژنامه‌نووسانیان دایه‌وه‌.

سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، هۆڵەندای بە وڵاتێكی گرینگ بۆ كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا، بەتایبەتی لەو كاتە سەختانەی سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ده‌ى ڕابردوو كه‌ هەرێمی كوردستان پیایدا تێپه‌ڕی و لە ئێستایشدا وەك ئەندامێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و یارمەتیدانی پێشمەرگەی كوردستان.

سه‌رۆكوه‌زیران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی (كۆندێرس) نیشان دا و ئاماژەی دا كه،‌ ئەمە یەكەمجارە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و گوتی: "ئێمە ئەم هاتنەی بەڕێزیان بۆ هەرێمی كوردستان بە پشتگیریی گەلی كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی گشتی دەبینین. هۆڵەندا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی لە سەرەتای ساڵی 1991ـەوە بەشداری لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان كردووە و بەشێك بووە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەوكات بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و ئێستایش جارێكی دیكە بەشێكە لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەی لە دژی تیرۆریستان هەیە، بۆ پشتگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا لەسەر كۆمەڵێك تەوەر قسە و باسمان كردووە كە یەكێكیان، چۆنیەتیی مەشقپێكردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە بوو. پرسى دووەمیش: چۆنیەتیی پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆیی و هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان بوو، هەروەها چۆنیەتیی بەشداریكردنی هۆڵەندا لە پێشخستن و یارمەتدانی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە.

بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكەمان زۆر باش بووە، بە ناوی حكوومەتی كوردستان بەخێرهاتنی جەنابی دەكەین، و ئەویش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە سه‌ردانى كوردستانی كردووە، هاوكاتە لەگەڵ ئەو سەركەوتنانەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بەدەستیان هێناوە".

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وێڕای خۆشحاڵی بە سەردانی كوردستان و پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە، دووپاتی كردەوە كه،‌ وڵاتەكەی هەمیشە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە بواری وزە و كشتوكاڵدا و تیشكی خستە سەر بەرنامەی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو دیدارانەی بە نیازە ئەنجامی بدات و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم بەوەی كە یەكەمجارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەم، بە ڕەچاوكردنی پردی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا، خۆشحاڵین ببینین ئەم پەیوەندییە پێش دەكەوێت و لە دوو قۆناغی جیادا بەیەكەوە بووین، لە نەوەدەكان و ئێستایش.

ئێمە كۆبوونەوەیەكی باشمان لەگەڵ سەرۆكوەزیران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو، تیایدا باسمان لە تیرۆری داعش كرد، خۆشحاڵیش بووم بەوەی كۆمەڵگەی ئێوە ئامادەییی خۆی بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر نیشان داوە و دەستخۆشی لە گەل و حكوومەتی ئێوە دەكەین، بۆ ئەو پێشوازییە لەو پەنابەر و ئاوارانەی ناوەوە و دەرەوەی عیراق، بە تایبەتى سووریا."

ئەو هاوکات پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیران کرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنەی لە دژی داعش بە دەستیان هێنا. گوتیشی "هێزەكانی ئێوە هێزی باش و ئازا و پیشەگەرن و ئەو سەركەوتنانە زۆر مەزن بوون، بە تایبەتى لە شوێنێكی وەك شنگال كە خەڵكێكی زۆری تیادا كوژرا، خەڵكێكیش تووشی ئازار و ئەشكەنجە بوون."

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دووپاتی کردەوە "پشتگیرییەكی تەواوی گەلی عێراق دەكەین و لەو چوارچێوەیەشدا لە گەلی كوردستان. لە ڕێگەی فڕۆكەی F16 ـه‌وه‌ كە بەشدارییان لە چالاكییە سەربازییەكان كردووە بۆ شەڕی دژی تیرۆر و لەناوبردنی داعش. لە بەرنامەشماندایە كار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی هێزە سەربازییەكان بكەین لە عێراق و كار بۆ ناردنی 100 ڕاهێنەر و شارەزا لەم بواره‌دا دەكەین. ڕاستە ئێوە هێزی ئازا و شەڕكەرتان هەیە، بەڵام زۆر جار بە هۆی نەبوونی ئامێری تایبەت بۆ پشكنین، بە تایبەتی بۆ پشكنینی مین و بۆمبی چێندراو، تووشی زیان دەبن."

(کوندێرس) هەروەها گوتی "لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا باسی پرسی وزەیشمان كرد و باوەڕی تەواوم هەیە كە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ هۆڵەندا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە خۆی، خۆی بەڕێوە دەبات، بتوانین پەیوەندییەكانمان چاكتر و چالاكتریش بكەین. هاوبەشیمان بۆ شەڕی دژی داعش دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەكانمان زیاتر و درێژتر و بەردەوامتریش بن."

ئەو بەرپرسە هۆڵەنداییە جەختی کردەوە کە، "من لە یەكەمین سەردانمدا بۆ هەولێر دیدێكی باش و ئه‌رێنیم لەبارەیەوە وەرگرت و بە بەراوردكردن لەگەڵ بارودۆخی نالەباری ئەوسای ناوچەكە لەساڵی 1991 و دوای ڕووخانی ڕژێم لەساڵی 2003، پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان سەرنجیان ڕاكێشام و هیوادارم جارێكی دیكە بێمە ئێرە و پێشكەوتنی زیاتریش ببینم."

