٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردانی ئێزدی ئاهەنگی ئازادكردنی ناوچەكانیان دەگێڕن.. سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-تایبەت بە KDP.info-  هێزەكانی پێشمەرگە پێش دوو ڕۆژ هەڵمەتێكی گەورە و بەرفراوانیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كرد كە بە گەورەترین هەڵمەت دادەنرێت بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) بەڕێوە بچێت.

پێشمەرگە سەركەوتن لە دوای سەركەوتن تۆمار دەكەن و هاووڵاتیانی كوردانی ئێزدییش دڵخۆشن و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن و سوپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكەن كە جەژنێكی بۆیان كردە دوو جەژن.

نووسەر و رۆژنامەنووس و كەسایەتیی رۆشنبیری ئێزدی (خدر خەلات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری شنگال جێگای شانازی و ڕێزگرتنن بۆ هەموو گەلی كوردستان بە گشتی و ئێزدی بە تایبەتی، هێزەكانی پێشمەرگەیش سەلماندیان كە هێزی دڵخۆشكەرن و لە قووڵایی گەلی كوردەوە هەڵقووڵاون.

ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسە ئێزدییە گوتیشی، "دڵخۆشین و فرمێسكی خۆشی دەبارێنین كە دەبینین هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هەزاران كەسی ئێزدیی خەڵكی شنگال لە پێشڕەویدان و شنگال لە تیرۆریستانی داعش پاك دەكەنەوە و ئاڵای كوردستانیش لە هەموو ناوچەكەدا دەشەكێتەوە".

(خدر خەڵات) زیاتر گوتی، "داوا لە لایەنی یاسایی دەكەین كە لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو كەسانە بكەن و دادگەیی بكرێن كە دەستیان لە بردنی كچ و ئافرەتەكانمان هەبووە".

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆچەتۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئێمەی كوردانی ئێزدی زۆر خۆشحاڵین و سوپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكەین كاتێك گوتی ئێوە جەژنی خۆتان لە شنگال پیرۆز دەكەن، كە گەورەترین جەژنە لەلای ئێمەی كوردانی ئێزدی و زۆر پیرۆزە و ئەو جەژنەی بۆ ئێمە كرد بە دوو جەژن".

دەربارەی ئاوارەكانی چیای شنگالیش، (سەیدۆ) ئاماژەی دا، ئەو ئاوارانەی كە لە چیای شنگالن بە سوپاسەوە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوكاریی بەپەلەیان گەیەنرایە و ئێستایش بڕیار لە دەستی خۆیانە ئینجا چ بیانەوێت بێنە خوار یاخود لەوێ بمێنن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ماجد شنگالی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمەی خەلكی شنگال زۆر دڵخۆشین كاتێك تەواوی ناحیەی سنونێ و شنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە هاتنە ئازادكردن و زۆر زۆر سوپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكەین كە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئازادكردنی ئەو ناوچەیە دەكات و هەروەها زۆر سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین كە قارەمانیەتییەكی گەورەیان تۆمار كرد".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار