٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جێگری پارێزگاری نەینەوا: بەڵێن دەدەین خزمەتگوزاری بگەڕێنینەوە.. هەموومان قەرزداری سەرۆك بارزانین

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بە زووترین كات خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ئەو دەڤەرانەی كەوتوونەتە دەستی پێشمەرگە، دەگەڕێنینەوە و دەست بە نۆژەنكردنەوە دەكەین، تا خەڵك بە زووترین كات بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.

جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا(عەبدلقادر شنگالی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "وەكو ئیدارەی پارێزگای مووسڵ پیرۆزبایی لە جەنابی (سەرۆك بارزانی) و تەواوی خەڵكی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بە تایبەتیش خەڵكی شنگال دەكەین بۆ رزگاركردنی چیای شنگال كە چاوەڕوانیشین شنگال بە تەواوەتی بكەوێتە دەستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و دڵنیاین هەموو خاكی كوردستانیش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئازاد دەکرێ".
(شنگالی) گوتیشی، "بەڵێن بە خەڵكی خۆمان دەدەین كە بە زووترین كات خزمەتگووزاری بگەڕێنینەوە بۆ دانیشتووانی ئەو دەڤەرانەی كە كەوتوونەتە دەستی پێشمەرگە و لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك كراونەتەوە، تا بیانخەینە بەرچاوی هەموو دونیا كە چۆن تیرۆریستان ئیشیان وێرانكردنی ژیان و خراپكردنی شوێنەكانی بندەستیان  بووە و ئێمەیش بە زووترین وەخت دەست بە نۆژەنكردنەوەی ئەو دەڤەرە دەكەین، تا خەڵكی خۆمان بە زووترین كات بگەرێنەوە دەڤەری خۆیان".
پێوەست بە ئامادەكاری و گەیاندنی خزمەتگوزاریی خێرا بۆ ئەو شوێنانەی دەكەونەوە دەستی هێزی پێشمەرگە (شنگالی) گوتی، "تیرۆریستانی داعش لە هەموو ئەو دەڤەرانەی كە لێی بوون خزمەتگوزارییان نەهێشتووە و ماڵی هاووڵاتیانیشیان تاڵان كردووە، ئێمە ئەوە باش دەزانین و خۆیشمان ئامادە كردووە تا جارێكی دیكە و بۆ هەموو ئەو دەڤەرانەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆنترۆڵیان كردن، هەموو خزمەتگوزارییەكان بۆ بگەڕێنینەوە".  
پێوەست بە ماڵی ئەو هاووڵاتیانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تاڵان كراون، (عەبدلقادر شنگالی) زیاتر گوتی، "ئێمە بە بەغدامان گوتووە كە ئەوەی لەو دەڤەرانە رووی داوە خەڵكێكی زۆر تێیدا زەرەرمەند بوون، داوایش لە حكوومەتی عێراق دەكەین كە ئەو خەڵكەی لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش زەرەرمەند بوون، قەرەبوو بكرێنەوە".
جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، "پێویستە هەموو خەڵكی پارێزگای مووسڵ بزانێت كە هەموومان قەرزداری (سەرۆك بارزانی)ـن و پێشمەرگەی كوردستانین، بە تایبەت ئەوانەی خۆیان كردە قوربانی بۆ رزگاركردنی ئەو دەڤەرانە و باوەڕیشمان بە  پێشمەرگەی كوردستان بەهێزە كە بە زووترن وەخت هەموو خاكی كوردستان و پارێزگای مووسڵیش لە دەستی تیرۆریستانی داعش دەردەهێنن".

هەواڵی پەیوەندیدار