 دواتر سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانیش لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی وادەی مەشقپێكردنی پێشمەرگە له‌ لایەن هۆڵەنداوە كە بۆ ماوه‌ى ساڵێكە و ده‌كرێت نوێ بكرێته‌وه‌ یان نا؟، گوتی: "بەشداریكردنی هۆڵەندا یارمەتیدەرێكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا. كارەكە دەستپێكێكی باشە بۆ یەك ساڵ بەپێی بڕیاری پەرلەمانی هۆڵەندا و حكوومەتیش پێیەوە پابەندە و ئەگەر دوای ئەوە پێویست بوو، ده‌كرێ داوای زیاتر مانەوەیان بكەین بۆ یارمەتیدانی زیاتری پێشمەرگە."

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندایش ڕوونی كردەوە، وڵاتەكەی یەكێكە لە وڵاتە كۆمەكبەخشە گەورەكانی جیهان لە ڕووی پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆییه‌وه‌ بۆ ئاوارەكانی ناوخۆ كە لە ئاكامی تیرۆری داعش، یانیش بە هۆكاری دیكەوه‌ لە ناوچەكە، ئاوارە بوون. ئاشكراشی كرد كه‌ لە میانی ساڵی 2014 دا وڵاتەكەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری خه‌رج كردووە و لە ساڵی داهاتووشدا ئه‌م بڕه‌ هاوكارییه‌ زیاتر دەبێت. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كرد كە بۆ عیراق نزیكەی 17 ملیۆن یارمەتیی مرۆیی هەبووە، ئەمە جگە لە هاتنی دوو كاروانی دیكەی یارمەتیی مرۆیی.

هەروەها گوتی: "ئێمە بە ڕوونی بە پەرلەمانمان ڕاگەیاند، ئەو پارەیەی تەرخان كراوە، مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە هێزی سەربازیی تایبەت لە بەغدا و جگە لە چالاكییە ئاسمانییەكانیش بۆ پاڵپشتیی هێزەكانی پێشمەرگە."

هاوكات وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ستایشی پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە كاتێكی سەختدا هاتوونەتە دی و خۆشحاڵیی خۆیشی بە گەیشتنی هەولێر و بەغداى بە ڕێككەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان نیشان دا و بە ڕێگایەكی نوێی لە قەڵەم دا بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكیی ئابووری و بازرگانی و دووپاتیشی كردەوە هۆڵەندا لەم بوارەدا دەتوانێت زۆر شت پێشكەش بكات.

لە بارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەش لە دەڤەری شنگال، سەرۆكوه‌زیران دەستخۆشی لە پێشمەرگە كرد و سوپاسی كردن كە لەم پرۆسەیەدا بەشدار بوون و گوتی: "ئێمە سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین، دەستیان، چاویان ماچ دەكەین و دەشزانین كارێكی زۆر سه‌ختیان كرد، بەڵام زۆر بە سەركەوتوویی، وەك دەشزانن ئەم پرۆسەیە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە و لە هەموو شوێنەكانیش جەنابیان بە وردی چاودێری كردە و ئۆپەراسیۆنەكانی پێشمەرگه‌ى كردووە، بەڵام شه‌نگال بۆ ئێمە وەكوو كورد پرسێكی یەكجار زۆر گرنگە و تەنانەت بۆ جەنابی سەرۆكیش گرنگ بوو خۆی لەو مەسەلەیەدا بەشدار بێت.

سوپاس بۆ خوا ناوچەیەكی یەكجار زۆر لە دەستی ئەوان ڕزگار بوو، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا ناوشارى شه‌نگال بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكراوە، بەڵام پێشڤەچوون هەیە و بە هیوای ئەوەین پەنا بەخوا لە زووترین كاتدا گوێمان لە هەواڵی خۆش ببێت و ئەمەش زیاتر بۆ فەرماندە سەربازیەكانی ئەوێ بەجێ دەهێڵم تا ئەوان قسەی لەسەر بكەن. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە ماوەى ڕابردوودا ئەم سەركەوتنە یەكێك بووە لەو سەركەوتنە گەورانەی پێشمەرگە بە دەستی هێناوە و ئەمڕۆ هەم جەنابی وەزیر و جەنابی سەرۆك كۆمارى عیراق و سەرۆك وەزیران عه‌بادی، پیرۆزباییى ئه‌م سەركەوتنەیان كرد و ئەم سەركەوتنەش نەك تەنها بۆ كوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو عیراقیش یەكجار زۆر گرنگ بووە."

لە بارەی ئایندەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستانیشه‌وه‌، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: گرینگترین شت ئەوە بوو ئەو ناوچانە لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك كرانەوە، ئەمە لە بەرژەوەندیی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەموو لایەكدایە. بۆ ئێمە جارێ ئەمە گرینگ بوو، لەبارەی گەڕانەوەشیانه‌وه‌ بۆ هەرێمی كوردستان، ئه‌وا دەستووری عێراق ئەم پرسەی دیاری كردووە و نەخشەڕێگای بۆ جێبەجێكردنی داناوە و ئێمەش پابەندی ئەم ماددە دەستوورییە دەبین. پاككردنەوەی ئەم ناوچانە لە تیرۆریستانی داعش بێگومان لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا دەبێت."

هەواڵی پەیوەندیدار