٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

61 حزبی چوارپارچەی كوردستان: ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بەرز دەنرخێنین.. داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ لە هەولێر 61 حزبی كوردستانی لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا، ئامادەبوون و سەرپەرشتی و  بەشداربوونی (سەرۆك بارزانی)ـیان لە بەرەكانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ماندووبوونی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد. هاوکات ڕایدەگەیەنن، "پشتیوانیی خۆمان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان رادەگەیەنین كەوا دلێرانە رووبەڕووی دڕندەترین دوژمن بوونەتەوە كە ئەویش رێكخراوی تیرۆریستیی (داعش)ـە."

دەقی راگەیاندنی هاوبەشی كۆبوونەوەی حیزب و لایەنە كوردستانییەكان بۆ پشتیوانیی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

  جەماوەری وڵاتپارێزی كوردستان..
  كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان...
  ئێمە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانماندا، ئەمڕۆ 20 / 12 / 2014 لە شاری هەولێر كۆ بووینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە كاروچالاكیی ماوەی رابردوومان گفتوگۆ كرا، بە باوەڕی هەموو لایەكمان كار و چالاكییەكانمان لە ماوەی رابردوودا كەشێكی گونجاوی بۆ كار و خەباتی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خوڵقاندووە، ئەمەیش وا دەكات كەوا زیاتر كار بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ببینە هۆكارێك بۆ هێنانەدیی یەكڕیزی و یەكدەنگی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، كار و خەباتی ماوەی رابردوو بە ئیجابی هەڵسەنگێنران و لە ژێر تیشكی ئەمەدا پلانسازی و كارنامەیەكی نوێ بۆ كار و خەباتی داهاتوو داڕێژرا، كار و خەباتی داهاتوومان بۆ پشتیوانی و پێشخستنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەبێت.


هەر لە كۆبوونەوەكەدا ڕەوشی سیاسیی كوردستانی مەزن گفتوگۆی لەسەر كرا و، جەخت كرایەوە سەر پشتیوانیی خەبات و بەرخودانی گەلی كوردستان لە باكوورو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان و، روانینی هاوبەش بۆ هەر بەشێكی كوردستان بەم شێوەیە بوو:

باكووری كوردستان: هەموو لایەكمان پشتیوانیی تەواوی پێشڤەبردن و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەكەین و، لە پێناو سەرخستن و بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەكە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كەوا گوشار بخەنە سەر توركیا بۆ ئەوەی بە زووترین كات بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتیی كرێكارانی كوردستان PKK ئازاد بكات و، داوا دەكەین پارتیی كرێكارانی كوردستان PKK لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، لەبەر ئەوەی ئازادكرنی بەڕێز (ئۆجەلان) و دەرهێنانی PKK لە لیستی تیرۆر دەبنە فاكتەری بەهێز بۆ سەركەوتنی پێڤاژۆی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕ.

باشووری كوردستان: پاراستن و پێشڤەبردنی ئەزموونی باشووری كوردستان بە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموو لایەك دەزانین و، خۆمان بە پێشمەرگەی پاراستنی كوردستان دەزانین و، پشتیوانیی خۆمان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان رادەگەیەنین كەوا دلێرانە رووبەڕووی دڕندەترین دوژمن بوونەتەوە كە ئەویش رێكخراوی تیرۆریستیی (داعش)ـە، لێرەوە ئامادەبوون و سەرپەرشتی و  بەشداربوونی بەڕێز كاك (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و سوپاسی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ماندووبوونی بەڕێزیان دەكەین، لە هەمان كاتدا بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال و ئازادكردنی شنگال، پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان دەكەین و، هیوامان زۆرە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی خاكی كوردستان لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە، سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا بە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان دەزانین، لێرەوە سوپاسی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كەوا لە رەوشێكی وادا بەهانای كوردستانەوە هاتوون و پشتیوانییان كردووە، ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی كەوا لە باشووری كوردستان دەكرێ‌، پشتیوانییە بۆ هەموو گەلی كوردستان، لەم رووەوە سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانە دەكەین كەوا هاوكاریی گەلی كوردستانیان كردووە، گەلی كوردستان لە باشووردا هەر هەمووی قارەمانانە لە بەرخوداندان، ئەمەیش وادەكات كەوا هەموو لایەنەكان چۆن ئەركیان دیارە ئاوهایش مافیان دیار بێت، بۆ ئەمەیش داوا دەكەین كەوا بە كردەوە و باشتر پرەنسیپەكانی ئازادی سیاسی و یەكسانی كۆمەڵایەتی جێبەجێ بكرێن.
تیرۆریستانی داعش بە ئامانجی جینۆسایدكردنی نەتەوەی (كلدان سریان ئاشووری) و خوشك و برایانی ئێزدی گەورەترین تاوانی مرۆییان دژ بەم خوشك و برایانەمان ئەنجام داوە، ئێمە جارێكی دیكە ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە ئیدانە دەكەین و داوا لە گرمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە ئەم تاوانانە وەكو جینۆساید بناسن.

رۆژهەڵاتی كوردستان: لە رۆژهەڵاتی وڵاتدا رۆژانە مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان پێشێل دەكرێت، لەم ڕووەوە ئێمە سیاسەتەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە نكۆڵیكردن لە پرسی نەتەوەیی كوردە بە سیاسەتێكی ناڕەوا و شكستخواردوو دەزانین و، پشتیوانیی خۆمان بۆ بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەردەبڕین، هەروەها ئێمە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی خەڵكی كوردستان بۆ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدانی لاوانی كورد و زیندانیكردنی چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئیدانە و مەحكوم دەكەین و پشتیوانیی خۆمان بۆ  داخوازییەكانی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو لە بەندیخانەی ورمێ‌ رادەگەیەنین.

رۆژئاوای كوردستان: ئێمە وەكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، جارێكی دیكە پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ شۆڕش و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین و بەرز دەیاننرخێنین، بۆ پاراستن و پێشڤەبردنی دەسكەوتەكانی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان، داوا دەكەین كەوا بە زووترین كات (رێككەوتننامەی دهۆك)ـی نێوان تەڤگەری جڤاكی دیموكرات (TEV-DEM) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ENKS بە كردەوە جێبەجێ بكرێت، بێگومان جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە فاكتەری بەهێزی یەكڕیزی و یەكدەنگی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان.

  كۆنگرەی نەتەوەیی كورد: كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردایە، مەترسیی گەورە لەسەر گەلی كوردستان هەیە، لە ڕەوشێكی وادا پێویستە هەموو لایەكمان كار بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی بكەین، ئێمەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم پێناوەدا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زۆر بە جیددی كارمان كردووە و، گەییشتووینەتە ئەنجامی باش، هەست بە كەشێكی گونجاوی لەیەكترگەیشتن و بەیەكەوە كاركردن دەكەین، لە پێناو پاراستنی ئەم كەشە سیاسییە و هێنانەدیی یەكریزی و یەكدەنگیی تەواوی لایەنە سیاسییەكان و گەلی كوردستان لە كار و خەباتی خۆماندا بەردەوام دەبین و، داوا لە هەموو لایەك دەكەین هاوكار و پشتیوانمان بن بۆ ئەوەی یەكێتی و یەكدەنگی لە نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان وەدی بهێنین، لەم پێناوەیشدا جارێكی دیكە داوا لە بەڕێز كاك (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بانگ لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكات بە زووترین كات كۆ ببنەوە و دەست بە كارەكانیان بكەنەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و ببێتە چەترێكی هاوبەش بۆ هەموو لایەكمان و، لە هەمان كاتدا ببێتە سەنتەری بڕیاری سیاسیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە كوردستاندا.
_ سەركەوێ‌ خەبات و بەرخودانی گەلی كوردستان.
_ نەمری و سەربەرزی بۆ تەواوی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستانی مەزن.
_ مردن و رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمن و ناحەزانی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
                                                                               
لایەنە سیاسییەكان:
1- پارتیی دیموكراتی كوردستان
2- كۆما جڤاكێن كوردستان KCK
3- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
4- بزووتنەوەی گۆڕان
5-  یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
6- یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
7- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
8- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
9- حزبی دیموكراتی كوردستان
10- بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان
11- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
12- كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتیك KCD
13 - بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی توركمان
14- تەڤگەری جڤاكی دیموكرات ( TEV-DEM )
15- حزبی شروقی توركمانی
16- حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن
17 - حزبی رزگاریی كوردستان RPK
18 - پارتیی یەكێتیی دیموكراتی PYD
19 - پارتیی پارێزگارانی دیموكراتی كوردستان
20 - پارتیی ئاشتی و دیموكراتی BDP
21- كۆمەڵە (رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران)
22- پارتیی گەلی توركمانی عێراق
23- پارتیی دیموكراتی توركمانی كوردستان
24- پارتیی رزگاریی نەتەوەیی توركمان
25 - كۆمەڵەی لیبراڵی توركمان
26- پارتیی نەتەوەیی كوردستان
27- حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان
28- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان
29- بزووتنەوەی گۆڕانی دیموكراتی كوردستان _ سووریا
30 - پارتیی پارێزگارانی كوردستان
31 - كۆنگرەی نیشتمانیی كوردستان KNC
32  - پارتیی سەربەستیی كوردستان
33 - كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان
34- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK
35 - حزبی شیوعی كوردستان
36- حزبی ئایندەی كوردستان
37- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
38- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
39- بزووتنەوەی رزگاری دیموكراتی كوردستان
40- پارتیی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
41- كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە كوردستان
42- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران                                       
43- بزووتنەوەی توركمانی بێلایەن
44- پارتیی سەربەخۆیی كوردستان
45- پارتیی دیموكراتی گەلان  HADEP
46- پارتیی گەشەپێدانی توركمانی
47- تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان
48- پارتیی چاكسازی و پێشكەوتووی توركمان
49- برایەتیی ئۆچاغی توركمان
50-  پارتیی ژیانی ئازادیی كوردستان PJAK
51- پارتیی دیموكراتی كوردستان _ باكوور
52- پارتیی گەلی توركمان
53- پارتیی ئازادیی كوردستان
54- یەكێتیی بێت نەهرێنی نیشتمانی
55- كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
56- پارتیی یەكگرتووی توركمان
57- پارتیی سۆسیالیستی كوردستان  PSK
58- پارتیی ئازادیی كوردستان PAK  
59- كۆمەڵەی یەكسانیی كوردستان
60- پارتیی چەپی كوردستان
61-  حزبی توركمان ئیلی 
                                             
                               20 / 12 / 2014         هەولێر _ كوردستان
 

هەواڵی پەیوەندیدار