فازڵ میرانی: دوو گەڕەكی شنگال پێشمەرگەی تێدا نیشتەجێن.. بەم زووانە تەواوی شنگال ئازاد دەكەین

شنگال-KDP.info- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا پێشمەرگە لە دوو گەڕەكی شنگال نیشتەجێن و لە نزیكترین دەرفەتیشدا تەواوی شنگال ئازاد دەكرێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی)، رایگەیاند، پێشمەرگە دوو گەڕەكی لە رۆژهەڵاتی شنگال و سەنتەری شنگالیان گرتەوە بەبێ ئەوەی هیچ شەهیدێك بدەن.
بە گوتەی (میرانی)، بە هۆی شەو و ناشارەزایی پێشمەرگەكان لە ناوچەكە و رێنماییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، "ئەمشەو پێشمەرگە لە لای چەپ و راستی قەزاكە دەمێننەوە و پێشڕەوی ناكەن".
ئەو فەرماندە خۆبەخشەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشیش دا، "ئێستا ناوە ناوە تەقە هەیە، بەڵام نە ئێمە هێرشمان بردووە و نە ئەوان".
(فازڵ میرانی) لە لێدوانێكدا بۆ رووداو ئاشكرایشی كرد، تیرۆریستانی داعش بۆ سووریا هەڵاتوون و "بە هۆی بۆردوومانی پێشمەرگە لە تەلەعفەر، داعش هەڵاتوون و رەنگە كەمتر لە 100 نەفەرێكیان لەوێ مابن". بەڵێنیشی دا كە، "تیرۆر لە وڵاتی خۆمان دەردەكەین"، پێیشی وابوو، داعش لە عێراق دەردەچێ و دەچێتەوە سووریا.
(میرانی) بڕوای وایە، هەموو پاكێجەكانی عێراق لە مووسڵ، سەڵاحەددین، ئەنبار و ناوچەكانی دیكە پێكەوە بەستراون، بەڵام "پاكێجی ئێمە لە هەرێمی كوردستان تایبەتە و شنگال لە ئەولەوییەتی ئێمە بووە". باسی لەوەیش كرد كە، هیچ هێزێكی سوپای عێراقی و میلیشیا شیعەكان بەشداریی گرتنەوەی شنگالیان نەكردووە.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، كە وەك پێشمەرگەیەكی خۆبەخش بەشداریی شەڕەكانی كردووە، هەروەها رایگەیاند، هەنگاوەكانیان بە بیركردنەوە و پلان و سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)ـیە و "پانتاییەكی یەكجار گەورەمان ئازاد كردووە و تاجەگوڵینەی سەركەوتنیش دەخەینە سەر سەری شنگال".
(میرانی) لەبارەی بەشداریكردنی هێزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان گوتی، "هیچ رێگرییەكمان لە كەس نەكردووە بەشداری بكەن، یەك دوو مەفرەزەی پەیەدەیش بەدوای پێشمەرگەوە هاتوون، بەڵام رۆڵێكی وایان نەبینیوە".
پێوەست بە پێوەندیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و شنگالییەكان، (میرانی) مێژووەكەی بۆ ساڵانی 1950-كان گەڕاندەوە كە، ئەو كات شنگالییەكان لەریزی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەرخوداندا بوون.




